حه‌سه‌ن ساری: تاڵه‌بانی قه‌ڵغانی دڵنیایی عیراقییه‌كانه‌

ئه‌مینداری گشتی بزووتنه‌وه‌ی جیهاد و بونیادنان له‌ عیراق پێشبینی كرد جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ به‌غدا، قه‌یرانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق چاره‌سه‌ر بكات و به‌ قه‌ڵغانی دڵنیایی بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان وه‌سفكرد.
ئاژانسی هه‌واڵی ئور له‌ زاری حه‌سه‌ن ساری بڵاویكرده‌وه‌: “مه‌رجه‌عیه‌ته‌ ئایینییه‌كانی عیراق ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی قه‌ڵغانی دڵنیاییه‌ و ئه‌وه‌ی هیوای بۆ ده‌خوازین ئه‌وه‌یه‌ تاڵه‌بانی پارێزه‌ری ده‌ستوور و پرۆسه‌ی سیاسی بێت‌و وه‌ك باوك وابێت بۆ عیراقییه‌كان.”
وتیشی: هاتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ به‌غدا ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی ئیجابییه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌توانرێت سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت و هه‌ریه‌كه‌ و مافی خۆی وه‌ربگرێت، به‌بێ لایه‌نگری بۆ هیچ لایه‌ك.
حه‌سه‌ن ساری وتی: “سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان رێز و ستایشیان بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار هه‌یه‌ ره‌نگه‌ كێشه‌كان به‌هۆی كاریگه‌ریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و پله‌وپایه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.”