ئیداره‌ی كه‌ركوك لەسەر مو‌ستەحەقاتەكانی هەڵوێستی خۆی رادەگەیەنێت

دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت كۆبونەوەیەكی گرنگیان ئەنجامدا لەگەڵ بەڕێوبەرانی چەند فەرمانگەیەك كە خاوەنی داهاتی دارایین بەهەموو كەرتەكانیانەوە وەك كۆمپانیای نەوتی باكور و  گازو پاڵاوگەی كەركوك.

ئەم كۆبونەوەیە پاش ئەوە ئەنجامدرا كە مو‌ستەحەقاتی دارایی شاری كەركوك لەلایەن حكومەتی ناوەندەوە خەرجنەكراوەو بەهۆیەوە چەندین ئاستەنگ هاتوەتە پێش پرۆژەكان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.

لەكۆبونەوەكەدا باسی چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی كەركوك كراو پارێزگاری كەركوك وتی: حاڵی حازر شاری كەركوك سەدان ملیۆن دینار قەرزاری بەڵیندەرەكانەو نزیكەی 100 ملیۆن دینار قەرزاری ئەو وەبەرهێنەیە كە كارەبا بۆ كەركوك دابین دەكات.

پارێزگاری كەركوك وتیشی: ئەو بڕیارەی دەردەكرێت لەڕێگای ئەنجومەنی شاری كەركوكەوەیەو بڕیاڕێكە بەپێی دەستوری عیراقە.

دكتۆر نەجمەدین كەریم راشیگەیاند: ئەم بابەتەو بابەتی موستەحەقاتی كەركومان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عیراق و وەزیری درایی باسكردوەو ئەوان بەدەنگمانەوە نەهاتوون، و ئەو پێشنییارانەی دەنگی لەسەر دەدرێت دەبرێنە سێ سەرۆكایەتییەكەو بۆ لای مەرجەعە ئاینییەكان و و سەركردەكان و پێیانڕادەگەیەنین كە بەهۆی ناهەمواری دۆخەكەوە ئێمە ئەم بڕیارانەمانداوەو پێویستە ئێوە مو‌ستەحەقاتی شارەكە سەرفبكەن و بەپێچەوانەوە ناچار دەبین پەنا بۆ ئەم بڕیارە یاسایییانە بەرین .

پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەوەشدا: ناڕەوایە لە 2013ەوە موستەحەقاتی شارەكە سەرفنەكرێت و ئەو دەستكەوتانەی لەبوارەكانی ئاوەدانكردنەوەو ئاو و كارەباو تەندروستی و رێگاوبان هاتەدی بەهاوكاری هەموان بوە، بەداخەوە وەزارەت هەیە مامەڵە لەگەڵ كەركوك دەكات وەك ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بێت و دەڵێن رەوشی كەركوك ئارام نیە !

رونیشیكردەوە: ئەم كارەمان بەپێی یاساو دەستورە لە پێناو بەدەستهێنانی موستەحەقاتی داراییمان و ئەو پشتگوێخستنەی شاری كەركوك چیتر تەحەمول ناكرێت.

لای خۆیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەوەكالەت وتی: ئێمە لە دوایین كۆبونەوەی دەستەی هەماهەنگی پارێزگاكانی عیراق داوایەكی رەسمیمان پێشكەشكرد سەبارەت مو‌ستەحەقاتی دارایی شارەكەو ئەمە تەنها داواكاری ئێمە نەبوو، بەڵكو پارێزگاكانی تر هەمان بۆچونیان هەبوو .

لە كۆبونەوەكەدا چەندین بیرۆكە و پێشنیار خرانەڕو و تاووتوێكران لەگەڵ نوێنەرانی كۆمپانیای نەوتی باكور و گازی باكورو فەرمانگەی كارەبادا.

1330142152015_kirkukkk.jpg