حاكم قادر: گه‌نجان ده‌توانن دیدی نوێ بهێننه‌ كایه‌وه‌

 

له‌ 16ـه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستاندا

 

له‌ شانزه‌یه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستاندا، حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك سه‌ردانی باره‌گای رێكخراوه‌كه‌ی كردو وێڕای گه‌یاندنی پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی و پێشكه‌شكردنی چه‌پكه‌گوڵی پیرۆزبایی، هیوای به‌رده‌وامی و گه‌شه‌كردن و كارو چالاكی باشتری بۆ خواستن.

له‌و سه‌ردانه‌دا حاكم قادر له‌لایه‌ن سكرتێرو ئه‌ندامانی سكرتاریه‌تی رێكخراوی ئازادیی لاوانه‌وه‌ پێشوازی لێكراو له‌ وته‌كیشدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی رێكخراوه‌كه‌وه‌ رایگه‌یاند: ی.ن.ك له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌توانای گه‌نج دامه‌زراو شۆڕشی كوردستانیش هه‌ر به‌و توانا جیاوازه‌ی گه‌نج له‌شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌ی ده‌رچوو. ئه‌و داهێنانه‌ گه‌ورانه‌ی له‌ خه‌بات ‌و قوربانیداندا كران، لاوان ‌و خوێنی تازه‌ رۆڵیان تێدا هه‌بووه‌، هه‌ربۆیه‌ ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت و بۆ داهاتووش هه‌مان جۆره‌، گه‌نجان ده‌توانن قۆناغی داهاتوو بگۆڕن ‌و دیدی نوێ بهێننه‌ كایه‌وه‌ به‌ره‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌مانه‌.

ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌، ئێوه‌ ده‌توانن رۆڵتان هه‌بێت له‌ نه‌خشه‌ی داهاتووی ئه‌م گه‌له‌دا، هه‌ربۆیه‌ به‌رپرسیارێتیان جێی پێزانینه‌و له‌م یاده‌دا وێڕای ده‌ستخۆشیمان بۆ كارو چالاكی و هه‌نگاوه‌كانتان له‌ماوه‌ی رابردوودا، سوربوونی ی.ن.ك له‌ پشتیوانیكردن بۆ خواست و داواكارییه‌ ره‌واكانتان و هه‌وڵدانتان بۆ به‌دیهێنان و داكۆكی له‌ مافه‌كانتان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی سه‌رشانمانه‌.

وتیشی: هیوادارین هه‌میشه‌ قورسایی ‌و سه‌نگتان له‌ كایه‌كانی سیاسه‌ت ‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا به‌ ئاڕاسته‌ی ئامانجه‌ ره‌واو خواسته‌ مه‌ده‌نییه‌كان، داهێنان ‌و رۆڵی زیاتر بنه‌خشێنێت و ده‌ستكه‌وت و به‌رهه‌می زیاتر بۆ لاوان به‌دیبهێنێت و خه‌باتی له‌نێو گه‌نجان و لاواندا په‌ره‌پێبدات بۆ كاری رێكخراوه‌یی و مه‌ده‌نیانه‌ی و چڕتری بكاته‌وه‌و هه‌وڵه‌كانی به‌گیانی نوێبوونه‌وه‌و شێوازی نوێوه‌ بخاته‌گه‌ڕو ئه‌م یاده‌ ببێته‌ مایه‌ی جۆشدانه‌وه‌و نوێبوونه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ رێكخراوه‌كه‌تان نوێنه‌رایه‌تی توێژێكی چالاك و هه‌ڵسوڕاوی كۆمه‌ڵ ده‌كات كه‌ له‌هه‌موو قۆناغ و هه‌نگاوێكدا پشتیان پێده‌سپێردرێت.