ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ شیوعی و زه‌حمه‌تكیشان

هه‌ڵه‌بجه‌.. وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ شیوعی و زه‌حمه‌تكیشان كۆبونه‌وه‌

 

ئه‌مڕۆ 15-9-2015 له‌درێژه‌ی كۆبونه‌وه‌كانی وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ تاووتوێكردنی پۆسته‌كانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا له‌مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌حزبی شیوعی و زه‌حمه‌تكێشان كۆبونه‌وه‌و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستانیش بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرد.

پاش دوو كاتژمێر له‌دانیشتن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو هێزه‌دا، ئه‌ندامانی وه‌فدی دانوستانكاری هه‌رچوار لایه‌نه‌كه‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌یان بۆ رۆژنامه‌نووسان خسته‌ڕوو.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی 9ی شاره‌زوور رایگه‌یاند: له‌گه‌ڵ برایانی شیوعی و زه‌حمه‌تكیشان كۆبوینه‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستی چه‌ندین تیبینی وردی ئه‌وان بووین له‌سه‌ر پرۆسه‌ی پێكهێنانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ته‌واوی تێبینییه‌كانیش به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین و هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ر پاكێجه‌كه‌مان.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارینه‌كردنی حزبی سۆسیالستیش رایگه‌یاند: ئێمه‌ بانگهێشتمان كردبوون، خۆیان ئاماده‌نه‌بوون، ئه‌مڕۆش كۆتاییمان به‌دانیشتنه‌كان هێناوه‌، له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوودا گه‌ر به‌شداربوون با به‌شداربن.

لای خۆشیه‌وه‌ نزار مه‌حمود لێپرسراوی مه‌كۆی هه‌ڵه‌بجه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: پێوه‌ری ده‌نگ باشترین پێوه‌ر بووه‌و له‌به‌ر زوو پێكهێنانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پاكێجێك پێشكه‌شمان به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هاوهه‌ڵوێست بوون له‌سه‌ری.

سه‌باره‌ت به‌ به‌شدارینه‌كردنی سۆسیالستیش رایگه‌یاند: ئێمه‌ ئاماده‌ی دانیشتنی تر نین له‌گه‌ڵ سۆسیالیست و كۆبونه‌وه‌ی داهاتووش ئه‌و لایه‌نانه‌ بانگده‌كه‌ین كه‌ پێوه‌ری ده‌نگیان پێباشه‌و ریككه‌وتن ئیمزا ده‌كه‌ین نه‌ك گفتوگۆ، چونكه‌ گفتوگۆكانمان ته‌واوكردووه‌.

له‌وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری PUKmedia سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوو پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهیشت ده‌كه‌ن؟ نزار مه‌حمود رایگه‌یاند: ئێمه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بانگده‌كه‌ین كه‌ پێوه‌ری ده‌نگیان پێباشه‌و پارتی ئه‌مه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ پێناچێت بانگهێشتیان بكه‌ین.

هاوكات، هاوڕێ نیعمه‌ت ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانی شیوعی رایگه‌یاند: وه‌ك حزبی شیوعی به‌شداریمان كردووه‌، سه‌رنجی خۆمان گه‌یاندووه‌و پێمانوایه‌ نابێت له‌مه‌ زیاتر ئیداره‌ی خوجێیی هه‌ڵه‌بجه‌ دوابكه‌وێت و هه‌ڵوێستی باشمان له‌هه‌ریه‌ك له‌یه‌كێتی و گۆڕان بینی و ئاماده‌ی كۆبونه‌وه‌ی داهاتووش ده‌بین.

هه‌روه‌ها كامه‌ران محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌ی دانوستانی زه‌حمه‌تكیشان رایگه‌یاند: وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكیشان به‌شداریمان له‌كۆبونه‌وه‌ی داهاتوو به‌ به‌شداری هیچ لایه‌نێكه‌وه‌ نابه‌ستینه‌وه‌و پێمانوایه‌ ده‌بێت په‌له‌بكرێت له‌پێكهێنانی ئیداره‌ی هه‌ڵه‌بجه‌.

جێی باسه‌، یه‌كێتی و گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا كۆبونه‌وه‌و پاكێجی هاوبه‌شی خۆیان پێگه‌یاندوون، راشیانگه‌یاند كه‌ گفتوگۆكانیان ته‌واوكردووه‌و قۆناغی داهاتوویان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ژماره‌ی كورسییه‌كان ئیمزا ده‌كه‌ن له‌گه‌ل لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

PUKmedia فه‌رحان حه‌مه‌خان – هه‌ڵه‌بجه‌