ملا به‌ختیار: مرۆڤ به‌ر له‌ئایین و عه‌قیده‌، نان و خۆراك و جلوبه‌رگی پێویسته‌

نزیكه‌ی (25) هه‌زار هاووڵاتی له‌عیراقدا به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچیان كردووه‌

 

مرۆڤ؛ به‌ر له‌ئایین و عه‌قیده‌، نان و خۆراك و جلوبه‌رگ و شوێنی حه‌وانه‌ی پێویسته‌.

هه‌ڤاڵانی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پێشوازی له‌خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن و ئاماده‌یی یه‌كێتیی بۆ هه‌ر جۆره‌ هاوكارییه‌كیش له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان راده‌گه‌یه‌نن.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (17/9/2015) له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی، مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراو و عومه‌ر فه‌تاح، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، پێشوازیان له‌وه‌فدێكی خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی كرد، كه‌ پێكهاتبون له‌ لوگا بیگه‌ر، به‌رپرسی خاچی سوری نێوده‌وڵه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان، پاتریك یوسف، به‌پرسی خاچی سور له‌عیراق و نورا ئه‌شقی، به‌رپرسی خاچی سور له‌سلێمانی. 
له‌گفتوگۆیه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌شدا، كه‌ هه‌ڤاڵ ته‌حسین نامیق، جێگری لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌یبوو، بیروڕای پێویست سه‌باره‌ت به‌ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كان، پرۆسه‌ی چۆنێتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناوچه‌كانیان و دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی و ئاسایش و ئارامی، كارو چالاكییه‌كانی  رێكخراوه‌كه‌ كرا.
له‌دیداره‌كه‌دا، پاتریك یوسف، به‌رپرسی خاچی سور له‌عیراق، ئاماژه‌ی به‌بارودۆخی ئێستای ناوچه‌كه‌و عیراق كردو رایگه‌یاند: عیراق به‌بارودۆخێكی قورسدا تێده‌په‌ڕێت و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، زانیاری پێویستی سه‌باره‌ت به‌چالاكیی و هاوكارییه‌كانیان بۆ ئاواره‌كان له‌سنوری ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق و كوردستان و پرۆژه‌و چالاكییه‌ مرۆییه‌كانیان خسته‌ڕوو. تیایدا، وێڕای رونكردنه‌وه‌ی مێژووی كاره‌كانیان له‌عیراقدا به‌تایبه‌تی، ته‌ئكیدیشیان كرده‌وه‌: مه‌به‌ستیانه‌ له‌ڕووی پێداویستی ته‌ندروستییه‌وه‌ هاوكاری زیاتری عیراق و كوردستان بكه‌ن. هه‌روه‌ك چۆن هاوكاری ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ به‌هۆی ئه‌ڵغامه‌وه‌ كه‌مئه‌ندام ده‌بن و به‌شێك له‌جه‌سته‌یان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، به‌هه‌مانشێوه‌ له‌پێناو دیاریكردنی ناسنامه‌ی ئه‌و روفاتانه‌ی له‌گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا ده‌دۆزرێنه‌وه‌، پشكنینی (دی ئێن ئه‌ی)یان بۆ ده‌كه‌ن.
به‌رپرسی خاچی سور له‌عیراق، ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه‌ له‌به‌رنامه‌ی كاره‌كانیاندایه‌، له‌بارو گوزه‌رانی زیندانییه‌كان بپرسنه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستیان به‌هاوكاری زیاتره‌.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، هه‌ڤاڵ مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، كاره‌كانی رێكخراوه‌كه‌ی له‌عیراق و كوردستان به‌ په‌سه‌ند زانی و  له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكاریی و خزمه‌تانه‌ی پێشكه‌ش به‌ئاواره‌كانیان كردووه‌، ده‌ستخۆشی ئاراسته‌ كردن و ئاماژه‌ی به‌و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانیانه‌ش كرد، كه‌ به‌هۆی جه‌نگی عیراق و ئێرانه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی عیراقدا هاتووه‌و وتی: به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌وه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ رووبه‌ڕووی گه‌لانی عیراق بووه‌و تا ئێستاش زیاتر له‌(45) هه‌زار هاووڵاتی عیراق هێشتا بێ سه‌رو شوێنن و چاره‌نوسیان دیار نییه‌.
هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، له‌گه‌ڵ مێژووی ئاواره‌بوون و كۆچ و كۆچڕه‌وی له‌جیهانداو له‌پێش میلادیدا، ئاماژژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین هێشتا له‌م سه‌رده‌مه‌دا، كه‌ سه‌رده‌می جیهانگیرییه‌، مرۆڤایه‌تی رووبه‌روی كۆچڕه‌وی بونه‌ته‌وه‌ و وێڕای چه‌ندین جاره‌ی ئاواره‌بوون و نه‌هامه‌تییه‌كانی گه‌له‌كه‌شمان به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ریدا هێنراون له‌رابردوودا، وتی: جارێكی تر به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا عیراقی پێیدا تێده‌په‌ڕێت و مه‌ترسییه‌كانی داعشه‌وه‌، نزیكه‌ی (25) هه‌زار هاووڵاتی له‌عیراقدا به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچیان كردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌و ژماره‌ زۆره‌ی ئاواره‌كانیش، كه‌ له‌ناوچه‌كانی كوردستان نیشته‌جێبوون، رونیكرده‌وه‌: سه‌ره‌ڕای ئه‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ی كوردستانی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم یارمه‌تیی و هاوكاریی پێشكه‌شكردون، ئه‌گه‌رچی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی ئاواره‌كان، له‌توانای وڵاتێكی گه‌وره‌ی ئه‌وروپیش زیاتره‌، نه‌ك له‌هه‌رێمێكی وه‌ك كوردستان و وتیشی: ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كانی خاچی سورو یوئێن سه‌د به‌رامبه‌ریش زیاد بكرێت، ئه‌وا ناتوانرێ به‌ته‌واوی خواستی ئاواره‌كان بێنێته‌دی و راشیگه‌یاند: مرۆڤ، به‌ر له‌ئایین و عه‌قیده‌، نان و خۆراك و جلوبه‌رگ و شوێنی حه‌وانه‌ی پێویسته‌.
وتیشی: ده‌بینین كاكه‌ییه‌كان، ئێزدی، عه‌ره‌بی سوننه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست خوێنڕشتن و كوشتن رزگاریان ببێ، په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنن و به‌ژیانێكی كه‌متر له‌ژیانی پێشویان رازی ده‌بن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا، هه‌ڤاڵ عومه‌ر فه‌تاح، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی، ئاماژه‌ی به‌هاتنی وه‌رزی زستان و ژیان و گوزه‌رانی ئاواره‌كان كردو له‌و رووه‌شه‌وه‌، داوایكرد كه‌ خاچی  سوری نێوده‌وڵه‌تی، هاتنی زستان له‌به‌رچاو بگرێت و پێداویستی زیاتر بۆ ئاواره‌كان دابین بكات، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی پێداویستی ته‌ندروستییه‌وه‌.

PUKmedia راگه‌یاندنی ده‌سته‌ی كارگێڕی