‌هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەندین نهێنی ژیانی‌ خۆی ئاشکرا دەکات

خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد

 

سایتی ئەلجەزیرەی ئینگلیزی چاوپێککەوتنێک لەگەڵ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ساز دەکات، تێیدا چەندین نهێنی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی خۆی و ژیانی سیاسی دەگێڕێتەوە.

چاوپێککەوتنەکە لەژێر ناونیشانی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ژنە پێشمەرگەی رەسەن) بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای چاوپێککەوتنەکەدا وێنەیەکی ئایکۆنی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دانراوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1980 لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە تێیدا بە تەنها بە جلوبەرگێکی پێشمەرگەییەوە لە نێوان چەند پیاوێکدا وەستاوەو قژە رەشەکەی بە شێوەی دوو پرچ لەملاو لاوە بەرداوەتەوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا باس لەوەکراوە لەو رۆژگارەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە ناوی ” دیانا”وە بانگکراوەو هەندێک دەڵێن ئەم ناوە وەکو ناوی نهێنی بەکارهێنراوە، (تانیا گودسوزیانی) ئامادەکاری چاوپێککەوتنەکە دەپرسێت: وا دەردەکەوێت کە ناوی دیانا ناوێکی نهێنی گونجاو بێت بۆ ژنە شەڕڤانێکی کورد، ئایا دیانا خوداوەندی (راو)ی رۆمانییەکان نەبوو؟

خاتوو هێرۆ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا پیدەکەنێت و دەڵێت” نا،نا،نا، ئەمە هیچ پەیوەندییکی بە خوداوەندی رۆمانەکانەوە نییە، ئەمە د-یا-نا، ئەمە ئەو ناوەیە کە کوڕە گەورەکەم منی پێ بانگ دەکرد، دایە لە زمانی کوردیدا هاو واتای (mommy)ی زمانی ئینگلیزییە، لەبەر چەند هۆکارێک ئەو نەیدەتوانی بە دایە بانگمکات بۆیە ئەوی وت دیانا.”

لە چاوپێککەوتنەکەدا هاتووە” نەوەیەک لەمەوپێش هێرۆ یەکێک بوو لەو 50 ژنەی یاخود زیاتر کە پەیوەندییان کرد بە مێرد و براکانیانەوە لە جەنگی بەرگری دژی رژێمی بەعسی عیراقی، ئەوان لە زمانی کوردیدا پێیان دەوترا (ژنی شاخ)، مێردەکەی هێرۆ جەلال تاڵەبانی (سەرۆکی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان)بوو کە دواتر بوو بەیەکەم سەرۆکی عیراقی بە رەگەز کورد، بەڵام ئەمە یەکەم  بەشداریکردنی نەبووە لە خەباتی چەکداری کورد بۆ سەربەخۆیی.”

پێشكه‌شكاری چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ ده‌ڵێت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد تەمەنی 10 ساڵ بووە کاتێک کودەتا بەسەر سیستەمی پاشایەتیدا کرا کە دواتر بە شۆڕشی 14-ی تەمووز ناسێنرا، کە لەلایەن عەبدول کەریم قاسمەوە سەرپەرشتی دەکرا کە سەرەتا بە کەسێکی نزیک لە کورد دانراو بەهۆیەوە زینداییانی سیاسی ئازادکران و ئەو کوردانەی کە بەشدارییان لە سەرهەڵدانی 1943-1945-دا کردبوو لێبوردنیان بۆدەرکرا، بەڵام دوای چەند ساڵێکی کەم پەیوەندی بەغداو کوردەکان تێکچوو.

هەروەها ئاماژەبەوەکراوە ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵی 1961-دا سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، کاتێک کە حکومەتی عیراقی پەلاماری شاری سلێمانی داوە ژنەکەی و حەوت منداڵەکەی بردووە بۆ شاخ.

خاتوو هێرۆ دەڵێت” باوکم بڕوای بە یەکسانی پیاو و ژن هەبووە”، راشیده‌گه‌یه‌نێت “من گەورەترین منداڵی خانەوادەکەم بووم، کاتێک من لە دایکبووم باوکم بەبۆنەی منەوە ئاهەنگی گێراوە، لەو رۆژەدا کەس ئاهەنگی بۆ لەدایکبوونی کچ نەدەگێڕا، تەنها بۆ کوڕ ئاهەنگیان دەکرد.”

ئەوەشخراوەتەڕوو، پێش ئەوەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد شووبکات بە گەنجێکی پارێزەری خاوەن کاریزما کە دواتر بوو بە سیاسەتمەدار(مام جەلال) لەلایەن یەکێتی قوتابیانی کوردستانەوە کە رێکخراوێکیی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بووە داوای لێدەکرێت کە وەکو ئەندامێکی خاوەن دەسەڵات خۆی تۆماربکات.

بەڵام خاتوو هێرۆ دەڵێت” داوایان لێکردم کە پەیوەندی بە پارتەکەیانەوە بکەم بەڵام رەتمکردەوە، لە چیاکاندا زۆر باسی منیان دەکرد، دەیانوت چۆن وێراویەتی رەتیبکاتەوە؟’ باوکم بەرگری لیدەکردم و دەیوت” ئەو مافی بڕیاردانی هەیە، ئەگەر بیەوێت پەیوەندی بکات ئەوا بەخێربێت، ئەگەر نا پێویست ناکات بیکات.”

ئەلجەزیرە دەڵێت لە ساڵانی 1970-کاندا کاتێک هێرۆ بڕیاریدا شانبەشانی مێردەکەی لە چیاکان شەربکات دوو کوڕی هەبوو، باڤێل و قوباد کە دواتر ئەمان لەژێر چاودێری خانەوادەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە لەندەن بەجێهێشتران.

ئەلجەزیرە ئاماژەشی بەوەکردووە کاتێک لە ساڵی 1974 بەهۆی شکستی رێککەوتننامەی ئۆتۆنۆمی نێوان کوردو بەغدای ساڵی 1970 جەنگ دەستیپێکردەوە، لەو کاتەشدا ئەمریکاو ئیسرائیل و شای ئێران پشتیوانی کوردەکانیان دەکرد لە دژی حکومەتی بەعس، لەبەرامبەریشدا حکومەتی بەعس زۆر بە توندی بەرپەرچی کوردەکانی دەدایەوە و پەلاماری دەدان، ساڵێک دواتر لە 6-ی ئازاری 1975 بەغدا رێککەوتننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێراندا ئيمزاکرد، بۆ ئەوەی ئێران رێڕەوی ئاوی شەتولعەرەب بگرێتە دەست لەبەرامبەردا کۆتایی بە پشتیوانی کوردەکان بهێنێت.

لە چاوپێکەوتنەکەشدا ئەوەش هاتووە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وتوویەتی” دوای هاوسەرگیرییەکەیان، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بەغدا ژیاوین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە ژێر فشاری حکومەتدا بووین، وەکو ئۆپۆسیزیۆن گومانیان لێدەکردین بۆیە ناچاربووین رووبکەینە قاهیرە.”

ئەمە ئەو کاتەبووە کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە زانکۆی موستەنسیرییەی بەغدا بڕوانامەی لە دەروونناسیدا بەدەستهێناوەو هەر لەوێش یەکەم منداڵیان بووە کە ناوی (پاڤێڵ)ە.

دوای دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت” مێردەکەم پێی وتم ناتوانم لەگەڵیدا بڕۆم لەبەر ئەوەی ئەو لە نزیک سنووری عیراق- ئێران دەمێنێتەوەو لەو ناوچانە دەبێت حیجاب بپۆشیت ئەو دەیزانی من هەرگیز حیجابم نەپۆشیبوو”، هەروەها باسی رۆژانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت رۆژێکیان مام جەلال پەیوەندی پێوەکردم وتی ” دەزانم ئارەزووت لە باخداری هەیە، باخێکی بچووکم لەبەردەم ماڵەکەمان لە تاران دروستکردووە.”

ئەلجەزیرە نووسیویەتی لەو کاتەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پێکەنی و وتی ” بەم شێوەیە رازی دەکردم بۆ ئەوەی پەیوەندی پێوەبکەم.”

دەربارەی ئەوەی لە گۆڕەپانی جەنگدا چ رۆڵێکی بینیوە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت” هەرگیز کەسم نەکوشتووە، ئەگەر ئەمە ئەوەیە کە پرسیاری لەبارەوە دەکەیت، چەکێكم پێدرابوو، راهێنانیشیان پێمکردبوو لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانی، بەڵام هەرگیز بەکارمنەهێناوە بۆ ئەوەی تەقەی لەکه‌سێک پێبکەم.”

دەشڵێت ” من وەکو پیاو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکردم، ئەمە پەیوەندی بەخۆتەوە هەیە ئەگەر بترسیت وەکو ژن مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن.”

دەشڵێت” هەوڵمداوە کە چێشت لێبنێم بەڵام کەس بە چێشتلێنانەکەمی بە دڵ نەبووە.”

لە بەشێکی چاوپێککەوتنەکەشدا باس لەو ئەرشیفی ڤیدیۆ و وێنانە کرا کە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لە ساڵانی خەباتی شاخدا تۆماریکردوون.

ئاماژە بەوەکراوە لە ساڵی 1989  یەکێتی ژنانی دامەزراندووەو دواتر لە ساڵی 1997 کەناڵی خاک و لە ساڵی 2000 کەناڵی کوردسات و یارمەتیدەر بووە بۆ دەرچوونی چەندین رۆژنامە و گۆڤاری دیکە.

خاتوو هێرۆ دەڵێت” سەرەتای کاری رێکخراوەیی میدیام بۆ منداڵانی کوردستان بووە، بیرۆکەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی شەڕی ناوخۆ کاتێک یەکێتی و پارتی لە شەڕدابوون، هەر پارتە ئاڵای خۆی و ڕەنگی خۆی هەبوو، سەوز بۆ یەکێتی و زەرد بۆ پارتی، لەو کاتەدا کاتێک سەردانی ماڵێکم کرد و منداڵەکانیانم بینی، لەسەر رەنگەکان شەریان بوو کوڕەکەیان پارتی خۆش دەویست و زەردی دەویست کچەکەشیان یەکێتی خۆشدەویست و سەوزی دەویست، ئەم رووداوە بێتاقەتی کردم.”

” ئەمە کاری تێکردم، ئەو نەوجەوانانەی کە دەبوایە یارییان بە رەنگەکان بکردایە، زەردو سەوزیان پەیوەست دەکرد بە سیاسەتەوە، ئەگەر بڕوانیتە لۆگۆی کەناڵی خاک دەبینیت سەوزی تێدا نییە، من ویستم ئەم دەقە لە بیرکردنەوەیە بشکێنم و بەشێوەیەک لە شێوەکان منداڵەکان لە سیاسەت دابماڵم.”

هێرٶ ئیبراهیم ئەحمەد دەربارەی ئەو قسانەی لەبارەیەوە دەکرێت و ئەو رەخنانەی بەهۆی جۆری کەسایەتییەوە لێیدەگیرێت دەڵێت” لەڕۆژنامەکدا دەڵێن کە من ژنێکی دەوڵەمەندم، من دەوڵەمەند نیم، من هەرگیز گوێم بە پارە نەیاوە، جارێکیان یەکێک نوسیبووی 20 ملیار دۆلاری هەیە.”

ئەلجەزیرە دەلێت ئەو یەکێکە لەوانەی رەخنەکان پشتگوێ دەخات، یەکێک نییە لەوانەی کە میدیا رووبەڕووی دادگا بکاتەوە، کەسایەتییە بێدەنگ و سەنگینەکەی واشێوەی کێشاوە لەڕۆژنامە ناوخۆکاندا کە کەسێکی سارد و دوورەپەرێزە.

” من هەرگیز گوێ نایەم بەوەی دەربارەی من چی دەڵێن،” دەشڵێت” خراپترین شت لەمرۆڤدا ئەوەیە کە لەگەڵ ناوەوەی خۆیدا لەململانێدا بێت.”

ئەلجەزیرە ئاماژەشی بەوەکردووە لەماوەی نۆ ساڵەی سەرۆکایەتی کردنی عیراق لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە بە ” خانمی یەکەمی عیراق” بانگکراوە، بەڵام خۆی نازناوی ” دادە”ی بە دڵە کە خەڵکی سلێمانی پێی بانگدەکەن ئەویش بەهۆی ئەو یارمەتییە مرۆییانەی پێشکەشی کردوون.

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا ئەوە خراوەتە ڕوو لە ئێستادا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە کەسایەتییەک بۆ کچان و ژنان کە چاوی لێبکەن.

ئاماژه‌بۆئه‌وه‌شكراوه‌ ئەو کەسایەتییەی کە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بە سەرمەشق و سەرچاوەی ئیلهام وەرگرتنی خۆی دادەنێت بریتییە لە “حەپسە خان” کە فیمینیستێکی ئایکۆنی کوردە، لە ساڵی 1930-1940 گۆڕانکاری گەورەی لە ژیاری کۆمەڵایەتیدا کردووە و یەکەم قوتابخانەی بۆ کچان لە ماڵەکەی خۆیدا کردووەتەوە.

ئەلجەزیرە دەشڵێت هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لای وێنەیەکیت حەپسەخانەوە دەوەستێت و دەڵێت” ئەمە حەپسە خانە، لە ساڵەکانی 1920-دا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژناندا دەچێتە بازاڕ و پەچەکەی لادەدات، لەو ڕۆژانەدا ئەمە کارێکی زۆر ئابڕووبەرانە بوو، تەنانەت ئێستاش ئابڕوبەرانەیە، کەس ئەتوانێت ئەمە لە ئەفغانستان بکات؟ ئەو زۆر بەهێزبوو.”
هەروەها باسی (خوشکە حەلیمە) دەکات و دەڵێت” ئەو لە گوندێکەوە هاتبوو لە ساڵەکانی 1970-دا بوو بە فەرماندەی پێشمەرگە، ئێستا چیرۆکێکی ناوداری هەیە کە جارێکیان پیاوێک دەچێت بۆ لای پێی دەڵێت برسیمە، پیاوەکە چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە خوشکە حەلیمە خواردنی بۆ بهێنێت، بەڵام ئەو هەڵدەسێتە سەرپێی و پێی دەڵێت ”  باشە چەکەکەتم بەرێ، من پاسەوانی دەکەم.””

دەربارەی دایکە گەورەشی کە ناوی سەلیمە عەبدوڵایە، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت” دایکە گەورەم خەڵکی وانە لە  کوردستانی تورکیا، من بە چیرۆکەکانی ئەو گەورەبووم ئەو کاتە سەختانەی پێیدا تێپەڕیون و چۆن لە جەنگی جیهانی دووەمدا ناچاربوون شارەکەیان چۆڵ بکەن.”

دەڵێت ئەو هەمیشە ئاگاداری دەکردمەوە کە ئەگەر بچم بۆ چیاکان دەمرم، نەک لەبەر جەنگ بەڵكو بەهۆی برسییەتییەوە، لە وەسفی دایکە گەورەشیدا دەڵێت” دایکە گەورەم لە مۆدێرن خوازانی کاتی خۆیبووە، تەنانەت لەڕۆژانی کۆتای تەمەنیشیدا، ئەو کەسایەتییەکی ئاینی هەبوو، بەڵام ژنێکی مەزن بوو.”

دەربارەی ژنانی پێشمەرگە و شەڕڤانانیش هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت” ئەوان تەنها بۆ رازاندنەوە نین، ئەوان زۆر بە جەرگن، من زۆرم لەوانم بینیوە، ئەوان زیاترە لە ئێمە بەشداری جەنگەکانیان کردووە، ئەوان لە بەرەکانی پێشەوەن، وەکو پیاون، شەهیدیان هەیە، ئەوان ژنانێکن بۆ جەنگ ئامادەکراون.”

لە کۆتایشدا تانیا گودسوزیان بە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەڵێت تۆ ئێستا نەوەیەکی کچت هەیە، چ رێنماییەک دەدەیت بە نەوە کچەکەت؟، لەوەڵامدا دەڵێت” دایە گەورەم پێی نەوتووم کە چی بکەم، منیش هەمان شت لەگەڵ ئەو دەکەم”، بەڵام دواتر بە پێکەنینێکەوە دەڵێت” ئەوانیش دەجەنگن، جەنگەکانی ئێمە کۆتایی نایەت.”

PUKmedia – ماڵپه‌ڕی وێستگه‌