زانیاری تەواو لەسەر هەڵبژاردنەكەی توركیا

لەناوخۆی توركیا 54 ملیۆن و 49 هەزارو 940 كەس مافی دەنگدانیان هەیە

 

سبەینێ گەلی توركیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەیان روو لەسندوقەكانی دەنگدان دەكەن تا نوێنەرەكانی خولی 26ی پەرلەمانی توركیا هەڵببژێرن.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیا، لەتەواوی پارێزگاكانی ئەو وڵاتە كە لە 81 پارێزگا پێكهاتوو 54 ملیۆن و 49 هەزارو 940 كەس بۆ دیاریكردنی 550 نوێنەری پەرلەمان مافی دەنگدانیان دەبێت.

بۆ هەڵبژاردنەكە 175 هەزارو شەش سندوقی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە، كە 358یان بۆ زیندانەكانی ئەو وڵاتەیەو زیندانیكراوان لەڕێی ئەو سندوقانەوە دەنگی خۆیان دەدەن.

بەپێی میدیاكانی توركیا پرۆسەی دەنگدان لەسەعات 8ی بەیانیەوە بەكاتی ناوخۆی توركیا دەستپێدەكات و تا سەعات 5ی ئێوارە بەردەوامدەبێت، جگە لەپارێزگاكانی رۆژهەڵاتی توركیا كە پرۆسەی دەنگدان تیایاندا لەسەعات 7ی بەیانیەوە دەستپێدەكان و لەسەعات 4ی پاشنێوەڕۆ كۆتایی دێت.

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا كە سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە دەكات، ئاماژەی بەوەداوە كە پرۆسەكە لە61 بازنەی هەڵبژاردندا بەڕێوەدەچێت و 16 پارتی سیاسی كێبڕكێ دەكەن.

ئەو پارتانەی لەهەڵبژاردنەكەدا كێبڕكێ لەسەر بردنەوەی دەنگەكان، پێكدێن لە (هەدەپە، جەهەپە، ئەكەپە، مەهەپە، پارتی سەربەخۆی توركیا، پارتی گەورەی یەكگرتوو، پارتی دیموكراسی، پارتی دیموكراتی چەپڕەو، پارتی شیوعی، پارتی نەتەوە، پارتی سەعادەت، پارتی نیشتمانی، پارتی رزگاری گەل، پارتی ماف و ئازادی، پارتی رێگەی راستڕەو، پارتی لیبراڵی دیموكرات لەگەڵ 21 پەرلەمانتاری سەربەخۆ).

ئەو هاوڵاتیانەی توركیا كە لەوڵاتانی دەرەوە وڵات نیشتەجێن، لە 113 ناوەندی دەنگدانی 54 وڵات كە باڵیۆزخانەو كۆنسوڵخانەی توركیای لێیە لەگەڵ دەروازە سنورییەكان دەنگدەدەن و بەپێی ئامارەكانیش ژمارەیان دوو ملیۆن و 895 هەزارو 885 دەنگدەرە، پرۆسەی دەنگدانەكەش تا سەعات 5ی ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوامدەبێت.

ئەو سندوقانەشی دەنگی دەنگدەرانی دەرەوەی توركیای تێدایە لەڕێی فڕۆكەو پۆستی ئەلیكترۆنی دیبلۆماسیەوە رەوانەی توركیا دەكرێتەوەو پرۆسەی جیاكردنەوەی ئەو دەنگانەش لەگەڵ دەنگەكانی ناوخۆی توركیادا دەبێت كە دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەكەی ئەمڕۆ لەئەنكەرە پایتەخت دەستپێدەكات.

PUKmedia