قوباد تاله‌بانی: یه‌كڕیزی و ته‌باییمان وه‌فادارییه‌ بۆ ڕێبازه‌كه‌ی مام

قوباد تاڵه‌بانی كوڕی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال ڕایگه‌یاند: وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ مامی گه‌وره‌مان با ته‌بایی و یه‌كڕیزی بپارێزین و درێژه‌پێده‌ری ڕێبازه‌كه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال ده‌بین.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 6-10-2017 دوای به‌ خاك سپاردنی ته‌رمی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ گردی ده‌باشان له‌شاری سلێمانی، قوباد تاڵه‌بانی وتاری بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی خوێنده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: ڕاسته‌ مام جه‌لال باوكی من وبافل بوو، به‌ڵام مامی هه‌مووتان بوو.

قوباد تاڵه‌بانی وێڕای سوپاس و پێزانینی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی بۆ هاوسۆزی و په‌رۆشی و هاوخه‌می كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بۆ كۆچی جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال ڕاشیگه‌یاند: پرسه‌كانتان له‌چوارپارچه‌ی كوردستانه‌وه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشت، به‌ڵام پێویسته‌ بۆ ئاسووده‌یی ڕۆحی پاكی مام یه‌كڕیزی و یه‌كێتی نێوان كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بپارێزین، تا بتوانین په‌یام پیرۆزه‌كه‌ی مام بگه‌یه‌نین كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و هه‌وڵی بۆ ده‌دا.

وتیشی: سه‌رۆك مام جه‌لال خه‌بات و ڕه‌نجی دا بۆ كوردستان، ئه‌و له‌ ژیانیدا كوردستانی هه‌ڵبژارد له‌بری ژیانی ئاسایی، خه‌باتی كرد بۆ هه‌موو گه‌لانی عیراق و له‌و ڕێگایه‌ش ماندوو بوو. ئه‌و هه‌وڵی ته‌واوی ده‌دا بۆ سه‌رخستنی كوردستان و پارٍاستنی گه‌لی كورد. بۆیه‌ ئێمه‌ش وه‌ك وه‌فایه‌ك بۆ ڕۆحی پاكی مام به‌ده‌ر له‌ حزبایه‌تی و ڕای جیاواز و ده‌نگی جیاواز پێویستمان به‌ یه‌كڕیزییه‌ له‌ پێناو خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.

له‌ كۆتاییدا قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: دووباره‌ به‌ ناوی بنه‌ماڵه‌ی مام جه‌لاله‌وه‌ سوپاسی یه‌ك به‌ یه‌كی ئێوه‌ ده‌كه‌ین ، سبه‌ی پرسه‌كه‌شی له‌سه‌رتاسه‌ری شار و شاروچكه‌ و قه‌زا و ناحیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

PUKmedia   تایبه‌ت