سه‌رۆك كۆمار بۆ سێ پرس گه‌یشته‌ هه‌رێم

پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 25/11/2017 د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی له‌لایه‌ن وه‌فدێكی حزبی و حكومی پێشوازی لێكرا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عیراق به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: سه‌ردانی سه‌رۆك كۆمار بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ بینینی به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌یه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و ئه‌زمه‌ سیاسییه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.

هاتنی سه‌رۆك كۆمار بۆ هه‌رێمی كوردستان دوای ئه‌وه‌دێت كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق چه‌ند بڕیارێكی له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركردو له‌ هه‌فته‌ی رابردووشدا دادگای فیدڕاڵی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

دواتر د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق بۆ كه‌ناڵی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانرایگه‌یاند: هاتوومه‌ته‌ سلێمانی و دواتر سه‌ردانی شاره‌كانی تریش ده‌كه‌م، سێ پرسی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ كه‌ من له‌م سه‌ردانه‌دا گفتوگۆی جدی له‌باره‌وه‌ ده‌كه‌م.

وتیشی: پرسی یه‌كه‌م/ دۆخی نێوخۆی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌و كێشانه‌یه‌ كه‌ روبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه‌، پرسی دووه‌م/ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و چاره‌سه‌ركردنێتی، پرسی سێیه‌م/ كێشه‌كانی نێوان به‌غداو هه‌رێمی كوردستانه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌ر كامێك له‌و پرسانه‌ ته‌ماشا بكه‌ی بابه‌تی یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌و ئومێده‌وارین به‌ هاوكاری سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

سه‌رۆك كۆمار وتیشی: هه‌وڵ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌كاردێنم، له‌ئێستاشدا بارودۆخه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر ده‌ڕوات.

PUKmedia تایبه‌ت