رۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاست به‌ره‌و نه‌خشه‌یه‌كى تازه‌ ده‌ڕوات

شادمان مه‌لاحه‌سه‌ن‌ /کوردستانی نوێ

كاتێ گه‌وره‌ پسپۆڕو شاره‌زا له‌مێژوو و شارستانیه‌تى رۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاست (برنارد لویس) له‌زانكۆى(برنستۆن) له‌گفتوگۆیه‌كیدا له‌گه‌ل ئاژانسى راگه‌یاندنى ئه‌مه‌ریكى له‌20/5/2005 به‌مشێوه‌یه‌ تێڕوانینى خۆى ده‌ربڕى له‌سه‌ر عه‌ره‌ب و موسڵمانان. عه‌ره‌ب و موسڵمانان گه‌لێكى گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵكارو ئاژاوه‌گێڕن ناتوانرێ پێشبخرێن، ئه‌گه‌ر لێیان گه‌ڕێن جیهانى پێشكه‌وتوو  دووچارى سه‌رسوڕمان ده‌كه‌ن به‌هۆى شه‌پۆڵى مرۆیى تێكده‌ر بۆ خاپووركردنى شارستانیه‌ته‌كان و ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ كۆمه‌ڵگه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چاره‌سه‌رى دروست له‌گه‌ڵیان ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ دووباره‌ داگیریان بكه‌ینه‌وه‌و به‌كۆلۆنیالیان بكه‌ینه‌وه‌.

به‌ربه‌ستی به‌رده‌م داگیركردنه‌وه‌

له‌به‌ین بردنى رۆشنبیرى ئاینى و پێكهاته‌ كۆمه‌لایه‌تیه‌كانیان، له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا به‌م كاره‌ هه‌ڵسا ده‌بێ سوود له‌ئه‌زموونى به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا بۆ كۆلۆنیالیكردنى ناوچه‌كه‌ وه‌ربگیرێت، بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌لانه‌ى ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته‌ كردیان، زۆر پێویسته‌ ولاتانى عه‌ره‌بى و ئیسلامى دووباره‌ دابه‌شى سه‌ر چه‌ندین یه‌كه‌ى تایفى و خێڵه‌كى بكرێته‌وه‌، نابآ گوآ به‌مه‌ترسییه‌كانیان و رێز بۆ هه‌ڵچوون و په‌رچه‌كرداره‌كانیان دابنرێت.

پێویسته‌ دروشمى ئه‌مه‌ریكا روون بێت یان له‌ژێر فه‌رمانمان بن یاخود ده‌بێ لێگه‌ڕێن شارستانیه‌تمان خاپوور بكه‌ن، هیچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م دووباره‌ داگیركردنه‌وه‌یاندا نییه‌، ئه‌ركى سه‌ره‌كیشمان راهێنانیانه‌ له‌سه‌ر ژیانى دیموكراسیه‌ت، له‌م كۆلۆنیالیكردنه‌ هیچ رێگرییه‌ك له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ره‌كاندا نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فشار بخاته‌سه‌ر سه‌ركرده‌ موسڵمانه‌كان به‌بێ هیچ جۆره‌ موجامه‌له‌یه‌ك ده‌بێ گه‌له‌كانیان له‌بیروباوه‌ڕه‌ بۆگه‌نه‌كانى ئیسلام رزگار بكه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێ ده‌ست له‌بینه‌ قاقاى ئه‌م میلله‌تانه‌ بنرآ و گه‌مارۆ بدرێن، به‌هۆى بنیاتنانى بۆچوونه‌ جیاوازه‌ خێڵه‌كى و ئاینى و تایفى و توندڕه‌وییه‌كانیانه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ى ئه‌وان بێن ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا داگیر بكه‌ن و شارستانیه‌ته‌كه‌ى بڕوخێنن، ئه‌مه‌ى سه‌ره‌وه‌ قسه‌ى ده‌قاوده‌قى(برنارد لویس)ه‌، به‌مجۆره‌ له‌چه‌رخى نزیك له‌م رۆژگاره‌ماندا(برنارد لویس) بووه‌ یه‌كه‌م كه‌س بۆ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ى جیهانى ئیسلامى و رۆژهه‌لات له‌پاكستانه‌وه‌ تاكو مه‌راكیش، چونكه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و له‌بیروبۆچوونه‌كه‌ى باسى ده‌كات له‌پێكهاته‌ ئاینى و قه‌به‌لى و خێڵه‌كی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هه‌مووى له‌م سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌دا هه‌یه‌.

نه‌خشه‌یه‌كى تازه‌ بۆ ناوچه‌كه‌

ئه‌م رایه‌ى لویس دونیاى عه‌ره‌ب و ئیسلامى هه‌ژاند، به‌دواى ئه‌ودا له‌ته‌مووزى 2006 گۆڤارێكى ئه‌لیكترۆنى بۆ زانستى سه‌ربازى نزیك له‌پنتاگۆن زیاترى نووسى و نه‌خشه‌یه‌كى تازه‌ى بۆ ناوچه‌كه‌ بلاوكرده‌وه‌، ولاتانى ئیسلامى له‌54 ده‌وڵه‌ته‌وه‌ كردویه‌تى به‌88 ده‌وڵه‌ت، هه‌روه‌ها له‌م نه‌خشه‌یه‌دا كوردستانه‌كه‌ى ئێمه‌ هه‌موو به‌شه‌ داگیركراوه‌كانى خراوه‌ته‌وه‌ سه‌ریه‌ك و له‌چوارچێوه‌ى یه‌ك قه‌واره‌دا یه‌كخراوه‌. لێره‌دا هیچیتر باس له‌وته‌كانى(برنارد لویس)و نه‌خشه‌كه‌و ئه‌وانه‌ى دواى ئه‌ویش راى له‌مجۆره‌یان ده‌ربڕیوه‌ ناكه‌م، ئه‌وه‌ى لێره‌دا ده‌یخه‌مه‌ڕوو ره‌وشى ئێستاى جیهانى عه‌ره‌ب و ئیسلامه‌، ئه‌وه‌ى خۆى هاتۆته‌ به‌رهه‌م وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌وان باسیان كردووه‌ یاخود نه‌خشه‌یان بۆ كێشاوه‌، نموونه‌:

سه‌ربه‌خۆیی خۆیان راگه‌یاند

-1 سودان: له‌وه‌ته‌ى هه‌یه‌ نه‌توانرا ببێته‌ ده‌وڵه‌تێكى یه‌كگرتووى مۆدێرنى سه‌رده‌م. ئه‌م ساڵ باشووریه‌كان به‌ڕووبه‌رێكى فراوان و به‌چاودێرآ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى جودابوونه‌وه‌، له‌9/7/2011 سه‌ربه‌خۆیى خۆیان راگه‌یاند، له‌ئێستاشدا ناوچه‌ى ویلایه‌تى نیلى شین كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باشوورى رۆژهه‌لاتییه‌وه‌ به‌ئاڕاسته‌ى جودابوونه‌وه‌ ده‌ڕوات، هه‌رێمى دارفۆریش كه‌ ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى ولاته‌كه‌وه‌ ئه‌ویش له‌2003ه‌وه‌ دووچارى كۆمه‌ڵكوژى بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌ئاڕاسته‌ى جودابوونه‌وه‌ ده‌ڕۆن.

هه‌ریه‌كه‌و حوكمی خۆی ده‌كات

-2 عیراق: به‌هه‌مان شێوه‌ى سودان كێشه‌ى ناوخۆى كۆتایى نه‌هاتوه‌، له‌ساڵى 1991 به‌شێكى گه‌وره‌ى هه‌رێمى كوردنشین جودابۆته‌وه‌ به‌ناوى هه‌رێمى كوردستان دوور له‌حوكمى سه‌دام حسێن و پاشان حكومه‌تى تازه‌ ده‌ژى، له‌وه‌ته‌ى رژێمى به‌عسیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكیه‌كان رووخاوه‌ عیراق دابه‌شى سه‌ر پێكهاته‌ تایفى و نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بیه‌كان بووه‌. هه‌ریه‌كه‌و له‌ناوچه‌كانى خۆى حوكمى خۆى ده‌كات، بۆیه‌ له‌ئێستادا عیراق نه‌خشى سێ هه‌تا چوار ده‌وڵه‌تى تێدایه‌، كوردستان، ناوچه‌ى عه‌ره‌بى سوننه‌ نشین، حه‌وزى فورات(نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا)، ناوچه‌ى به‌سرا.

ئه‌ویش بۆ خۆى سآ ده‌وڵه‌ته‌

-3 سۆماڵ: سۆماڵ له‌ساڵى 1991ه‌وه‌ وه‌كو ده‌وڵه‌تى یه‌كگرتوو هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ له‌ئێستادا به‌م شێوه‌یه‌، باكوورى ولات ده‌وڵه‌تێكى لێدامه‌زراوه‌ به‌ناوى(سۆمالیلاند) به‌بآ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دانى پێدا بنێ، مه‌قادیشۆى پایته‌خت و ده‌ورووبه‌رى له‌ده‌ست دادگا ئیسلامیه‌كانى سه‌ر به‌(شێخ شه‌ریف شێخ ئه‌حمه‌ده‌)، باشووره‌كه‌ى له‌ده‌ست بزووتنه‌وه‌ى لاوانى موجاهیدى ئیسلامییه‌، واته‌ ئه‌ویش بۆ خۆى سێ ده‌وڵه‌ته‌، جگه‌ له‌كه‌ناره‌كان كه‌ به‌ده‌ست چه‌ته‌ ده‌ریایه‌كان و قه‌بیله‌كانه‌وه‌یه‌.

له‌ناو یه‌ك حكومه‌ت پۆسته‌كان دابه‌شكراوه‌

-4 لوبنان: ئه‌م ولاته‌ بچكۆله‌یه‌ هه‌ر بۆخۆى دابه‌شى سه‌ر پێكهاته‌ تایفیه‌كان بووه‌ هه‌ربه‌شه‌ى تایفه‌یه‌ك حوكمى ده‌كات له‌دواى ده‌ست پێكردنى شه‌ڕى ناوخۆى له‌ساڵى 1975وه‌، له‌ئێستادا هه‌ربه‌شه‌ى به‌مشێوه‌یه‌یه‌، باشوور شیعه‌كان، سوننه‌، مارۆنى، دورزى، ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو یه‌ك حكومه‌ت پۆسته‌كان دابه‌شى سه‌ر ئه‌م پێكهاتانه‌ كراوه‌.

جوله‌ى تێكه‌وتووه‌

-5 مه‌غریب: یان (مه‌راكیش) له‌ساڵى 1975 به‌شى باشوورى كه‌ بیابانى رۆژئاواى پێده‌ڵێن داواى سه‌ربه‌خۆیى ده‌كات و به‌شێكیشى له‌ده‌ست به‌ره‌ى پۆلیساریۆییه‌، به‌ده‌یان ده‌وڵه‌ت دانیان به‌كۆمارى دیموكراتى بیابانى رۆژئاوادا ناوه‌، ئه‌ویش له‌دواى جودابوونه‌وه‌ى باشوورى سودان، جوله‌ى زیاترى تێكه‌وتووه‌ بۆ وه‌رگرتنى سه‌ربه‌خۆیى ته‌واوى خاكه‌كه‌ى.

هه‌وڵ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ده‌ن

-6 یه‌مه‌ن: له‌وه‌ته‌ى له‌ساڵى 1989 یه‌كی گرتۆته‌وه‌، ته‌نها به‌ناو یه‌كگرتن بووه‌، له‌ئێستادا یه‌مه‌ن نه‌وه‌ك له‌به‌رده‌م له‌تبوونێتى بۆ دوو به‌ش، به‌ڵكو بۆ سآ به‌ش، چونكه‌ شیعه‌ى زه‌یدى یان حوسییه‌كان ئه‌وانیش هه‌وڵ بۆ سه‌ربه‌خۆیى خۆیان ده‌ده‌ن.

بووه‌ دوو ده‌وڵه‌ت

-7 پاكستان: دوورتر له‌ولاتانى عه‌ره‌بى پاكستان له‌ساڵى 1972 بووه‌ دوو ده‌وڵه‌ت، به‌نگلادێش و پاكستان، له‌ئێستاشدا چه‌ندین هه‌رێمى وه‌كو وه‌زیرستان و قه‌بایل نشینه‌كان و بڵوجستان له‌بارێكى تایبه‌ت ده‌ژین و چاوه‌ڕێی جودابوونه‌وه‌یان لێده‌كرێت.

-8 ئه‌فغانستان: ئه‌و ولاته‌ى هه‌رگیز ئارامى و یه‌ك ناوه‌ندى ده‌سه‌لاتى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌، بۆیه‌ ئه‌ویش هه‌ر به‌ته‌نها به‌ناو ولاتێكى یه‌ك پارچه‌ى سه‌ربه‌خۆیه‌.

ئه‌وه‌ى له‌م ولاتانه‌ى كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ هێڵى هه‌ڕه‌شه‌ى دابه‌شكردنه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى له‌ئێستادا كێشه‌و ئاڵۆزى گه‌وره‌یان نییه‌، یاخود به‌شێك له‌خاكه‌كه‌یان له‌ژێر ده‌سه‌لاتى هیچ هێزو گرووپێكى دژ به‌ناوه‌ندى ده‌سه‌لاتى ولاته‌كانیان نییه‌، به‌لام پێكهاته‌ى ئاینى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یى هه‌میشه‌ مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌وره‌ى دابه‌شبوونى له‌سه‌ریان دروست كردووه‌، وه‌كو ئه‌م ولاتانه‌ى خواره‌وه‌:

مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى دابه‌شبوون

-1 ئێران: ولاتێكى گه‌وره‌ى فره‌ ره‌نگه‌ له‌نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زهه‌ب، بۆیه‌ كه‌لتورو وابه‌سته‌ى شارستانیه‌تى ئێرانى بوون زه‌حمه‌ته‌ تاسه‌ر بڕبكات، له‌كاتێكدا زۆر له‌نه‌ته‌وه‌كانى ژێر ده‌سته‌ داواى مافى ره‌واى خۆیان ده‌كه‌ن.

-2 توركیا: ماوه‌ى زیاتر له‌80 ساڵه‌ فه‌لسه‌فه‌ى كه‌مالیزم و به‌تورك كردن له‌جێبه‌جێكردنه‌ كه‌چى نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنآ، له‌ئێستادا كوردو زۆر پێكهاته‌ى تر له‌هه‌وڵدانى زۆر چڕدان بۆ وه‌ده‌ست هێنانى مافى بوونى نه‌ته‌وه‌و خاكى خۆیان.

-3 عه‌ره‌بستانى سعودى: له‌ساڵى 1933 نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌هێزه‌ یه‌ك ره‌نگه‌ى ئاینى ئیسلام بۆیه‌ به‌رده‌وام مه‌ترسى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌ به‌هۆى بوونى ژماره‌یه‌كى زۆرى شیعه‌ مه‌زهه‌ب و بیرى خێڵگه‌رایه‌تى.

-4 میسر: به‌هۆى بوونى ژماره‌یه‌كى زۆرى دانیشتوانى ئاین مه‌سیحى و هه‌ڵكشانى بیرى تووندڕه‌وانه‌ى ئاینى له‌لایه‌ن موسڵمان و مه‌سیحیه‌كانه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌ڕه‌شه‌ى ناوخۆى له‌سه‌ر دروست بووه‌.

-5 لیبیا: ئه‌و ولاته‌ى چل و دوو ساڵ سه‌رهه‌نگ قه‌زافى نه‌یتوانى بیكات به‌ولاتێكى مۆدێرنى سه‌رده‌م و گیانى قه‌بیلایه‌تى له‌ناودا ریشه‌كێش بكات، به‌م رووبه‌ره‌ فراوانه‌ى كه‌ هه‌یه‌تى له‌ئێستادا زه‌حمه‌ته‌ بتوانآ به‌یه‌كگرتووى بمێنته‌وه‌.

-6 سوریا: ولاتى فره‌ ره‌نگى نه‌ته‌وه‌و ئاین و ئاینزاكان، ده‌مێكه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنه‌وه‌ى نه‌خشه‌ى ئه‌م ولاته‌.

-7 به‌حرێن: ئه‌و ولاته‌ بچكۆله‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كه‌وا دابه‌شى سه‌ر هه‌ردوو مه‌زهه‌بى شیعه‌و سوننه‌ى ئیسلام بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كى تووندڕه‌وانه‌ ئێستا به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

بنه‌ما خراپه‌كان

ئه‌وه‌ى باسمانكرد هه‌مووى مشتێكى كێشه‌و قه‌یرانه‌ قوڵ و هه‌ستیاره‌كانى ولاتانى رۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاست و عه‌ره‌ب و موسڵمانان بوو. یه‌كێ له‌بنه‌ما خراپه‌كانى ئه‌م ولاتانه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ماوه‌ى ده‌یان ساڵى رابردووى ته‌مه‌نیان نه‌یان توانى سیستمێكى دیموكرات و هاوبه‌ش و یه‌كسان بۆ سه‌رجه‌م تاكه‌كانى ولاته‌كانیان فه‌راهه‌م بكه‌ن، تاكو بنبڕى ته‌واوى كێشه‌ ئه‌تنى و ئاینى و مه‌زهه‌بى و مه‌ده‌نییه‌كان بكه‌ن، هه‌موو تاكێكى ئه‌م ولاتانه‌ هه‌ست به‌مافى ته‌واوى خۆى بكات به‌بێ جیاوازى له‌گه‌ل تاكێكى تر كه‌ له‌پێكهاته‌یه‌كى ترى نه‌ته‌وه‌یى یان ئاینى یان مه‌زهه‌بى تر بێ، بۆیه‌ قه‌یران و كێشه‌كان به‌هه‌ڵكشانى رۆژگار قوڵترو ئاڵۆزتر بوونه‌ته‌وه‌.

لایه‌نێكى ترى ره‌خنه‌ى(برنارد لویس) ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا نابێ ئه‌مه‌ریكا وه‌كو كۆلۆنیالیه‌تى به‌ریتانیاو فه‌ڕه‌نسا بكات، چونكه‌ ئه‌وان هه‌موو ئه‌و ولاتانه‌ى له‌دواى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م(1914-1918) دروستیان كرد ولاتى سه‌قه‌ت و ناواقیعى بوون، چونكه‌ هه‌میشه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان ئاینێك و ئاینزایه‌كیان به‌زۆر خستۆته‌ قاوغى ئه‌م ولاتانه‌و پێكهاته‌یه‌كیان كردۆته‌ سه‌رده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م ولاتانه‌ یاخود خاك و جوگرافیاى نه‌ته‌وه‌كانیان دابه‌شى چه‌ند به‌شێك كردووه‌، وه‌كو كوردستان و ناوچه‌ى عه‌ره‌ب نشینى ئه‌هوازو كشمیرو دارفۆرو باشوورى سودان و چه‌ندین ناوچه‌ى تر.

له‌كۆتاییدا ده‌بآ ئه‌و راستییه‌ بزانین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ یاخود ئه‌و دیده‌ى(برنارد لویس) خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ واقیع، شه‌پۆڵى به‌هارى عه‌ره‌بى زۆر نیشانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌م دیدو بۆچوونه‌ پیشان ده‌دات و نزیكى ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ هاوینى به‌هارى عه‌ره‌بى كه‌ وه‌رزى دروێنه‌ى خه‌رمانه‌كه‌یه‌تى زۆر ئاساییه‌ دووباره‌ كێشانه‌وه‌ى نه‌خشه‌یه‌كى ترى بۆ ناوچه‌كه‌ لێبكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ خواست و ویست و ته‌واوى فاكته‌ره‌كانى ئاشتى و سه‌قامگیریی ئاسایش له‌ناوچه‌كه‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ى رۆژهه‌لاتى ناوه‌ڕاسته‌. له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیعیش خۆى له‌خۆیدا واخۆى ده‌نوێنێ به‌ره‌و نه‌خشه‌یه‌كى تازه‌ ده‌ڕوات، چونكه‌ ته‌نها نه‌چۆته‌ ناو ره‌سمیاتى نه‌خشه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا له‌ئه‌رزى واقیع چه‌ندین ولاتى بێ ئالا له‌ناو ئه‌م ولاتانه‌ دروستبوونه‌.