سه‌رۆك تاڵه‌بانی وه‌لامنامه‌یه‌كی سوپاسگوزاریی له‌سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم-ه‌وه‌ پێگه‌یشت

کوردستانی نوێ …..سه‌رۆك مام جه‌لال وه‌لامنامه‌یه‌كی سوپاسگوزاریی له‌سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی بالای ئیسلامیی عیراقه‌وه‌ پێگه‌یشت، كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
فه‌خامه‌تی به‌ڕێز سه‌رۆك كۆمار مامۆستا جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ڕێز
السلام علیكم ورحمه‌ الله‌ وبركاته‌
به‌وپه‌ڕی شانازی و شادمانییه‌وه‌ نامه‌ برایانه‌ راستگۆیانه‌كه‌تانمان به‌بۆنه‌ی بیست و نۆیه‌مین ساڵڕۆژی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی بالای ئیسلامیی عیراقه‌وه‌ پێگه‌یشت. هه‌روه‌ك هه‌ڵوه‌سته‌مان له‌ئاست ناوه‌ڕۆكه‌ گه‌وره‌كه‌ی كرد كه‌چۆن ئێوه‌ مێژووی خه‌باتی هاوبه‌شمانتان له‌دژی دیكتاتۆریه‌تدا به‌بیرهێناوه‌ته‌وه‌ وێڕای به‌شداریی به‌رده‌واممان له‌بنیاتنانی بنكه‌یه‌كی فراوانی گشت هێزه‌ دڵسۆزه‌كانی عیراق له‌پێناوی بنیاتنانی عیراقی نوێدا، عیراقێك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و ئیراده‌كه‌ی و مافی له‌ژیانێكی ئازادو سه‌رفراز بنیاتنرابێت.
ئه‌مرۆِ ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی شانازی و رێزو پێزانینه‌وه‌ ته‌ماشای ئه‌و مێژووه‌ هاوبه‌شه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی كاروانه‌كه‌مان ئایه‌توڵلا عوزما شه‌هیدی میحراب سه‌ید محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم و دواتر ئازیزی عیراق سه‌ید عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌كیم دروستتانكردووه‌، چونكه‌ نه‌ك ته‌نیا مێژوویه‌كی شه‌خسی پرشنگدار بووه‌، به‌ڵكو مێژووی خه‌باتی گه‌لی عیراقیشمان بووه‌ كه‌ له‌پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی ئازادی خۆی و سه‌ندنه‌وه‌ی سه‌رفرازی خۆیدا كه‌ڕژێمی زۆرداری سته‌مكاری ده‌یویست زه‌وتیان بكات، هه‌ڵساوه‌ته‌ سه‌رپێ، ئێمه‌ ئاواته‌خوازی هه‌رچی زیاتر هاوبه‌ندی و هاریكاریی هاوبه‌شین له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا بۆ بنیاتنانی عیراقی نوێ، عیراقی فیدراڵی دیموكرات كه‌پێكه‌وه‌ له‌پێناوی دروستكردن و بنیاتنانیدا قوربانی زۆرمانداوه‌.
سه‌رۆكی به‌ڕێزو براو دۆست، ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌به‌رده‌م چه‌ندین به‌ربه‌ره‌كانێی گه‌وره‌داین كه‌ له‌كاتێكدا رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه‌ كه‌پێكه‌وه‌ له‌پێناوی هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌دا كارده‌كه‌ین كه‌شه‌هیدی میحراب ژیانی خۆی له‌پێناویاندا كرده‌ قوربانی و ئازیزی عیراقیش تا دواساتی ژیانی درێژه‌ی پێدا، ئێوه‌ش به‌درێژایی ئه‌و ده‌یان ساڵه‌ دوورودرێژه‌دا كارتان له‌پێناویاندا كردووه‌، كه‌بریتی بووه‌ له‌بنیاتنانی عیراقێكی به‌هێزی ته‌با له‌گه‌ڵ خۆی و ده‌روو دراوسێ و دنیادا عیراقێكی فره‌یی ده‌ستووری، ئه‌و به‌ربه‌ره‌كانێیانه‌ش وامان لێده‌خوازێت كه‌ به‌ڕووی گشت ئه‌و هه‌ولانه‌دا بوه‌ستینه‌وه‌ كه‌خوازیاری له‌باربردنی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و كۆششانه‌ن كه‌ له‌پێناوی هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ به‌رزانه‌دا خراونه‌ته‌گه‌ڕ. ئێمه‌ بۆ ساتێكیش گومانمان له‌وه‌نییه‌ كه‌ئێوه‌ ده‌توانن به‌رگری له‌و هه‌موو ئامانجه‌ به‌رزانه‌ بكه‌ن، كه‌كۆمه‌ڵێك ئامانجی ئه‌وتۆن ده‌بنه‌ زامنی بنیاتنانی عیراقی نوێ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بناغه‌ی تۆكمه‌و به‌هێزی ئه‌وتۆ كه‌دادپه‌روه‌ری به‌دیده‌هێنن و بنه‌مای شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ ده‌چه‌سپێنن و هه‌ر هه‌موومان له‌كه‌وتنه‌ نێو ئه‌و هه‌لانه‌ی سه‌رده‌مانی پێشوو دوورده‌خه‌نه‌وه‌ كه‌تراژیدیاكانیان دروستكردو كاره‌سات دوای كاره‌ساتیان به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هێنا.
سه‌رۆكی به‌ڕێز.. دوورباره‌ سوپاس و پێزانیمان بۆ نامه‌ جوامێرانه‌كه‌تان ده‌رده‌بڕین، ته‌ندروستی و له‌شساغی به‌رده‌وام بۆ ئێوه‌و هه‌رچی زیاتر به‌رزیی بۆ ئێوه‌و عیراقمان و گه‌له‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان به‌ئاوات ده‌خوازین.
والسلام و علیكم ورحمه‌ الله‌ وبركاته‌
برای دڵسۆزتان
عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی بالای ئیسلامیی عیراق
به‌غدا- 23ی تشرینی دووه‌می 2011