فراكسیۆنه‌كان كۆده‌نگن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ‌

کوردستانی نوێ/ راپۆرتی، میران به‌كر پالانی

دوای خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ بڕیاری هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، دواهه‌مین راپۆرتی لیژنه‌ی یاساییه‌ سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراو به‌وته‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش، له‌م هه‌مواركردنه‌وه‌یه‌دا ده‌سه‌لاتی زیاتر بۆ په‌رله‌مانتار مسۆگه‌رده‌كرێت.


خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می
بۆ ده‌كرێت
سۆزان خاڵه‌ شیهاب سه‌رۆكی فراكسیۆنی كوردستانی به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌ی یاسایی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی بڕگه‌و ماده‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ته‌واوبووه‌و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراوه‌به‌مه‌به‌ستی دیاریكردنی واده‌یه‌ك، بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می بۆ بكرێت و دواتر بخرێته‌ده‌نگدانه‌وه‌، وتیشی: هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ سه‌لاحیاتی زیاتر به‌په‌رله‌مانتاران ده‌دات و ده‌ستڕۆیشتوویان ده‌كات له‌كاری په‌رله‌مانتاریدا.
قۆناغێكی نوێی  كاری په‌رله‌مانی
شیروان حه‌یده‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی یاسایی ده‌ڵێت: له‌دوای به‌دواداچوون و وردبوونه‌وه‌مان له‌بڕگه‌و ماده‌كانی ناو په‌یڕه‌و و ئه‌زموونی رابردوو توانیمان زۆر به‌ئاسانی ئه‌و خاڵه‌ كه‌موڕیانه‌ دیاری بكه‌ین و له‌وێشه‌وه‌ ده‌توانین هه‌مواركردنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی خوازراو دابڕێژینه‌وه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌((هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ، كه‌ به‌جۆرێك په‌یڕه‌و هه‌مواربكرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستاو پێشكه‌وتنه‌كان بگونجێت و قۆناغێكی نوێ بێت بۆ كاری په‌رله‌مانی)).
هه‌موولایه‌ك هاوڕایه‌
خه‌لیل عوسمان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی كوردستانی وتی: ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ی ئێستا بۆ كاتی خۆی زۆرباش بووه‌و سه‌لاحیاتی زیاتری داوه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی، به‌لام چاوه‌ڕێده‌كرێت له‌م هه‌مواركردنه‌وه‌دا سه‌لاحیاتی زیاتر به‌ په‌رله‌مانتاران بدرێت، راشیگه‌یاند: ئێستا هه‌موولایه‌ك هاوڕایه‌و پڕۆژه‌كه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌، ده‌خوازم له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌.
د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌((هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆ جێگه‌ی گرنگییه‌و هه‌موو فراكسیۆنه‌كانیش له‌مڕووه‌وه‌ كۆده‌نگن و هاوڕان))، وتیشی: ناكرێت ئه‌دای لاوازی یان رۆڵبینینی په‌رله‌مان بخرێته‌ ئه‌ستۆی ته‌نها په‌یڕه‌وی ناوخۆ، به‌ڵكو ئه‌دای خودی په‌رله‌مانتارو كۆمه‌ڵێك گرفتی سیاسی تر په‌یوه‌ندییان به‌و پرسه‌وه‌ هه‌یه‌.
بۆ ته‌واوی فراكسیۆنه‌كان و ده‌نگده‌رانه‌
سه‌باح به‌یتوڵلا ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی كوردستانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌((په‌یڕه‌وی ئێستای په‌رله‌مان ماوه‌ی 20 ساڵه‌ دانراوه‌و له‌داوی ئه‌و به‌رواره‌ش چه‌ندین گۆڕانكاری له‌هه‌رێم روویداوه‌))، ئه‌و وێڕای جه‌خت كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌، به‌لام پێیباشبوو كه‌په‌له‌ نه‌كرێت له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی و ده‌بێت به‌جددی و به‌شێوه‌یه‌كی ورد كاری بۆ بكرێت، راشیگه‌یاند: هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌و ته‌نها بۆ فراكسیۆنێك نییه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوی فراكسیۆنه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان و ده‌نگده‌رانه‌، بۆیه‌ پێوسته‌ ره‌چاوی هه‌موو ئه‌مانه‌ بكرێت.
په‌روین عه‌بدولڕه‌حمان له‌فراكسیۆنی كوردستانی رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ی ئێستا رێگه‌ به‌په‌رله‌مانتار نادات، له‌ڕووی ئازادی به‌دواچوون و مه‌سه‌له‌ی خستنه‌ڕووی ته‌واوی بیرو پێشنیازی ئه‌ندامی په‌رله‌مان له‌به‌رامبه‌ر پرسی به‌دواداچوون و چاودێری داموده‌زگاكان و به‌ده‌مه‌وه‌ چوونی گرفت و داواكانی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی په‌رله‌مان گه‌شبینی خۆی ده‌رده‌بڕێت و به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ جۆرێكی تر له‌كارو ئه‌دای په‌رله‌مانتاری دێته‌ ئاراوه‌، هه‌روه‌ك به‌پێویستیشی ده‌زانێت په‌له‌بكرێت له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.
له‌زۆربه‌ی دانیشتنه‌كان و لێدوانی به‌شێكی په‌رله‌مانتاران به‌تایبه‌ت فراكسیۆنه‌ئۆپۆزسیۆنه‌كان به‌رده‌وام سكالای ئه‌وه‌ كراوه‌ كه‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان مافی ئه‌ندامه‌كانی پێشێل ده‌كات، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كاریانكردووه‌، له‌ئێستاداو له‌نێوان ئه‌و دوو بۆچوونه‌، كۆده‌نگی ته‌واوی فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌م په‌یڕه‌وه‌ به‌جۆرێك هه‌مواربكرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ بگونجێت.