ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات

2011-11-28 12:38:55 PUKmedia ئا/ دارا فه‌ره‌ج
“ئه‌میر عه‌لی حاجی زاده‌” سه‌ركرده‌ی هێزی ئاسمانی گاردی كۆماری ئێران به‌ڵێنی دا گه‌ر وڵاته‌كه‌ی له‌خاكی توركیاوه‌ هێرشی موشه‌كی بكرێته‌ سه‌ر و سیستمی به‌رگری موشه‌كی رێكخراوی ناتۆ له‌ خاكی توركیا به‌كاربهێنرێت بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئێران، ئه‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ توركیا ده‌كاته‌ ئامانجی هێرشه‌ موشه‌كه‌كانی.
پێشتر به‌رپرسانی ئێران ئاماژه‌یان به‌وه‌ده‌كرد گه‌ر هێرش بكرێته‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان، بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ یه‌كه‌مینجار وڵاتی ئیسرائیل موشه‌ك باران ده‌كه‌ن.
عه‌لی حاجی زاده‌ به‌رپرسی سیستمی به‌رگری ئاسمانی ئێران وتی: “گه‌ر سیستمی موشه‌كی ناتۆ دژ به‌ ئێران به‌كاربهێنرێت وڵاتی توركیا ده‌بێته‌ ئامانجی یه‌كه‌می هێرشی ئێران، ئه‌م لێدوانه‌ش له‌دوای ترسی وڵاتانی خۆرئاوایه‌ له‌ توانای ئه‌تۆمی ئێران و نیگه‌رانی ئێرانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ توركیا به‌ هۆی ده‌ستێوه‌ردانی له‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی سوریا”.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمی نێوده‌وڵه‌تی راپۆرتێكی ده‌ركرد كه‌ تیایدا نیگه‌رانیی ته‌واوی خۆی ده‌ربرِیبوو دژ به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی ئێران، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مریكا گوشاری ئابووری توندتر كرد به‌رامبه‌ر به‌ تاران و ئیسرائیلیش ئه‌گه‌ری هێرشی ئاسمانی دژ به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانی خسته‌ به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه‌.
ساڵی رابردوو توركیا هه‌وڵی ناوبژیوانی دا بۆ تاوتوێكردنی قه‌یرانی ئه‌تۆمی ئێران و هه‌ر له‌ ساڵی 2011 دا سیستمی راداری به‌رگری موشه‌كی ناتۆ كه‌وتۆته‌ كار به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی موشه‌كی ئێرانی، هه‌رچه‌نده‌ لێدوانه‌كانی سه‌ركرده‌كانی ئێران هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی دژایه‌تیكردنی خۆرئاواو نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووه‌، به‌ڵام یه‌كه‌مینجاره‌ تاران راسته‌وخۆ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا بكات.