به‌سه‌رپه‌رشتی مام جه‌لال مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك كۆده‌بێته‌وه‌

PUKmedia 09:20:38 2011-11-28

به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێواره‌ی دوێنی 27-11 مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك كۆبۆوه‌و بارودۆخی عیراق و په‌یوه‌ندی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌گشتی و ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی نێوان لیستی عیراقیه‌و ده‌وڵه‌تی یاسا هه‌روه‌ها شیعه‌و سوننه‌ به‌تایبه‌ت گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.
مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك نیگه‌رانی خۆی سه‌باره‌ت به‌و گرژی و ئاڵۆزییه‌ی نێوانیان ده‌ربڕی و به‌گرنگییه‌وه‌ چاره‌نوسی سه‌ركه‌وتنی حكومه‌تی هاوبه‌شی عیراقی تاوتوێكرد، له‌م قۆناغه‌شدا كه‌ گه‌لانی عیراق پێویستیان به‌چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی كێشه‌و گرفته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان هه‌یه‌، رێزگرتنی له‌ده‌نگی هاووڵاتیانی عیراقی به‌ئه‌ركێكی نیشتیمانی و دیموكراسی وه‌سفكرد.
پاشان سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی سوریاو ئه‌گه‌ره‌كانی ئاینده‌ی ئه‌و وڵاته‌، ی.ن.ك به‌ووردی چاودێریكردنی هه‌لومه‌رجی سیاسی سوریاو ناوچه‌كه‌ی به‌ئه‌ركێكی گرنگ زانیوه‌و كۆبونه‌وه‌ هاوڕابون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ده‌ستوری نوێ، دابینكردنی مافی گه‌لی كورد له‌و وڵاته‌دا، دابینكردنی مافی ئازادی هێزه‌ سیاسییه‌كان، رێزگرتن له‌بنه‌ماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ، ته‌نیا رێگه‌ی چاره‌سه‌رو یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كانه‌و هیچ رێگه‌یه‌كی تر سودی نابێت، رێگه‌ی كوشت و كوشتاریش هه‌ڵدێری به‌دواوه‌یه‌.
له‌ته‌وه‌رێكی ترداو سه‌باره‌ت به‌به‌ستنی (كۆنگره‌ی هه‌مئاهه‌نگی كوردستانی)، كۆبوونه‌وه‌ رای وابوو راوێژكردن و پشت به‌ستن به‌به‌رنامه‌یه‌كی رێكوپێك بۆ سه‌رخستنی و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ كۆنگره‌كه‌، پێویستییه‌كی پێشوه‌خته‌ كه‌تیایدا هه‌موان به‌رپرسیارێتی قۆناغه‌كه‌و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ دیموكراسییه‌كان له‌ئه‌ستۆبگرن.
له‌دوا ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌تایبه‌ت بوو به‌بارودۆخی ناوخۆی ی.ن.ك و رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌كان، مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك بڕیاریدا:
– دوو پۆستی له‌كاری رێكخراوه‌یی و حزبیدا بنبڕبكرێت و نه‌مێنێت و له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا كۆتایی پێ بهێنرێت.
– رێكخستنه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات رێك بخرێته‌وه‌و هاوئاهه‌نگی نێوان ئۆرگانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ش تۆكمه‌تر بكرێت.
بۆ هه‌موو ئه‌و مه‌به‌ستانه‌، جێگرانی سكرتێری گشتی و ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و مه‌كته‌بی رێكخستنی ی.ن.ك راسپێردران به‌زووترین كات و له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش رێكبخه‌ن و بڕیاری كۆتاییانی له‌سه‌ر بده‌ن.