سه‌رۆك تاڵه‌بانی و جۆ بایدن له‌په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا دۆخی عیراقیان تاوتوێكرد

کوردستانی نوێ…..ئێواره‌ی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 22/12/2011، سه‌رۆك مام جه‌لال په‌یامێكی ته‌له‌فۆنی له‌ جۆ بایدن جێگریسه‌رۆكی ئه‌مریكاوه‌ پێگه‌یشت و پێكه‌وه‌ باسی دواین گۆڕانكاریی عیراقیان كرد، له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌وه‌ ته‌نگژه‌یه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌فته‌وه‌ دروست بووه‌…
له‌وباره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا دووپاتیكرده‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ستایشی هه‌موو ئه‌و هه‌وڵ و ماندووبوونه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌كات كه‌خستوویه‌تییه‌ گه‌ڕ له‌پێناوی كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له‌ڕێی دیالۆگ و وتووێژی دۆستانه‌وه‌.
له‌میانه‌ی گفتوگۆ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا به‌ڕێز بایدن دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی پشتیوانی ته‌واوی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی هه‌یه‌ له‌هه‌وڵه‌كانیدا بۆ گه‌مارۆدانی قه‌یرانی ئێستای عیراق و رێگرتن له‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی، ئاماژه‌شیكرد بۆئه‌وه‌ی كه‌ باڵیۆزی ئه‌مریكای له‌عیراق راسپاردووه‌ هاریكاریی زیاتر بكات بۆ سه‌رخستنی كۆششه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال.
له‌كۆتاییشدا جێگر بایدن، سوپاسی سه‌رۆك كۆمار تاڵه‌بانی كرد بۆ هه‌وڵ و ماندوبوونه‌كانی و وتی: ((هه‌میشه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ نیشتمانیییانه‌ له‌ئێوه‌ ره‌چاو ده‌كرێت، ئه‌و ماندووبوونه‌ دڵسۆزانه‌یه‌ش بۆ ولاته‌كه‌تان هه‌ر له‌ئێوه‌دێت)).
پێشوازییكرد له‌وه‌فدێكی بازرگانی و ئابووریی ئێران
هه‌ردوێنێ سه‌رۆك مام جه‌لال له‌سلێمانی پێشوازییكرد له‌وه‌فدێكی بالای بازرگانی و ئابووریی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تیی  حه‌سه‌ن كازمی قومی باڵیۆزی پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌عیراق.
له‌و دیداره‌دا كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی و مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تیی ی.ن.ك ئاماده‌یبوون، بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا له‌باره‌ی گرنگیی فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كۆماری عیراق و كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌لایه‌ك و ئێران و هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌.
پیرۆزبایى له‌ئیمپراتۆرى ژاپۆن كرد
سه‌رۆك مام جه‌لال بروسكه‌یه‌كى پیرۆزبایی ئاراسته‌ى خاوه‌نشكۆ ئاكی هیتۆ ئیمپراتۆرى ژاپۆن كرد به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى له‌دایكبوونی به‌ڕێزیانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌قى برووسكه‌كه‌یه‌:
خاوه‌نشكۆ ئیمپراتۆر ئاكی هیتۆ
ئیمپراتۆرى ژاپۆن
سلاوێكى گه‌رم
له‌یادى له‌دایكبوونى به‌ڕێزتاندا، خۆشحاڵم گه‌رمترین پیرۆزباییتان ئاڕاسته‌ بكه‌م و داواى ته‌ندروستى باش و به‌خته‌وه‌ریتان بۆ ده‌كه‌م.
له‌م بۆنه‌یه‌دا، سوورین له‌سه‌ر پته‌وكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو ولات و گه‌له‌كه‌مان و گه‌شه‌پێدانى هاریكارییه‌كان له‌هه‌موو بواره‌كاندا.
سلاو و رێزمان قبووڵ بفه‌رموون.
دڵسۆزتان
جه‌لال تاڵه‌بانى
سه‌رۆك كۆمارى عیراق
بروسكه‌یه‌كى پیرۆزبایى له‌سه‌رۆكى كۆنفیدراڵى سویسراوه‌ پێگه‌یشت
به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى سه‌رى ساڵه‌وه‌، سه‌رۆك مام جه‌لال نامه‌یه‌كى پیرۆزبایى له‌خاتوو میشلین كالمى سه‌رۆكى كۆنفیدرالى سویسراوه‌ پێگه‌یشت.
له‌نامه‌كه‌یدا، خاتوو میشلین كالمى گه‌رمترین پیرۆزبایى خۆى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك مام جه‌لال كردو هیوایخواستووه‌ ساڵى داهاتوو پڕ بێ له‌خێرو ئاسووده‌یى