مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك داوا له‌ توركیا ده‌كات له‌ هۆكاری رووداوه‌كه‌ی شه‌رناخ بكۆڵێته‌وه‌

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك سه‌باره‌ت به‌ كاره‌ساته‌كه‌ی شه‌رناخ
PUKmedia  2011-12-30   21:54:09
له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان پرسه‌و سه‌رساخی خۆی به‌ ماڵباتی قوربانیانی كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی كوردانی سڤیلی كوردستانی توركیا راده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات داوا له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كات به‌وردی به‌ دوای هۆكاره‌كانی ئه‌و رووداوه‌دا بچێت و لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر جۆره‌ كه‌مته‌رخه‌می و ئه‌نقه‌ستكارییه‌ك بكات و كه‌سوكاری قوربانیانیش له‌ڕووی مه‌عنه‌وی و هه‌روا به‌ شێوازی تریش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.–
ئه‌مه‌ش ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌یه‌:
كوردستانیانی خۆشه‌ویست
كه‌سوكاری قوربانیان
به‌وپه‌ڕی په‌رۆش و خه‌مبارییه‌وه‌، هه‌واڵی شه‌هیدبوونی پۆلێك له‌ كوردانی سڤیلی كوردستانی توركیامان پێگه‌یشت و دیمه‌نه‌ دڵهه‌ژێنه‌كانی شه‌هیدانمان بینی كه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌و سایته‌كانی هه‌موو دنیادا بڵاوبووه‌وه‌، كه‌ تاوانێكه‌ مایه‌ی ئیدانه‌كردنێكی تونده‌.
ئه‌و هێرشه‌ ئاسمانییه‌ی كه‌ ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زین و ناخ هه‌ژێنه‌ی لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێته‌وه‌ كه‌ تا ده‌نگی شه‌ڕ ده‌نگی زاڵ بێت، ئه‌وا روودانی كاره‌ساتی له‌و جۆره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و برینه‌كان قووڵترو كولاوه‌تر ده‌كات، بۆیه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ك هه‌میشه‌ رایگه‌یاندووه‌ جارێكی دیكه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێته‌وه‌، كه‌ تاكه‌ رێگه‌ بۆ نه‌هێشتنی كاره‌ساتی دڵته‌زین، رێگه‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورده‌ له‌ توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌و سه‌رده‌مییانه‌.
وه‌ك چۆن رووداو و كاره‌ساته‌كانی مێژووێكی دوورودرێژ ئه‌و راستییه‌ سیاسییه‌ش ته‌ئكید ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئارامی و ئاسایشی وڵاتی توركیای هاوسێیمان، كه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستانی عیراقیش گرنگ و پێویسته‌، ته‌نیاو ته‌نیا به‌ زاڵكردنی ده‌نگی ئاشتی و ره‌نگی برایه‌تی نه‌ته‌وه‌كانی وه‌دی دێت.
بۆیه‌ به‌بۆنه‌ی ئه‌و كاره‌ساته‌ خوێناوییه‌وه‌ جارێكی دیكه‌ش داوا ده‌كه‌ین كه‌ دیالۆگ و دانوستان ببێته‌ نه‌خشه‌ رێگاو ده‌نگی تفه‌نگ و تۆپ و فڕۆكه‌ بێ ده‌نگ بكرێت.
سه‌باره‌ت به‌ خودی رووداوه‌ كاره‌ساتباره‌كه‌شه‌وه‌، داواكارین حكومه‌تی توركیا به‌وردی به‌ دوای هۆكاره‌كانی ئه‌و رووداوه‌دا بچێت و لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌ر جۆره‌ كه‌مته‌رخه‌می و ئه‌نقه‌ستكارییه‌ك بكرێت و كه‌سوكاری قوربانیانیش له‌ڕووی مه‌عنه‌وی و هه‌روا به‌ شێوازی تریش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.
له‌كۆتاییدا پرسه‌و سه‌رساخی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ماڵباتی قوربانیان راده‌گه‌یه‌نین و خۆمان به‌ تازییه‌دارو هاوخه‌م ده‌زانین.
سڵاو له‌ گیانی پاك و به‌رزی قوربانیان
براوه‌و باڵابێ ئاشتی، دۆڕاو و رسوابێ شه‌ڕ