راگه‌یاندنێك له‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌كاره‌ساتی شه‌رناخ

2011-12-30   20:35:32   PUKmedia

له‌ راگه‌یاندنێكدا سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی كه‌س و كارو بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی پارێزگای شه‌رناخ ده‌كات، هاوكات داوا ده‌كات كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان به‌ڕێگه‌ی ئاشتی و دیالوگ چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌://

به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی مه‌ده‌نی كورد له‌ سنووری پارێزگای شه‌رناخ بوونه‌ قوربانی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی دڵته‌نگی خۆی به‌رامبه‌ر به‌م كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌، دوا ده‌كات كێشه‌و ناكۆكییه‌كان به‌ڕێگه‌ی ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆئه‌وه‌ی چیتر خوێنی هاووڵاتیانی مه‌ده‌نی نه‌ڕژێت و ئاشتی بنه‌ڕه‌تی له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رقه‌رار بێت.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ ده‌كات.

سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
هه‌ولێر
30-12-2011