د.به‌رهه‌م: ده‌ركه‌وته‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی ی.ن.ك و پ.د.ك زامنی ئاشتییه‌ له‌ كوردستاندا

PUKmedia   16:31:29   2011-12-29
د. به‌رهه‌م ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتییی نیشتمانیی كوردستان  ئاماژه‌ی به‌وه‌دا وه‌ك چۆن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ مێژوی خۆی داهێنه‌رو ره‌چه‌شكێن بووه‌، پێویسته‌ بۆ قۆناغی داهاتوش هێزو وزه‌ی سازبده‌ینه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی وه‌لاَمده‌ره‌وه‌ی ئیستیحقاقاته‌كانی قۆناغی ئه‌مڕۆی ژیانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و توێژه‌ جیاجیاكانی بێت. ته‌ئكیدیشیكرده‌وه‌ یه‌كێتیی له‌سایه‌ی رێبه‌رایه‌تی مام جه‌لال و مێژووه‌ سه‌نگینه‌كه‌ی و هیمه‌تی هه‌ڤاڵه‌كانی ده‌توانێت حزبی ئاینده‌ش بێت چونكه‌ كه‌ره‌سته‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌و نوێبونه‌وه‌ی تێدایه‌و چاوه‌ڕوانی گه‌لیش هه‌ر وه‌ك چۆن یه‌كێتیی حزبی سه‌روه‌ریی و شانازییه‌كانی رابردووه‌ ده‌بێ ئاوهاش به‌رنامه‌رێژی ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ كوردستان پێبێت.
جێگری سكرتێری گشتی ئه‌م قسانه‌ی له‌ كۆبونه‌وه‌ی فراوانی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دا كرد كه‌ به‌ ئاماده‌بونی عادل موراد سكرتێری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و جێگره‌كانی و بڕیارده‌رو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌که‌ به‌ڕێوه‌چوو .
سه‌ره‌تای كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ 29-12 له‌هۆڵی شه‌هید شازاد سائیب له‌ مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو به‌ خوله‌كێك رێزلێنان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكردو عادل موراد كۆبونه‌وه‌كه‌ی كرده‌وه‌و سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی د.به‌رهه‌می كردو رونیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ جێگری سكرتێری گشتی ره‌وشی سیاسی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌و گۆڕانكاریه‌كانی ئه‌مساڵ بۆ هه‌ڤالاَنی ئه‌نجومه‌ن رونده‌كاته‌وه‌.
له‌سه‌ره‌تای قسه‌كانیدا د.به‌رهه‌م بایه‌خی بونی دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئه‌مڕۆی خه‌باتی رونكرده‌وه‌، وتیشی: مام جه‌لال و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی به‌گرنگییه‌وه‌ له‌ رۆڵی ئه‌م په‌رله‌مانه‌ یه‌كێتییه‌ ده‌ڕوانن و هه‌رخۆی هه‌ڵبژاردنی عادل موراد كه‌ ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو تێكۆشه‌رێكی دیاری یه‌كێتییه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌م بایه‌خپێدانه‌یه‌، هه‌روه‌كو كاره‌كانی پێشوی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی به‌ باشی هه‌ڵسه‌نگاندو هیوای خواست سه‌رۆكایه‌تی نوێیش ئه‌وئه‌ركانه‌ی له‌سه‌ر شانیه‌تی به‌ باشی و لێوه‌شاوه‌یی جێبه‌جێب كات و چاودێرێكی باشبێت به‌سه‌ر ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌.
د.به‌رهه‌م باسه‌كه‌ی خۆی كرد به‌چه‌ند ته‌وه‌رێكه‌وه‌ كه‌ بریتیبوون له‌ ته‌وه‌ری دۆخی گۆڕانكارییه‌كانی رۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست له‌ 2011 دا، دۆخی عیراق له‌ دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها ره‌وشی كوردستان و پێویستی یه‌كڕیزی نیشتمانی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان له‌ ساڵی ئاینده‌دا.
له‌ ته‌وه‌ری بارودۆخی رۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاستدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مساڵ كۆمه‌ڵێك رژێمی ئیستیبدادی و گه‌نده‌ڵ له‌ناوچوون كه‌ سیمای كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مبوون له‌ رۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاستداو وتیشی: هه‌رچه‌نده‌ ئاینده‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ رۆشن نین و نازانرێت ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌ یان نا، به‌لاَم كه‌س ناتوانێ نكۆڵی له‌وه‌ بكات ئه‌و رژێمه‌ ئیستیبدادیانه‌ كۆتاییان پێهات و میللـه‌تانیان به‌ حوكمی دیكتاتۆری و گه‌نده‌ڵی رازی نه‌بوون، بۆ ئێمه‌ ئه‌م هه‌ژانه‌ جێگای هه‌ڵوه‌سته‌ كردنه‌ به‌ تایبه‌تیش دۆخی سوریا كه‌ هاوكێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م چه‌ندین ئه‌گه‌ره‌وه‌، ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌  هه‌م ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه‌، هه‌م ده‌رفه‌تێكیشه‌ ئه‌گه‌ر بتوانین باش كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و خۆمانی بۆ ساز بده‌ین ئه‌وا ده‌توانین سه‌ده‌ی بیستویه‌ك بكه‌ینه‌ سه‌ده‌ی ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و جێگیركردنی مافه‌كانی گه‌لی كورد، دۆخی عیراقی دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكاش له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌گه‌ره‌ تازه‌كاندا ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌م ته‌نگژه‌یه‌ی ئێستای عیراق كه‌ ده‌ریخست كورد فاكته‌ری ئارامی و رۆڵگێرانی ئیجابیه‌، پێویسته‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ی كورد به‌ قازانجی جێبه‌جێكردنی داخوازییه‌كانمان بخه‌ینه‌گه‌ر.
هه‌ر له‌ ته‌وه‌ره‌ی عیراقدا، جێگری سكرتێری گشتی ته‌ئكیدی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كرده‌وه‌، وتیشی: رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژی یه‌كێتیی و پارتی له‌م قۆناغه‌شدا بایه‌خ و گرنگی خۆی ده‌رخسته‌وه‌ كه‌ زامنی ئارامی و ئاشتییه‌ له‌ كوردستاندا، رونیشیكرده‌وه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ مایه‌ی پێچانه‌وه‌ی قۆناغی ناكۆكی و به‌دیهاتنی ده‌سكه‌وتی زۆر بوون بۆ گه‌له‌كه‌مان، وه‌كو یه‌كێتیی و پارتیش پێویسته‌ بزانین كوردستانی ئێستا كوردستانی نه‌وه‌ده‌كان نیه‌  هێزو لایه‌نی دیكه‌ش رۆڵیان په‌یدا كردووه‌و بۆ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان پێویستمان به‌ لێكگه‌یشتن و گوتاری هاوبه‌ش هه‌یه‌، بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان یه‌كێتیی و پارتی و لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش ده‌بێت به‌رپرسیارێتیان تێدا هه‌بێت،  به‌لاَم ئه‌زمونی میللـه‌تانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش پێمان ده‌ڵێت كه‌ له‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك و گوتاری هاوبه‌شی هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا ده‌بێت خواستی خه‌ڵكی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان بنچینه‌بن و ئامانجی هاوبه‌شی حیزبه‌كانی حكومڕان و حیزبه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیش خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی میللـه‌ت  بن .
د.به‌رهه‌م ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ قولاَیی ره‌سه‌نی یه‌كێتیی و هه‌ر هێزێكی كوردستانی ره‌زامه‌ندی میللـه‌ته‌كه‌ی خۆمانه‌، وه‌كو یه‌كێتیی میللـه‌ته‌كه‌مان خاڵی به‌ هێزو پشتیوانی ئێمه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت گله‌یی و داخوازییه‌كانی چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
د. به‌رهه‌م له‌باسی ره‌وشی ئه‌مڕۆی یه‌كێتییدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ دۆخی قۆناغی رابردوو راسته‌ نیگه‌رانی كردین، به‌لاَم تاقیكردنه‌وه‌یه‌كیش بوو  بۆ یه‌كێتییه‌كه‌ی خۆمان كه‌ داخۆ چۆن له‌گه‌ڵ ته‌حه‌دداكانی به‌رده‌می مامه‌ڵه‌ ده‌كات و سه‌ربه‌رزانه‌ ته‌نگژه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كێتیی به‌ سه‌نگ و رۆڵی مێژویی جه‌نابی مام جه‌لال و به‌ هیمه‌تی هه‌ڤاڵه‌كانی و رابردوی پڕ سه‌روه‌ریی و خوێنی قوربانی و شه‌هیدو خه‌باتگێڕه‌كانی وزه‌ی پێویستی بۆ قۆناغی داهاتوش پێیه‌، كادرو تێكۆشه‌ره‌كانی یه‌كێتیی له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كاندا كه‌ره‌سته‌ی چاكسازی و نوێبونه‌وه‌ن، به‌مه‌رجێ باش سه‌ركردایه‌تی و رێنوێنی بكرێن بۆئه‌وه‌ی له‌ناو ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی یه‌كێتییه‌وه‌ پرۆژه‌ی ئاینده‌ساز بین و پێكه‌وه‌ یه‌كێتیی بكه‌ینه‌ هه‌وێنی چاكسازی،  ته‌حه‌دای زۆرمان تێپه‌ڕاندووه‌، ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌مان له‌ پێشه‌ كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ شێوازی ته‌قلیدی حزبیی تێپه‌ڕێنین و یه‌كێتیی  بكه‌ینه‌ حزبی ئاینده‌.
جێگری سكرتێری گشتی وتی: له‌ناو ماڵه‌كه‌ی یه‌كێتییدا كه‌ ماڵی هه‌مو تێكۆشه‌رانێتی پێكه‌وه‌ هه‌مومان به‌ رابه‌رایه‌تی جه‌نابی مام جه‌لال ده‌بێت كاربكه‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئیستحقاقاته‌كان و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و وه‌لاَم دانه‌وه‌ی پێداویستیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌و سه‌رده‌م.
له‌ كۆتایی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌  بیروراو سه‌رنج و تێبینی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ڤاڵانی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندیشی تێكه‌وت د.به‌رهه‌م باسی ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م دوو ساڵه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌می كردو وتی: شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌ بوو بۆ من كه‌ نوێنه‌رایه‌تی یه‌كێتییم كرد له‌ حكومه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین خزمه‌تی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و به‌شێك له‌ قه‌رزی سه‌رشانمان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی بده‌ینه‌وه‌، بێگومان بێ پشتیوانی جه‌نابی مام جه‌لال و جه‌نابی كاك مه‌سعودو پشتیوانی هه‌ڤالاَنی دڵسۆز  نه‌مان ده‌توانی له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمدا ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانمان جێبه‌جێبكه‌ین.