مەلا بەختیار لەدیدارێکی لەگەڵ سەتەلایتی گەلی کوردستاندا: ساڵ بەساڵ کوردستان لەئاوەدانی و پێشکەوتن و ئازادیدایە ‌

کوردستانی نوێ…22/12/2011

*ھاوکێشەی ئاڵوگۆڕ  لەناوچەکەدا دۆستی دوێنیی کرد بەدوژمنی ئەمڕۆ و بەپێچەوانەشەوە

سەتەلایتی گەلی کوردستان لەمیانی بەرنامەیەکی تایبەتیدا میوانداریی ھەڤاڵ مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی کرد  کە ھاوکات بوو لەگەڵ یەکەمین ساڵیادی راپەڕین و خرۆشانەکانی گەلانی وڵاتانی عەرەب و ئەو گۆڕانکاریی و جەمسەربەندییانەی کە لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھاتوونەتە ئاراوە لەماوەی ئەو ساڵەدا و کاریگەرییان بەسەر عیراقء کوردستانەوە، بەتایبەتی لەسەروبەندی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکادا، ھەروەک بۆ تیشک خستنەسەر تێڕوانینی یەکێتی بۆ پەیوەندییە کوردستانی و عیراقیء ئیقلیمیء نێودەوڵەتییەکانی چۆنێتیی خۆئامادەکردنی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بۆ ھەر ئاڵوگۆڕو ئەگەرێک کە بێتەئاراوە، کوردستانی نوێ لەبەر گرنگیی بابەتەکە بەپێویستی زانی ناوەڕۆکی ئەو بەرنامەیە بڵاوبکاتەوە.
بەشی یەکەم

*نووسەرێک دەڵێت ئەوەی لەجیھانی عەرەبیدا روویدا شتێکی چاوەڕوان نەکراوبوو، بتەکان کەوتن، ئەو بتانەی کە بەزەبری ئینقیلاب ھاتن، بەڵام بەچەپڵە رۆیشتن، تەنانەت ئەو نووسەرە دەپرسێت تۆ بڵێی ئەوەی روویدا خەو نەبێت، دوای ئەم رووداوانە رۆیشتنی بن عەلی، کوشتنی قەزافی، دادگاییکردنی موبارەک، دەستاودەستکردنی دەسەڵات لەیەمەن، ئێستاش دەڵێن، دەبێت بەشاریش بڕوات. ئەم رووداوانە چۆن دەخوێنیتەوە؟
مەلا بەختیار: مادام ئێمە لەکۆتایی ساڵین و بەرەو ساڵی نوێ دەڕۆین، پێش ھەموو شتێک من بەھەلی دەزانم کە پیرۆزبایی لەگەلەکەمان بکەم، بەبۆنەی ساڵی نوێوە، ئومێدەوارین ئەمساڵیش دوور لەھیچ رووداوێکی ناخۆش جەژنی سەری ساڵ لەکوردستان بگێڕین. لەوەڵامی پرسیارەکەشتدا ئاوا دەست پێدەکەم: نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژوو ساڵ بەساڵ دۆخی خراپتر بووە، بەتایبەتی لە٢٠٠ بۆ ٢٥٠ ساڵی رابردوو، بۆیە پەندێک ھەیە لە کوردەواریدا دەڵێ: (ساڵ بەساڵ خۆزگەم بەپار)، لەبەرئەوەی ئەمساڵی خراپتر بووە لەپاری، پاری زۆر خراپتربووە لەپێرارو ساڵانی پێشوو، بۆیە ئەوە پەندێکە لەناخەوە بەئازارەوە دەربڕدراوە لەمێژووی نەتەوەیی ئێمەدا، بەڵام پێموابێت ساڵەھایە ئەو پەندە گۆڕراوە، ساڵ بەساڵ باشتر لەپار، ئێستا ھەموو ساڵێک باشترین لەپار، باشترین لەسەر ئاستی دونیا، ئاڵوگۆڕ زۆر روودەدا، باشترین لەسەر ئاستی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست مەترسییەکان ھەتادێت لەبەردەمماندا کەم دەبنەوە، باشترین لەسەر ئاستی عیراق کە جارێکیتر ئێمە ئەو مەترسییەمان نییە کە لەعیراقدا دەستوور بپێچرێتەوە، پێشیلکاریی مافە دیموکراتییەکانمان بکرێت بەو شێوانەی کە لە٧٠ بۆ ٨٠ ساڵی رابردوو کراوە، باشتریشین لەکوردستان لەبەرئەوەی کە ساڵ بەساڵ کوردستان لەئاوەدانی و پێشکەوتنء ئازادیدایە، سەرەڕای ئەوە ھێشتا کێشمەکێش و ململانێمان ھەیە، کە رەنگە ئەوەش ھەر زادەی ئەو دۆخە دیموکراسییە بێت کە لەکوردستاندا ھەیە.
سەبارەت بەو بارودۆخەی کە لەخۆرھەڵاتدا ھەیە قسەو باس لەسەر ئەم بارودۆخە زۆرە، لێکدانەوە زۆرە، بەڵام ھێشتا کاتەکە کەمەء بەتەواوەتی لێکبدرێتەوە لەڕووی بابەتییەوە، لەڕووی خۆییەوە، وڵات بەوڵات، کۆمەڵ بەکۆمەڵ، حزب بەحزب، رەوت بەڕوت، لێکبدرێتەوە و ئەنجامەکانی دەربخرێ.
بەبڕوای من خۆرھەڵاتی ناوەڕاست وەکو ئەوروپا، وەکو خۆرئاوا، پێشینەیەکی نییە لەگۆڕانکارییە مێژووییەکان، گۆڕانکارییەکان لەپەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لەبنەمای ئابووریی، لەعەقڵ، لەمەنتق، لەئاینسازیی، لەکۆمەڵێک لەو دەستکەوتە شارستانیء عەقڵانییەی کە بەدرێژایی مێژوو ھەبووە، ئەوەی کەبوو بەمامانی لەدایکبوونی وەرچەرخان یا وەرچەرخانی گەورە لەمێژووی خۆرئاواییدا، لەڕاستیدا کە شۆڕشی دیموکراسی ھاتە سەرکار وەکو شۆڕشێکی لەکتوپڕ سەرھەڵدراو وانەبوو پێشینەیەکی ھەبوو کە کۆمەڵەکانی رێژوژوو کردبوو، عەقڵەکانی گۆڕی بوو، زیھنییەتی خەڵکی گۆڕی بوو، کولتوورێکی تازەی ھێنابووە گۆڕێ، پرسیاری تازەو وەڵامی تازەشی خوڵقاندبوو لەگەڵ خۆیدا، شۆِرشی پیشەسازی و پەیوەندییەکان و ھێزەکانی بەرھەمھێنانی گۆڕی، چینی تازەی ھێنایە گۆڕێ، چینی سەرمایەداریی، چینی کرێکاران، بۆرجوای نیشتمانیی، دواتر سەرەنجامی ئەمانە وردەوردە بزوتنەوەیە پەیدا بوو بەناوی بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی خۆرئاواییی لە وڵاتاندا کە تێکەڵ بە بازاڕ تێکەڵ بە یەکگرتنی بازاڕ و زمانی یەکگرتووی بازاڕو تێکەڵ بە عەقڵانییەتی سەردەم وە بە فەلسەفە دانراوەکانی ئەوروپا بوو، سەرەنجام ھەم سەرمایەداریی بوو بە چینێکی سەربەخۆ، ھەم بۆرجوازیی، ھەم ناسیۆنالیزم بەکامڵی خەمڵی وردە وردە بوو بە خاوەن خیتاب و فەلسەفەی خۆی بووبە خاوەنی یەکەڵابوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و سەنگەرو ئاراستە جیازەکان و فەلسەفە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی، بۆیە دەبینین لە سەدەی ھەژدەھەم و نۆزدەھەم و بیستەم بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی قوڵ لەنێوان چینەکان لەنێوان توێژەکان لەنێوان فەلسەفەکان لەنێوان ئایدۆلۆژییەتەکاندا ھەیە، سەرەنجام ستراتیژی دیموکراسیی فەلسەفەی حکومڕانی دیموکراسی توانی جەدارەتی خۆی شایستەیی مێژووی خۆی دەربخاو سەرکەوتن بەدەست بھێنێ، لەناو ھەلومەرجێکی ئاوای خۆرئاوادا کە فەلسەفە، کە ئایدۆلۆژییەت، کە سیاسەت، کە پیشەسازیی، کە رۆشنگەریی، کە ئاینسازیی، کە عەقڵانییەت، کە مەنتق، کە زانست زانیاریی گەردوون ناسیی ھەموو ئەمانە تێکەڵاڵ دەبن وە دەبن بە مەنزومەیەکی کامل لە خورافیاتەوە، عەقڵ دەبێت بە چەقی بیرکردنەوە، عەقڵ ئەبێت بە حکوم، عەقڵ ئەبێت بە دادوەر بۆ بیرکردنەوە لە چۆنییەتی رێکخستنەوەی ژیان، وە بیرکردنەوە لە گەردوون لە بارودۆخێکی ئاوادا بە بێگومان ھەم سەرمایەداریی دەتوانێت دەوریی مێژوویی خۆی ببینێ ھەم کرێکاران دەچێتە خانەی خۆی وە دەتوانێ مافە پیشەیی و سەندیکاییەکانی خۆی بەدی بھێنێک ھەم ئازادییەکان بەدی دێن، ھەم مەدەنییەت بەدی دێ، ھەم مافەکانی ژن وردە وردە بەدی دێ، یەکسانی بەدی دێ، ھەم پەرلەمان دەبێت بە پەرلەمان سیستم دەبێت بە سیستم، دەستوور دەبێت بەدەستوور، لەناو ئەو چوارچێوەیەشدا کە ئەرکە مێژووییەکانی شۆڕشی دیموکراسیی خانە بەخانە ئاراستە بە ئاراستەو قۆناغ بە قۆناغ دێتەدی لەناوی ئەو چوارچێوەیەشدا ئاین مەزھەب دەچێتەوە خانەی سروشتی خۆیەوە ناتوانێت ببێت بە نەریت و کەلەپوور ناتوانێت ببێت بە پێوەر بۆ سیاسەت و ئایدۆلۆژییەت بۆ کۆمەڵ بۆ چین بۆ سیستم بۆ دەستوور بۆ تاک و خێزان بۆ ئازادییەکان نابێت بە سەرچاوەی یاساو سەرچاوەی بیرکردنەوە و بڕیاردان و سەرچاوەی ئەحکامەکان لەسەر ھەرچی ھەیەو نییە، لەبەرئەوە دەبینین ئەوروپا توانی قۆناغەکان ببڕێت ھەموو چینێک ھەموو فەلسەفەیەک ھەموو دین و مەزھەبێک تەنانەت لائیک تەنانەت نادینیی چووە قاڵبـی سروشتی خۆیەوە، بەڵام لە وڵاتی ئێمە بۆئەمەی تۆ دەیبینی بەمجۆرە روویدا؟ ئەو پێشەکییەم بۆ ئەوەبوو ئەمە لێکبدەمەوە، بۆچی ئەمە روودەدات لەناو چەندین وڵات کە سەد ساڵە ئەمانە دەیانەوێت دەوڵەتی ناسیۆنالیستی عەرەبی دابمەزرێنن، سەد ساڵە ئەمانە دەیانەوێت دەوڵەتی دیموکراسی بەناو مۆدێرنە دابمەزرێنن، بۆ ئەمە روویدا؟ لەبەرئەوە روویدا کە لەم وڵاتانە ناسیۆنالیزم بە مانای ناسیۆنالیزم کە لەدایک بووی پێویستییەکان و قۆناغەکان و پێشکەوتنەکان و ژانە فکری، فەلسەفی، پیشەسازیی، کۆمەڵایەتییەکان لەدایک نەبووە.
کە ناسیۆنالیزم لەدایک نەبێت مانای ئەوەیە بنەمای ئابووریی لاوازە، مانای وایە چیینەکان نەخەمڵیون لەم وڵاتە، فەلسەفە و ھەموو پێکھاتەکانی ئەم وڵاتە ھێشتا بەکاڵوکرچی ماوەتەوە، ئەوەی کە لەوڵاتانی عەرەبی لەدوای جەنگی یەکەمی جیھانی پێی دەڵێن پیشەسازییء سەرمایەداریی و ناسیۆنالیزم لەژێر کاریگەریی ھاتنی کۆڵێنیالیزم دروستبووە، بازاڕی کۆڵێنیالیزم ھاتووە بۆلای ئێمە، سەرمایەگوزاریی کۆڵێنیالیزم ھاتووە بۆلای ئێمە، کارگەکانی کۆڵێنیالیزم ھاتووە بۆلای ئێمە، کۆڵێنیالیزم واتە: ئیستیعمار بەمانا کلاسیکییەکەی بەمانا دواکەوتووەکەی ھاتووە بۆ ئێمە، ھاتوون مۆنۆپۆلیان کردووین، پاوانیان کردووین، دەستی ھەرزانیان بەھەرزانتر بردووین، کەرەستەی خاویان دزیوین، تەنانەت کارگەکانیشیان بەستوونەتەوە بەخۆیانەوە کارگە ئەساییەکان نەوتی ئێمە ژێرخانی ئێمە سکەی قیتاری ئێمە ھەموو شتێکی ئێمەیان بەستووە بەخۆیانەوە، لەئەنجامدا دەستەبەری بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆیانیان کردووەو رێگربوون لەوەی کە گەشەسەندنێکی سروشتی لەکۆمەڵگەی ئێمەدا رووبدات، بەڵام بەتێپەڕبوونی زەمەن بەرژەوەندیی سەرمایەداریی، بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ئیستیعماریی، بەرژەوەندی دەوڵەتانی خۆرئاوا، سەرەڕای ئەوەی جێگۆڕکێ بووە، بریتانیا رۆیشتووەء فەرەنسا ھاتووە، فەرەنسا رۆیشتووەء ئەمریکا ھاتووە، ئەمریکا رۆشتووەء سۆڤییەت بەجۆرێک لەجۆرەکان کاریگەریی ھەبووە، ئەم بازاڕە راستە ئاڵوگۆڕی بەخۆوە دیووە، بەڵام ھاوئاھەنگییەک لەنێوان چۆنییەتی پاراستنی سیستمء بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداریی و ئەمجۆرە سیستمەی لەوڵاتانی ئێمە ھەیە و ئەمجۆرە چینە شەتەکدراوە بەسیستمی سەرمایەداریی بەناوی ناسیۆنالیزمء مۆدێرنێتەو بەناوی عەقڵی تازەوە جۆرێک لەکارلێک لەنێوانیاندا دروستبووە کە تەواوکەری یەکتربوون لەپەنجاکانەوە کە بزووتنەوەکانی رزگاریخوازیی نیشتمانی لای ئێمە روویدا، لەمیسر شۆڕشی تەمموزی ئەوێ سەرکەوت، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی عیراق سەرکەوت، ئاڵوگۆڕ لەتونس و سوریاو جەزائیر روویاندا، ئەمانیش ھاتن لەسەر بنەمایەکی لاوازی ئابووریی، لەسەر بزووتنەوەیەکی لاوازی نەتەوەیی ئەو چینە لاوازانەی کە بەناوی سەرمایەداریی ھەن بەبێ ئەوەی چینێکی سەرمایەداریی سەربەخۆبن لەبڕیاردانء بازاڕو یەکخستنی بازاڕو دروستکردنی سیستم، ئەمانە دروستبوون، بەڵام لەدواجاردا بەرژەوەندییان وابوو درێژە بەبارودۆخەکە بدەن، درێژە بەو حاڵەتە بدەن کە دەسەڵاتیان کەوتۆتە دەست سەرەنجام ھەر چوونە ناو بازنەیەکی بەرژەوەندیی ھاوبەشء کارلێکێکی بەرژەوەندیی ھاوبەش لەگەڵ ئەو جیھانەی کە ھەبوو، بەکودەتاش  درێژەیان پێدا بۆئەوەی بارودۆخەکان چارەسەربکەن، چەند کودەتا کراوە لەسوریا قەیرانەکەی چارەسەر نەکرد، چەند کودەتا کراوە لەعیراق قەیرانەکەی چارەسەر نەکرد، چەند ئاڵوگۆڕکراوە لەوڵاتانیتر قەیرانەکانی چارەسەر نەکرد، ئەمە وردە وردە پەنگی خواردەوە، بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی لاواز، دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی بێ دیموکراسی، بزوتنەوەیەکی دیموکراسی بەبێ بنەمای ئابووریی بەھێز ھەموو ئەمانە کۆبکەیتەوە لەئەنجامدا وادەبێت کە ھێزە ئیسلامییەکانی وڵاتانی ئێمە وەکو ھێزە مەسیحییەکانء ھێزە ئاینییەکانی وڵاتانی خۆرئاوا نەچوونە خانەی مێژوویی خۆیانەوە، ئەوانە لەناو خانەی عەقڵدا مانەوە، لەناو خانەی خێزانء  تێکەڵء پێکەڵی چینەکاندا مانەوە، لەناو خانەی ھەموو کۆمەڵدا مانەوە، ئەوانەء ئەحکامی ئەوان حکومی دەکرد لەسەر عەقڵ لەسەر کۆمەڵگە، لەسەر نەتەوەو سیستمء دەستوور، ئەم تێکەڵء  پێکەڵییە، ئەم ناسروشتی دروستبوونەی ئەم دەوڵەتانە ئەم بزوتنەوە ناسیۆنالیست و ئەم پێکھاتە چینایەتییانەی لەوڵاتی ئێمەدا ھەیە لەئەنجامدا فەزایەکی دروستکرد کە ھێزە ئیسلامگەراکان بەئاراستەی جیاوازیانەوە بتوانن سوودێکی زۆری لێوەربگرن، بەداخێکی زۆرەوە لەبەرامبەردا بزووتنەوەی دیموکراسی لاوازبوو، بزووتنەوەی چەپ زۆر زۆر لاوازە، واتە: چەپ لەپەراوێزی پەراوێزدایە ئێستا، بێگومان کە رووداوێکی ئاوا روودەدات، چ چینێک ئێستا سەرکردەی ئەم بزوتنەوانەیە.؟ ھیچ چینێک دیارنییە، چ ئایدۆلۆژییایەکی دیموکراسی ھاوچەرخ دەتوانێت رۆڵ ببینێت؟ ھیچ. چی دەتوانێت رۆڵ ببینێت.؟ ئیسلام، ئیسلام شوناسی یەک چین نییە، بەڵکو ئیسلام شوناسی سەراپایی ھەیە، ئیسلام شمولییەتی ھەیە، بۆ ئیسلام دەتوانێت مۆری خۆی بدات لەم بزووتنەوانە؟ لەبەرئەوەی چینە جیاجیاکانی ئەم بزووتنەوانە خۆیان ساغنەبوونەتەوە.
*کەواتە: دەرکەوتنی ھێزە ئیسلامییەکان لەم وڵاتانەدا لەڕێی شەرعییەتێکەوەیە کە پێی دەوترێ شەرعییەتی ھەڵبژاردن، ئەمە ناگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەو پڕۆژەیەی بەناو عەلمانییەت بوو، پڕۆژەی دیموکراسی بوو پڕۆژەی رۆشنفکرانی ئەو وڵاتانەبوو شکستی ھێناوە، کەواتە سەردەمی ئیسلامبوونی دەوڵەتداریی ئەم وڵاتانە لەئایندەدا دەبینرێت؟
*من خۆشبەختم لەوەی ئەو قسانەی کە کردم، ئەو ھەیمەنەتەی ئیسلامییەکان لەسەر کۆی کۆمەڵ ھەیانە لەسەر زۆرینەی عەقڵەکان ھەیانە لەھەڵبژاردندا، خۆشبەختم لەوەی کە ئەم رووداوانە کەوتە سەردەمی جیھانگیریی، چونکە ئەگەر نەکەوتایەتە سەردەمی جیھانگیرییەوە ھەرگیز ئەو پڕۆسە دیموکراسییەمان نەدەبینی کە لەتونس و  مەغریب و میسردا دەیبینی ئێستا، شتێکیان نەدەھێشت بەناوی دیموکراسییەوە، ئێستا ناتوانن سەرەڕای ئەوەی ئەوان لەھەڵبژاردندا زۆرینە دەھێنن، جگە لەبنچینەی دیموکراسی شتێکیتر قبووڵ بکەن، پێیان ناکرێت، لەبەرئەوەی پێیان ناکرێت ملیان کەچکردووە لەئاستی پێویستییەکانی چۆنییەتی گونجان لەگەڵ ئەم سەردەمەدا، لەبەرئەوە قبوڵکردنی دیموکراسی، بەمانای ئەوە نییە ئەم ھێزانە ھێزی دیموکراسین، بەڵکو بەو مانایەیە کە دیموکراسی بووە بەراستییەکء حوکمێکی مێژوویی کە قابیلی ئەوە نییە تۆ دەستکاریی بکەیت، راستە لەوڵاتانی ئێمەو خۆرھەڵاتدا شکستی ھێنا، بەڵام رەونەقی دیموکراسی و سەرکەوتن و شەپۆلەکانی دیموکراسی لەجیھاندا  قابیلی ئەوە نییە ئێستا وەکو چلەکان و پەنجاکان، وەکو سەردەمی ١٩٢٧و ١٩٢٨ی دامەزراندنی ئیخوان موسلمین مامەڵە لەگەڵ دیموکراسی بکەی، ھیچ ھێزێک ناتوانێت ئەو مامەڵەیە لەگەڵ دیموکراسی بکات، ھەرچەندە لەناخی خۆیاندا ئەگەر ھەلی ئایندە بێتە پێشەوە، ئەوانە چەند بتوانن لەپڕۆسە دیموکراسییەکە کەم دەکەنەوە، لەپەروەردە دیموکراسییەکەء لەبنەما دیموکراسییەکان و لەئاستە دیموکراسییەکە کەمدەکەنەوە، بەڵام ھێشتا ناتوانن وەکو سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستەم مامەڵە لەگەڵ دیموکراسیدا بکەن.
*لەیەکێک لەوتارەکانتدا ئاماژەت بەوەداوە کە بۆ خولێک ئاساییە ئەگەر ھێزە ئیسلامییەکان لەھەڵبژاردندا بیبەنەوە زۆر باشترە لەحاکمێتی دیکتاتۆرەکان، ئەمە گۆڕان نییە لەبیروبۆچوونی بەڕێز مەلا بەختیاردا؟
-نەخێر، ئەوە ئەنجامێکی مەنتقی و بابەتی ئەم رووداوانەیە کە ئێستا ھاتوونەتە پێشەوە، کە رووداو دێتە پێشەوە دەبێت بیخوێنیتەوە، ئەم گۆڕانکارییانە، ئەم رووداوو خرۆشانانەی کە لەوڵاتانی عەرەبییدا روویداوە، نەئێمە دروستمان کردووە، نەئێمەش دەتوانین رێی لێبگرین، بەڵام کە دروستبووە دەبێت لێکدانەوەمان ھەبێت بۆی، لێکدانەوە چییە، من دەڵێم بۆ خولێک یان بۆ دووخولء سێ خولیش بۆ خاتری تۆ، بۆ سێ خولیش ئەگەر ھێزێک بیباتەوە بەدڵمان نییە، بەڵام دیموکراسی ھەبێت، خول لەدوای خول دەستەبەری ھەڵبژاردن بکرێت بەدەستوورو پەرلەمان و راپرسیی گشتیی دەستەبەری دیموکراسی بکرێت کە ھەر ٤ ساڵ جارێک ھەڵبژاردن بکرێت کێ دەیباتەوە با بیباتەوە، بەڵام ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت ئەگەر ئەم رووداوانە روویاننەدایە ئەوا لەساڵی ١٩٥٣وە تائێستا لەمیسر کێ حکوم دەکات؟ لەناوەڕاستی شەستەکانەوە تائێستا لەسوریا کێ حکوم دەکات؟ ٣٥ ساڵ لەعیراقدا کێ حکومی کرد؟ لەسەردەمی بورقێبەوە تائێستا لەتونس کێ حکوم دەکات؟ لەمەغریبدا ئەوا زیاتر لە ١٢٠ ساڵە کێ حکوم دەکات؟ ئەم سیستمە شمولییانە بەناوی دیموکراسی و بەناوی دەوڵەتی نەتەوەیی و مۆدێرنەوە جارجار بەشەرمەوە باسی عەلمانییەتیان دەکرد، ئەمانە بمێنن باشە، یان لەقۆناغێک لە قۆناغەکاندا با دۆستە ستراتیژییەکانی ئێمە لەدیموکراسی نەیبنەوە، با ئەمانە بیبەنەوە، بەڵام بردنەوەی ئەمان کاتی بێت، دەرگاکان، پەنجەرەکان، کڵاوڕۆژنەکان، عەقڵەکان، ھۆشەکان، ململانێکان، کێبڕکێکان بکاتەوە، موبادەراتی جەماوەریی بکاتەوە، بزووتنەوەی سەندیکایی بچێتە پێشەوە، کامەیان باشە ئەگەرچی بە کاتی ھێزە دیموکراتەکان لەبەرئەوەی لاوازنء نایبەنەوە، با ئەمانە بیبەنەوە لەم گۆڕانکارییەدا، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە دەسپێرین بەگۆڕانکارییتر.
*بەڵام کاک بەختیار بۆچونێک ھەیە دەنووسرێت ئەمەی کە روویداو پێی دەوترا بەھاریی عەرەبی، بەھاری ئیسلامییەکانەو پایزی دیموکراسیییە، چونکە ئەم ھێزانە لەناوەڕۆکدا باوەڕیان بەشتێک نییە پێی بوترێ دیموکراسی، باوەڕیان بەفرەیی نییە، باوەڕیان بەکۆمەڵێک دروشمی گەورە نییە کە لەژێر تایتڵی دیموکراسیدا کۆدەبنەوە؟
-من پێموایە لەمەودوا خەباتی دیموکراتخوازەکان، چەپەکان، ئازادیخوازەکان، مەدەنیخوازەکان، عەلمانیخوازەکان، بەشێوەیەکی مەوزوعی لەبەرامبەر ھێزە نادیموکراتەکان، ھێزە دژە عەلمانییەکان، ھێزە دژە مۆدێرنەکان دەستپێدەکات، تائێستا لەڕووی بابەتییەوە ئەو ململانێیە لە نێوان ھێزە دیموکراتییەکاندا ریزبەندیی و سەنگەر بەندیی نەکرابوو، ساغ نەکرابۆوە کە کامانەن ھێزە دیموکراتەکان، کامەن ھێزە عەلمانییەکان کامانەن ھێزە مەدەنیخوازەکانء کامانەشن دژەکانیان، لەمەودوا ململانێکە رەھەندی جیاواز بەخۆیەوە دەگرێت، لەمەوپێش تێکەڵء پێکەڵ نەبوو، رەھەندی جیاوازی بەخۆیەوە نەگرتبوو، جەنابت دەڵێی ھێزە ئیسلامییەکان بەدیموکراسی بردیانەوە، مادام دیموکراسی ھەیە ھەتا دیموکراسی ھەبێت تۆ ناتوانیت حەق لەھێزە ئیسلامییەکان وەربگریت، ناتوانیت مافی ھاتنە ناو ھەڵبژاردنیان لێوەربگریت، بەدەست تۆ نییە، ئەمە بنەماکانی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر ئەوان ھاتنە سەر حوکم ئەو مەترسییە ھەیە منیش ئەو مەترسییەم زۆرە، دوای ئەوە بچەسپێت کە ھەڵبژاردنەکە دیموکراسی دەبێت ھاتنەسەر حوکم ئەگەر ئەوان ویستیان دیموکراسی بپێچنەوە کە ئێستا ھەندێک لەخیتابی بزووتنەوەی نەھزەی تونسی،  ھەندێک لەخیتابی ئیسلامگەراکانی مەغریب، سەلفییەکانی میسر، ھەتاڕادەیەکیش ئیخوان موسلیمینەکان توندڕەوییان پێوەدیارەء ناچنە ناو مەجلیسی تەئسیسیء مەرج دەسەپێنن، دەیانەوێت بەزۆرینەی پەرلەمانی دەستوور دابنێن کە دەستوور تەوافقێکە دەبێت ھەموو ھێزە سیاسییەکان، ھەموو کۆمەڵگە ھەموو رێکخراوەکان ھەموو تواناکان لەداڕشتنیدا بەشدارییبکەن، دوایش لەڕاپرسیدا زۆرینەی میللەت قبوڵی بکات، ئێستا ئەم مەرج سەپاندنە ئەو لێدوانانەی کە دەدرێت لەلایەن سەلەفییەکانەوە.
ھەندێک لەئیسلامییەکان نەجیب مەحفوز قەدەغە دەکەن، ھونەر قەدەغە دەکەن، یەکێک دەڵێت: حیجابی ئاشکرا دەسەپێنم، ئەویتر دەڵێت حیجابی روحی دەسەپێنم، ئەم قسانە دەرکەوت کە مەترسییەکانی چەندساڵ لەمەوبەرمان ئەگەر لەبیرتان بێت دەمانوت ھێزە ئیسلامییەکان ئەوەندە دیموکراسین تاحکوم دەگرنە دەست، کە ھاتنە سەرحکوم مەترسییەکی گەورە پەیدادەکەن لەسەر دیموکراسیی، ئەگەر حاڵەکە وابەرن دوای سەرکەوتنی قۆناغی یەکەمیان لەھەڵبژاردن کە ئیتر دیموکراسی و مافە مەدەنییەکان بپێچنەوە، شاکارە جوانەکانی نەجیب مەحفوز لەبەرئەوەی کە بەراستی باسی کۆمەڵگەی میسری کردووە تەنانەت بەشێوازێک کە ئیسلامییەکانیش قبوڵی ناکەن، ئەگەر بێن ئەمانە بپێچنەوە ئەمە ترسناکە، بەتێڕوانینی من ئەگەر وابکەن تەمەنی سیاسیی خۆیان کورت دەکەنەوە.
*ئەمە گرێی پرسیارەکەیە، دەنووسرێتء خۆشت دەزانیت کە دیموکراسی تەنھا ھەڵبژاردن نییە، ئەمان لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە زۆرینەی دەنگەکان بەدەستدەھێنن، دوایی خۆیان دەستوور دادەڕێژنء خۆیان دەبنە پارێزەری ئەوەی پێی دەوترێ شەرعییەتی شۆڕش، مەترسی ھەیە ئەم وڵاتانە بەرەو وڵاتێکی ئیسلامیی بەرن؟
مەلا بەختیار: لەتونسء  مەغریب ئەوان زۆرینەی پەرلەمان نین، لەتونس بزووتنەوەی نەھزە ٩٠ کورسی ھێناوە، لە٢٢٥ کورسی ھێزە دیموکراتء چەپء  عەلمانییەکان ئیئتیلاف نەبوو لەنێوانیاندا، لەمەغریب ٣١٥ کورسییە ھێزە ئیسلامییەکە ١٠٧ کورسی بردووە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە زۆرینەی پەرلەمانە، ئەو مەترسییە نییە، ئەو مەترسییە ئێستا لەمیسر پەیدابووە لە ٧ پارێزگا قۆناغی یەکەمی ھەڵبژاردن ئەوان %٦٠ زیاتریان بردووە بەقاھیرەشەوە، بەڵام جارێ دوو قۆناغی ماوە، دەبێت جارێ چاوەڕێ بکەین بەنیسبەت و تەناسب چی لێدێت لەنێوان ھێزەکاندا، ئەگەر ئەوان بیانەوێ ئیسیغلالی پەرلەمان بکەن بەھۆی زۆرینەی خۆیانەوە بۆ سەپاندنی دەستوورێکی ئیسلامی، گەورەترین ھەڵەی ستراتیژی دەکەن، گەورەترین ھەڵدێری ستراتیژی چاوەڕێیان دەکات لەوبارەیەوە، چونکە ئیمکان نییە دەستووری سەپێنراو بەناوی ئیسلامی ئیمکانی نییە لەم سەردەمەدا بتوانێت پڕۆژەیەکی پێچەوانەی ئەم سەردەمە سەربخاتء بتوانێت کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک چارەسەر بکات، کێشە بنەڕەتییەکانی خەڵک بەمافی دیموکراسی بەمافی سیاسییء سەندیکاییء بازاڕو بەمافی تاکء  بەمافی مەدەنی چارەسەردەکرێت، بەسەپاندنی بیری شمولیء بیری سەلەفی و بیری سەرکوتکردنی دیموکراسی ھەرگیزاو ھەرگیز ئەو پڕۆژەیە لەسەردەمی عەولەمە بۆیان ناچێتەسەر، ئەگەر بەکاتیش بچێتەسەر، سەریان دەخوات.
*بۆچوونێک ھەیە دەڵێت: ئەم ھێزە ئیسلامییانەی کە لەم وڵاتانە سەریانھەڵداوەو لەڕێی شەرعییەتی ھەڵبژاردنەوە کورسییەکانی پەرلەمانء مەجلیسی شەعب بەدەستدەھێنن، دەیانەوێ لاسایی مۆدێلی تورکی بکەنەوە، بەڵام ئەو مۆدێلی ئیسلامییەی کە لەتورکیا حوکم دەکات زۆر جیاواز نییە لەو مۆدێلە ئیسلامییەی کە لەوڵاتانی عەرەبی دەیانەوێ جڵەوی حوکمڕانی وەرگرن؟
-ئەمە بەراوردێکی میکانیکی چەواشەکارانەیە، ھەندێک لەھێزە ئیسلامگەراکان لەوڵاتانی عەرەبیء لای خۆشمان دەڵێن ئێمە نموونەی تورکیا بەکاردەھێنین ئەگەر سەرکەوین، ھەموویان راست ناکەن، ناشتوانن وابکەن، چونکە تورکیا لەدوای جەنگی یەکەمی جیھانییەوە بناغەی سیستمێکی عەلمانی داناوە، ئازادییش لەتورکیا تاھاتووە ئازادیی تاکء ئازادیی رۆژنامەو ئازادیی بەیانء ئازادی کۆمەڵگە تاھاتووە لەپێشکەوتندایە، تورکیا لەژێر کاریگەریی ئەوروپاو خۆرئاوادایە، تورکیا ستراتیژییەکەی چوونە ناو یەکێتیی ئەوروپایە، ستراتیژییەکەی ئەوە نییە سیستمێکی خەلافەتی لەنێوان چەندین دەوڵەتی ئیسلامی دروستبووە، تورکیا دەستووری ھەمیشەیی ھەیە، حزبی عەدالەت لەتورکیا کە دەیباتەوە ناتوانێت دەستکاریی بنچینەکانی دەستوورەکە بکات، ئەمە چەندینجارە لەھەڵبژاردن دەیباتەوەو دەیەوێت چەند بڕگەیەک لەدەستوور بگۆڕێت، ئاسان نییە بۆی بگۆڕدرێت، لەبەرئەوە ئەو بەراوردە میکانیکییە بەراوردێکی یەکجار ھەڵەیە، حزبی عەدالەت بەچی دەیباتەوە؟ ستراتیژییەکەی ئەوەیە دەستوورەکەی پاراستووە، بنەماکانی وەکو خۆی ھێشتۆتەوە، ئازادییەکانی دەستکاریی نەکردووە، خۆ وەکو ئەوانەی لای ئێمە نین تەیارێکی سەلەفی دروستبووە لەزاخۆ تا گەرمیان یەکەمین ھەلی دەکەوێتە دەست، دەچێت دوکانەکان دەسوتێنێتء دەچێت ئەو شوێنانە دەسوتێنێ کە مەی فرۆشییەکە ھی کەسێکی ئێزدییە یان ھی مەسیحییە، ھی مسوڵمانە یان ھی ھەرکەسێکە، لەتورکیا وا بۆ ١٠ ساڵ دەچێت ئەمانە حکومڕانن، یەک دوکانی مەی فرۆشیان دانەخستووە، ئەگەر لاسایی دەکەنەوە با ئاوا لاسایی بکەنەوە، ناتوانن لاسایی بکەنەوە ئەم بنەمایە لەم وڵاتانەی ئێمە نییە، لەمیسرو تونسء مەغریب نییە، لەبەرئەوە بەبۆچوونی من ئەمە دروشمێکە یان پەیمانێکە ئەم ھێزە ئیسلامییانە دەیدەن بەناوی ئەوەی کە ئێمەش وەکو تورکیا دووبارە دەکەینەوە، بەڵام لەیەکەمین ھەلدا کە بۆیان ھەڵدەکەوێ پێچەوانەی سیاسەتی حزبی دادو گەشەپێدانی تورکیا سیاسەتی خۆیان دەسەپێنن، من پێموایە تا ٢٥ ساڵیتریش ئەوان ناتوانن نموونەی وەکو تورکیا پێشکەش بکەن.
*داود ئۆغڵۆ لەکتێبە بەناوبانگەکەیدا بەناوی (قوڵایی ستراتیژیی) باسی ئەوە دەکات لەپێشتردا دەستەبژێری سیاسیی تورک بەردەوام وا روانیوێتییە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و  وڵاتانی عەرەبی کە شوێنی دواکەوتنن، گۆڕەپانێکی سەربازیی و مەترسیدارن و  نابێت نزیک بینەوە لێیان، بەڵام ئێستا تورکیا بەھەموو شێوەیەک دەیەوێت بەشداربێت لەو گۆڕانکارییانەی کە لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست و  جیھانی ئیسلامیدان، ئەم رۆڵەی تورکیا بۆ ئێستا دەیبینێت؟
-ھاوکێشەیەکی چارەنووسساز لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەیە، ھاوکێشەکە لەنێوان خۆرئاواو روسیاو چین و ئەوانەدایە کە  لەدەوری ئەوانن، بێگومان لەخۆرھەڵاتیشدا سوریا، کۆماری ئیسلامی ئێران، حیزبوڵڵا، بەشێکی بەرچاوی شیعەکانی عیراق، شیعەکانیتر لەناوچەکە لەیەمەنء بەحرێن، ئەمانە خۆیان لەجەمسەرێکدا دەدۆزنەوە کە ھەست بەمەترسییەکی گەورە دەکەن لەو گۆڕانکارییەی کە لەخۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا خەریکە بەدیدێت، ئەم مەترسییانە کە دێتە پێشەوە، تۆ بزانە تورکیا کە دێتە سەرئەوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان بەریەکدەکەون سیاسەتی خۆرئاوایی ھەیە، لەبەرئەوەی بەرژەوەندیی تورکیا لەخۆرھەڵاتء دەریای سپی ناوەڕاستدا، لەدەریای سووردا، لەھەموو کەناڵەکانی بارزگانیی لەتەنگەی ھورمزەوە بۆ کەناڵی سوێس بۆ مەڕمەڕە بەرژەوەندیی تورکیا لەو بازاڕە ئازادو ستراتیژییە ئابوورییەدایە کە خۆرئاوا گرتووێتییەبەر، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەھۆی حزبی دادو گەشەپێدانەوە ستراتیژی ئیسلامیی بەچاوپۆشی لەمەسەلەی مەزھەبی ئیسلام بیەوێت سەربخرێت لەسەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، پێویست بوو ئێستا تورکیا ئەو کارە نەکات کە ئێستا تەبەنی گۆڕانکاریی کردووە لەسوریا، بەڵام لەبەرئەوەی لەعیراقدا ھەندێک ھێز ھەیە مەسەلەی مەزھەبیء مەسەلەی قەناعەتی ئایدۆلۆژی خۆیانیان بەلاوە گرنگە دەبینین گەورەترین ناکۆکی لەنێوان دەوڵەتی عیراقء دەوڵەتی سوریا ھەبوو لە ٧ ساڵی رابردوودا، کە دێتە سەرئەوەی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکە لەناوچەکە دەکەوێـتە مەترسییەوە، مەوقیعییەتی مەزھەبی ھەندێک ھێزی ھەزھەبی لەعیراقدا دەکەوێتە مەترسییەوە، دەبینین ئێستا دۆستایەتییەکی بەھێز لەنێوان حکومەتی سوریاو چەند حزبێکی شیعەی عیراقدا ھەیە، بەپێچەوانەوە ھەندێک ھێزی عیراقی ھەبوون جاران دۆستی سووریا بوونء بەناوی سوننە کە ئێستا دەبینن مەترسییەک ھەیە ئەگەر بەشار سەربکەوێت، ھاوپەیمانییەکی سیاسیی دێت سەردەکەوێت کە ئەو ھاوپەیمانییە سیاسییە لەڕووی مەزھەبییەوە لەزیانی ئەوانە، لە زیانی قوڵایی ستراتیژیی نەتەوەییەکانی عەرەبی سوننەو سوننەکانی نەتەوەیی عەرەببیە، دەبینین ئێستا ئەو ھێزە سوننانەو ئەو ھێزە ناسیۆنالیستانە بەجۆرێک لەجۆرەکان دووردەکەونەوە لەسوریا، سەیرکە چی لێھاتووە ھاوکێشەکە؟ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکەو ھاوکێشەکە چی لێھاتء چۆن ئاڵوگۆڕی بەھێزەکان کرد، دۆستی دوێنیی کرد بەدوژمنی ئەمڕۆ، دوژمنی دوێنێشی کرد بەدۆستی ئەمڕۆ.