مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك: به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی و وه‌دیهێنانی یه‌كسانیی ژن و پیاو ئه‌ركی له‌پێشه‌وه‌ی تێكۆشانمانه‌

کوردستانی نوێ‌

به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی هه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان، مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

دنیابینی كۆمه‌لایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ر له‌سه‌رتاوه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی وه‌دیهێنانی یه‌كسانی بنیاتنراوه‌، یه‌كسانیی ژن و پیاویش كۆڵه‌كه‌ی ئه‌و دنیا بینییه‌ی بووه‌. بۆ وه‌دیهێنانی یه‌كسانیش به‌ر له‌هه‌موو شتێك بڕوای به‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ده‌بێت هه‌موو ئه‌و نه‌ریته‌ پاشكه‌وتووانه‌ی كه‌ له‌كورده‌واریدا بۆ ماوه‌ی دوورودرێژ له‌دژی ئه‌و یه‌كسانییه‌ ره‌گیان داكوتابوو نه‌هێڵرێن و به‌توندی و له‌هه‌موو ئاسته‌كاندا رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك له‌و نه‌ریته‌ پاشكه‌وتووانه‌ كه‌دژی مافه‌كانی مرۆڤیش بوون جۆرێك پاساوی یاساییشیان بۆ دۆزرابووه‌وه‌. گه‌وره‌ترین و دڕندانه‌ترینی ئه‌و نه‌ریتانه‌، كوشتنی ژنان بوو به‌بیانووی شه‌ره‌ف، كه‌سالانێكی دوورودرێژ وه‌ك دیارده‌یه‌كی دڕندانه‌و مه‌ترسیدار به‌رده‌وام بوو، بێ ئه‌وه‌ی هه‌ژانێكی كۆمه‌لایه‌تی و مرۆڤدۆستانه‌ی ئه‌وتۆ له‌ناو كۆمه‌ڵدا بێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ به‌ره‌ی دژایه‌تیكردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ ببێته‌ به‌ره‌یه‌كی كاراو به‌توانا. هه‌ر بۆیه‌ ساڵی 2000 به‌ڕێز مام جه‌لال، وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم (ئیداره‌ی سلێمانی ئه‌وسا) چه‌ند بڕیارێكی به‌قازانجی مه‌سه‌له‌كانی ژنان ئیمزا كرد، كه‌یه‌كێك له‌و بڕیارانه‌ كه‌هێزی یاسای هه‌بوو بڕیاری ژماره‌ 59ی ساڵی 2000 بوو، كه‌كوشتنی ژنانی به‌بیانووی شه‌ره‌ف وه‌ك تاوانی هه‌ر كوشتنێكی دیكه‌ ناساندو مه‌رجه‌عییه‌تێكی یاسایی خسته‌ به‌رده‌ست ده‌سه‌لاتی قه‌زا. ئه‌و بڕیاره‌و بڕیاره‌كانی تری په‌یوه‌ست به‌ به‌رگریكردن له‌ژنان تێكۆشانی پێكه‌وه‌ی ژنان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان و هێزه‌ سیاسییه‌ پێشكه‌وتنخوازه‌كانی كوردستانی ئاراسته‌یه‌كی كرداری به‌و تێكۆشانه‌ به‌خشی كه‌سالانێكی دوورودرێژ ئه‌و هێزه‌ سیاسی و كۆمه‌لایه‌تییانه‌، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌تێكۆشانی سه‌ره‌كی خۆیان كاریان له‌سه‌ر ده‌كرد. ده‌رچوواندنی بڕیاری ژماره‌ 59 نه‌ك هه‌ر تێكۆشانی له‌دژی كوشتنی ژنان گه‌یانده‌ ئاستی میللی، به‌ڵكو بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ته‌وژمێكی كۆمه‌لایه‌تیی به‌هێزی ئه‌وتۆ كه‌ژن كوشتنی وه‌ك دیارده‌یه‌كی بێ ده‌نگه‌ لێكراو كرده‌ دیارده‌یه‌كی نایاسایی و دزێوو كردییه‌ عه‌یبه‌یه‌كی كۆمه‌لایه‌تی گه‌وره‌ش.

راسته‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌، وه‌ك زۆر تاوانی تر هێشتا به‌ته‌واوی بنبڕ نه‌كراوه‌، به‌لام رۆژ دوای رۆژ به‌رته‌سكتر ده‌بێته‌وه‌و تاوانكارانیش رووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێنه‌وه‌و یان به‌یاخیبووی به‌رده‌می یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێته‌وه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، ئێستا بزاوتێكی كۆمه‌لایه‌تی و رووناكبیری زۆر فراوان له‌ئاستی كورده‌واریدا له‌دژی ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌په‌ره‌سه‌ندندایه‌.

به‌بۆنه‌ی ده‌ستپێكردنی هه‌فته‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان، به‌پێویستی ده‌زانین جارێكی دیكه‌ش هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕو به‌رده‌وامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ دڕنده‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌دا ته‌ئكید بكه‌ینه‌وه‌و رایبگه‌یه‌نین كه‌یه‌كێتی وه‌ك هه‌میشه‌ له‌هه‌موو ئاست و بواره‌كاندا، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر به‌گه‌ڕخستنی هه‌موو تواناكانی خۆی بۆ رسواكردنی ئه‌و دیارده‌یه‌و پشتیوانیكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌سه‌لاتی قه‌زاو وه‌زاره‌تی ناوخۆو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی به‌دواداچوونی توندوتیژیی ئافره‌تان. له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌و راستییه‌ ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ئه‌و دیارده‌یه‌ زاده‌ی نه‌ریتێكی پاشكه‌وتووه‌و به‌شی چڵه‌پۆپه‌یه‌ له‌نا یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو، هه‌ر بۆیه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، تێكۆشانی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ بنبڕكردنی دیارده‌ی كوشتنی ژنان دابڕاو نییه‌ له‌تێكۆشان بۆ هێنانه‌دی یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی، وه‌ك چۆن دابڕاو نییه‌ له‌سه‌رجه‌م تێكۆشانی سیاسیی كوردستان.

لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانین ئاماژه‌ به‌وه‌ش بده‌ین كه‌ئه‌و دیارده‌یه‌ دزێوه‌ له‌ژێر زه‌بری ته‌وژمێكی به‌رفراوانی كۆمه‌لایه‌تی و ده‌سه‌لاتی قه‌زایی و ئیجرائاته‌كانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا له‌پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاودایه‌، به‌لام له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ له‌هه‌ندێك ناوچه‌دا ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ئاستی پێویستدا نییه‌، بۆیه‌ هاوولاتیانی ئه‌و ناوچانه‌، به‌تایبه‌ت لاوان و ژنان و رووناكبیران و زانایانی ئایینی پێشكه‌وتنخوازی ئه‌و ناوچانه‌ هانده‌ده‌ین كه‌تێكۆشانی خۆیان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌ فراوانترو كاریگه‌رتربكه‌ن و شێوازی جۆراوجۆر بۆ ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ دابهێنن. دیاره‌ هه‌ر له‌و بواره‌شدا، هه‌موو كادرو هه‌ڤالان و هه‌وادارانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان راده‌سپێرین كه‌وه‌ك ئه‌ركێكی حزبی له‌سه‌ریان پێویسته‌ پێشه‌نگی ئه‌و بزاوت و كه‌مپینانه‌ بن كه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ ئه‌نجامده‌درێن و ده‌ستپێشخه‌ربن له‌به‌هێزكردنی تێكۆشانی كۆمه‌لایه‌تی به‌رفراوان دژ به‌و دیارده‌یه‌.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌، داوا له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌پرۆژه‌یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌زوویی په‌سه‌ندبكات.

وه‌ك چۆن داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌لاتی قه‌زایی هه‌رێم ده‌كه‌ین كه‌ڕێوشوێنی كاراتر بۆ په‌یگیری دۆسیه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ له‌دادگاو ناوه‌نده‌كانی تری لێكۆڵینه‌وه‌ بگرنه‌به‌ر.

راشی ده‌گه‌یه‌نین، كه‌هه‌بوونی ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌هه‌ر رێژه‌یه‌ك له‌كورده‌واریدا، له‌كه‌ی عه‌یبه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی پێشكه‌وتنی كوردستاندا ته‌واو ناكۆكه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئه‌و شه‌رمه‌زارییه‌ كۆمه‌لایه‌تییه‌ بخرێنه‌گه‌ڕ.

له‌كۆتاییدا، به‌پێویستی ده‌زانین كه‌خه‌مباری خۆمان بۆ هه‌موو قوربانیانی ئه‌و تاوانانه‌ ده‌رببڕین و دیارده‌كه‌و ئه‌نجامده‌رانی وه‌ك تۆمه‌تبار رسواده‌كه‌ین و ئه‌و كلتووره‌و هانده‌ران و جێبه‌جێكه‌رانی تاوانه‌كانی كوشتنی ژنان، وه‌ك نامۆ به‌كورده‌واری و به‌ژیانی سه‌رده‌م ده‌ناسێنین و راشی ده‌گه‌یه‌نین كه‌تێكۆشانی ئێمه‌ بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و دیارده‌یه‌و بۆ وه‌دیهێنانی یه‌كسانیی ژن و پیاو و بۆ وه‌دیهێنانی عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی، له‌سه‌رجه‌م تێكۆشانی سیاسیمان دابڕاو نییه‌ به‌تێكۆشانی پله‌ یه‌كی خۆمانی ده‌زانین.

بنبڕ بێ نا یه‌كسانی

بنبڕبێ دیارده‌ی كوشتنی ژنان

سه‌ركه‌وتوو بێ تێكۆشانی پێكه‌وه‌ییمان له‌پێناوی كۆمه‌ڵێكی یه‌كسان و به‌رخوردار به‌عه‌داله‌تی كۆمه‌لایه‌تی.

سلاو له‌ژنان، سلاو له‌تێكۆشانی ژنان.

مه‌كته‌بی سیاسیی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

2010/11/24

سلێمانی