خاڵەشیھاب‌و جەعفەرو ئەنوەر ,لەیادی ٣٤ساڵەی لەسێدارەدانیان

ئاوات کۆکەیی-‌pukonline

سێ سەرکردە، سێ نەخشەکێشی بنەڕەتی شۆڕشی نوێ‌و سێ چرای دوای شەوە زەنگی تاریکی نسکۆی شۆڕشی پێشوو، دوای دەستگیرکردن‌و چەشتنی ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زیندانی بەعسییە فاشیستەکان، لە٢١/١١/١٩٧٦ لەسێدارەدران، ئەوانیش سەرقافڵەی شەھیدە سەرکردەکانی یەکێتی، خاڵە شیھاب-ی کوڕی شێخ نوری شێخ ساڵح‌و مامۆستا جەعفەر عەبدولواحیدو کاکە ئەنوەر زۆراب-ی پاڵەوانەکانی زیندان بوون.

بێگومان ئەورووداوە، ھەرئەوکاتە بووە ماتەم‌و پرسەی ھەموو ماڵەکوردێک‌و بووە کۆستی سەردڵی ھەموو شۆڕشگێڕێک، ئیدی یادی ئەوشەھیدانە لەوکاتەوە بۆتە نەریتێک‌و ھەمیشە بەڕێزەوە یادیان کراوەتەوەو دەکرێتەوە.

 

ئەوان

 

ئەوسێ سەرکردەیەی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان‌و (ی.ن.ک)و شۆڕشی نوێ، لەڕووی وانەی بەرەنگاریی‌و خەباتی ناوزیندان، قەڵەمبازێکی گەورەیاندا و قوتابخانەیەکی کوردایەتی تۆکمەی وەھایان دروستکرد کە ھەتاھەتایە گەلی کوردو گەلانی دیکەی ئازادیخواز شانازییان پێوە بکەن.

دیارە مردن بەواتای کۆتایی‌و ونبوونی تاھەتایی دێت، بۆیە لەھەر بارێک دا سەیری بکرێت ئەوپەڕی کارەساتە، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە ئەو مردنە مرۆڤێکی دیکە بڕیاری لەسەردابێت‌و پێش سپاردنی دواھەناسەش بەردەوام‌و بۆماوەیەکی زۆر، جەلادو ئەشکەنجەگەر، جەستەی کەسی ژێردەستەو کەلەبچەکراو، جەستەی کەسی بڕیاری مەرگ بەزۆر بەسەردا سەپێنراویان شەقارو شەڵاڵی خوێن کردبێت، نینۆک‌و ددانەکانیان دەرھێنابێت، کاکۆڵی سەریان بەدزێوترین شێوە ھەڵپاچیبێت، ھەر بەزەبری کارەباو کێبڵ‌و گۆپاڵ بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان لەکارخستبێت‌و ئەندامە ھەستیارەکانی جەستەیان بەئامێری مۆدێرنی ئەشکەنجە، گەستبێت، بەڵام لەگەڵ ھەمووئەوانەشدا، خاڵەو جەعفەرو ئەنوەر رووبەڕووی ئەمری واقیع بوونەوەو لەجیاتی بیرکردنەوە لەڕۆژانی ھەڵواسینیان و سەرقاڵبوونیان بەتیماری برینەکانی جەستەیانەوە، نەخشەی خەباتیان فراوانتر کردو ژوورە تاریکەکانی زیندانیشان کردە گۆڕەپانێکی دیکەی شۆڕش.

دروشمی (کەم ژیان‌و کەڵ ژیان)ی خاڵە شیھاب و ئامۆژگاری‌و رێنوێنیەکانی ئەو سێ ھەڤاڵە بۆ ئەو ھەڤاڵانەی دیکەیان کە ھەمان کات لەسەر ھەمان بیروباوەڕ زیندانی کرابوون‌و ئومێدیان بەدەرچوون لەزیندان ھەبوو، پاشانیش ئازادبوون، پڕماناترین‌و بەھێزترین دروشم‌و ئامۆژگاری بوو.

 

لە زیندانی دوو دەوڵەت دا

 

لە سەرەتای نیوەی دووەمی ساڵی ١٩٧٥، رێکخراوی بزووتنەوەی سۆسیالیستی عەرەبی کە یەکێکبوو لەو رێکخراوانەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پەیوەندیی توندوتۆڵی لەگەڵیدا ھەبوو، لەکاتی ناردنی نامەکانی ھەردوولا بۆ دەرەوەی وڵات، ھاوکاری‌و بردنی پۆست لەنێوانیاندا ھەبوو، لە یەکێک لەنامەکانیاندا کە لەدەرەوەی وڵات بۆیان ھاتبوو لێی نوسرابوو (ئاگاداری گروپە کوردییەکە بکەن)و لێپرسراوی بەغدای ئەو رێکخراوە کە ناوی ئەبوسەباح بوو، گیرابوو ئەویش دانی بەوەدا نابوو کە ئەو گروپە (ی.ن.ک)ـه‌و لێپرسراوی بەغداش ناوی ئەنوەر زۆراب-ەو لەکارگەیەک ئیشدەکات.

ئیتر بەوھۆیەوە کاک ئەنوەر گیراو لە ماڵەکەشیان دەمانچەیەک‌و چەندین بەڵگەنامەو بەیاننامەو ناوی ھەندێک لە ھەڤاڵانی رێکخستنیش بەردەستی رژێم کەوتبوو.

ئەو رۆژگارە بۆ کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان زۆر سەخت بوو، ھەمووسەرکردایەتی خۆیان شاردبۆوەو دەستگیرکرابوون، پەیتاپەیتا رێکخستنەکان لە سلێمانی‌و بەغدا دەگیران، بۆیە زۆرێک لە سەرکردایەتی کۆمەڵەو کادیرەکانی کەئاشکرا بووبوون روویان لە وڵاتی ئێران کردبوو، لەوێش دەستگیرکران، شەھید شیھاب‌و چەند ھەڤاڵێکی کە پێشتر چووبوونە ئەوێ‌و گیرابوون بە ٣ مانگ حوکم درابوون، ئەوکاتە بەپێی رێککەوتننامەی جەزائیر دەبوو ھەردوو دەوڵەتی ئەوسای عێراق‌و ئێران ئۆپۆزسیۆن‌و شۆڕشگێڕان تەسلیم بەیەکتربکەنەوە، بۆئەو مەبەستەش چەندجارێک خاڵەشیھاب‌و ھاوڕێکانی لەگەڵ کارمەندانی رژێمی شا لەئیدارەی زیندان دانیشتبوون، بەڵام دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەیان لە ئێران، ھەموویان گواستنەوە بۆپارێزگای سنە، دوای ئەوە خرانە ناو زیلێکی سەربازیی‌و لەژێر چاودێری ئەفسەرێک‌و ١٠ سەرباز برانە سەربازگه‌ی سنەو دوای شەوێک لەژێر چاودێری ھێزێکی گەورە لەڕێگەی مەریوانەوە ره‌وانه‌کران بۆ (بناوەسوتە)و ئێوارەی رۆژی ٣١/١٢/١٩٧٥ تەسلیم بە بنکەی پۆلیسی عێراق کرانەوە، کاتی رۆژئاوابوونیش بەرەو پێنجوێن بەڕێیانکردن‌و ھەواڵی تەسلیمکردنەوەیان تەواوی کوردستانی گرتەوە، دوژمن کە بۆی دەرکەوتبوو خاڵەو ئەو ھەڤاڵانە کەسانی گرنگن، پاش چەند رۆژێک جێگری بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی لەگەڵ ھێزێکی زۆر چوونە پێنجوێن‌و بە کەلەپچەکراوی برانە ئەمنی سلێمانی، دوای چەند رۆژێکیش مانەوە لەوێ دیسان بەکەلەپچەکراوی بردیاننە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی عامەی بەغدا.

 

ھەڵوێستە دەگمەنەکان

 

ئیدی لەوێوە لێکۆڵینەوەو ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی جەللادەکانی بەعس دەستیپێکردو دوژمن بەئومێدی ئەوەبوو ورەیان بڕوخێنێت‌و نھێنییەکانیان پێبدرکێنێت، لەبەرامبەریش دا ئەو ھەڤاڵانە زیاتر لەسەر بیروباوەڕی خۆیان سووربوون‌و بڕیاریاندا ئەگەر بەمەرگیش بێت بتوانن بەرگریی لە بیروباوەڕو پیرۆزییەکانی خۆیان‌و گەلی کورد بکەن، ھەروەھا خاڵەی رابەرو سەرکردەش بەئەرکی مێژوویی‌و ئەخلاقی خۆی ھەستاو بەبیری فراوانی‌و بە حیکمەتی خۆی کەوتە دڵدانەوەی ھەڤاڵانی‌و ئامۆژگاریکردن ورە خستنە دڵیانەوە، لەوێوە وانە ھۆشیارییەکانی کرد بەئۆرگان‌و کەناڵی بەرگریی‌و پوچەڵکردنەوەی پیلانی خواستەکانی دوژمنی تینوو بەخوێن، ھەمووئەوانەی لەگەڵیدا بوون لەزیندان، گەواھی ئەوخەسڵەتە بەرزە شۆڕشگێرانەیەی کە دەبێت لەسەرکردەدا ھەبێت بۆ خاڵەو جەعفەرو ئەنوەر دەدەن.

ئەوقارەمانانە ھێندە ورەیان بەرزبووەو بێباکبوون لە مردن، لە شێوەی گاڵتەکردندا باسی مەرگ‌و نەمانیان کردووە، تەنانەت شەھید ئەنوەر زۆراب زۆرجار بەگاڵتەوە بەھاوڕێکانی وتووە: ھەڤاڵینە دڵتان ھیچ نەکات بڕواتان ھەبێت ھەموومان ئازاد دەکرێین یان بە (افقی) واتا تەرمەکانیان، یان (عمودی) واتا بەپێی خۆیان دەڕۆنە دەرەوە لە زیندان!.

ئاخر لە ڕاستی‌و لە ناوەڕۆک دا ئەوە ئەوپەڕی گاڵتەکردنە بەدوژمن‌و بەسانا وەرگرتنی ئەو واقیعەیە کە سور دەیزانی لەپەت‌و تیری دوژمن نەجاتیان نابێت.

وتەکانی خاڵە شیھاب-یش لەنێو ھۆڵە داخراوەکانی زینداندا نایابترین فەلسەفەی شۆڕشگێڕیی‌و بەرەنگارییە، ئەو وتوویەتی: دەبێ خۆڕاگربین‌و ھەڤاڵە زیندانی‌و رێکخستنەکانمان رزگاربکەین (نەیوتووە خۆمان رزگاربکەین!) دەبێت نەریتێکی شۆڕشگێرانەی ئەوتۆ لە بەرگریی رووبەڕووبوونەوەدا بھێنین لە زیندان دا پشتاوپشت لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە باسبکرێت.

ھەر لە ئەنجامی بەرنامەکانی خاڵە شیھاب-ی سەرکردەو بەپێی رێنماییەکانی ئەو، ھەموو ھەڤاڵان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە قسەکانیان لەسەر ئەم خاڵانە یەکبخەن‌و لەکاتی لێکۆڵینەوەدا بڵێن: (ئێمە حزب‌و رێکخراو نین، رێکخستنمان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گەنجی شۆڕشگێری چەپین، لەئەنجامی گفتوگۆوە ھەندێ فکری ھاوبەشمان لادروستبووە، ئێمە تەیارێکی فکرین، کەس ئابوونەی بەکەس نەداوەو ئەو پارەیەی وەرگیراوە بۆ کڕینی کتێب بووە، ھیچ شانەیەکی حزبی‌و رێکخستنمان نییە، دانیشتنەکان شەخسی‌و ھاوڕێیانە بووە، ئەو بڵاوکراوانەی بوون، نامەی شەخسی نێوان ئەو برادەرانە بووە.

لەڕاستیدا ئەو ئامۆژگارییانەی خاڵە شیھاب‌و تەبایی نێو ئەو ھاوڕێیانە وایکرد کە ھەرچەندەش ئەشکەنجەیانە زیادیکرد، بەڵام سوودی زۆری بۆ پاراستنی رێکخستنەکانی کۆمەڵە لێکەوتەوەو گیانی ھەندێکیش لە مردن رزگاری بوو، دیارە پێش تەسلیمکردنەوەی خاڵەو ھاوڕێکانی، ژمارەیەکی دیکەی ئەو رێکخستنە دەستگیرکرابوون‌و چەند کەسێکی کەمیان لە ئەمنی بەغدا بەھۆی ئەشکەنجەی تاقەت پڕوکێن‌و بێ سنووری جەللادەکانی زیندان‌و بەھۆی نەبوونی بەرنامەیەکی وەک ئەوەی شەھید شیھاب بۆ رووبەڕووبوونەوە ھەندێک زانیارییان درکاندبوو، بەڵام دوای ئەوەو بەپێی بەرنامەی دیاریکراو لە کاتی لێکۆڵینەوەکانی دواتر ئەوەیان رەتکردەوەو وتبوویان ئەوە لەکاتی ئەشکەنجەی زۆرو بە نائاگایی وامانوتووەو بۆشیان چووبووە سەر.

 

بڕیاری مەرگ

 

لەو رۆژەوەی کە خاڵەو ھاوڕێکانی برابوونە زیندانی فەزیلەی بەغدا بەردەوام لەژێر لێکۆڵینەوەو ئەشکەنجەدا بوون، ئەوە جگە لەکەشوھەوای گەرمی ھاوینی ١٩٧٦ کە مەگەر تەنیا شۆڕشگێڕانی کورد بەرگەی ئەو بارودۆخە بگرن، دوای ئەو ماوەیە بەناو دادگای شۆڕشی بەدناوی بەعس لە دادگاییکردنێکی سەرپێیی‌و پێشتر بڕیار لەسەردراو، ھەریەک لەخاڵە شیھاب‌و مامۆستا جەعفەر عەبدولواحیدو کاک ئەنوەر زۆراب بڕیاری لەسێدارەدان بەسەریاندا سەپاو ١٩ ھەڤاڵی دیکەشیان ماوەی چەندساڵێک زیندانی حوکم دران، لەوکاتەدا کە بەتەواوی بڕیاری مەرگی ئەو سێ سەرکردەیە یەکلایی بۆوە، خاڵە بەگوڕو تینێکی دیکەو نوێوە برادەرە حوکمدراوەکانی کۆکردۆتەوەو وانەی بەرەنگاریی‌و راستە رێگای خەباتی بۆ وتوونەوە، بێگومان بەوپەڕی ئارامی‌و ھێمنییەوە قسەکانی داوە بەگوێی برادەرانیدا دواجار بڕیاری مەرگی سێدارە لە ڕۆژی ٢١/١١/١٩٧٦ بەسەر ئەو سێ سەرکردەیەی کۆمەڵەی رەنجدەران‌و (ی.ن.ک) سەپێندراو ئەگەرچیش ئەو رووداوە بوو بەھۆی ماتەمی گشتیی خەڵکی کوردستان‌و زیانێکی گەورە لە جوڵانەوەی کوردایەتی کەوت، بەڵام لە ھەمانکاتیشدا چۆنیەتی گیران‌و مانەوە لە زیندان‌و ئەشکەنجەو جۆری رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ جەللادو تەنانەت شەھیدبوونیشیان، بوو بەفێرگەیەک بۆ شۆڕشگێڕانی دوای خۆیان، کە ئەگەر دوژمن چەندە بەسام‌و دڵڕەش‌و قاچی رەق بێت، داگیرکەر چەندە بەھێزو خاوەن پشتیوانی وڵاتان و جبەخانەی سەربازی بێت، ئەوا شەرەف لەوێدایە کە بەرگەی ھەموو ئازارو واقیعێکی تاڵ بگیرێت و کورەی خەبات تا رزگاری تەواوەتی جۆشبدرێت، لەوەش شەرەفمەتدانەتر ئەوەیە لەوپێناوەدا گیان لەدەستیدەیت و زەرەر بەھەڤاڵێک‌و بەڕیزی رێکخستنەکان نەھێنێت.

ئەوەبوو دواتر زۆر ھەڤاڵ‌و پێشمەرگەی دیکە کە دەستگیردەکران، لە بواری پراکتیکیدا وانەی خاڵەو ھەڤاڵەکانیان پیادەدەکردو لەسەر رێچکەی ئەوان فێرگەکەیان فراوانترو بەھێزتر دەکردو داھێنانەکەی ئەوانیان دەوڵەمەندتر دەکرد.

فەرھەنگ‌و مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەتایبەتی‌و جوڵانەوەی کوردایەتی بەگشتیی گەواھیدەری ئەو راستییەیەو ئەگەر بەوردی سەرنج بدرێت، دەبیندرێت دوای سەرکردە شەھیدەکانی کۆمەڵە، ھەرپێشمەرگەیەک لە زیندان پاڵەوانێکی رۆستەم ئاسا بووە لەڕووی جەللادەکان دا، ئەوە شەھید مەلا عەلی شاعیرو شەھیدانی کۆمیتەی ئاگری کەرکوک‌و رێکخراوی سلێمانی‌و دەیان نموونەی دیکە، کە سامیان خستبووە دڵی دوژمن‌و جەللادەکلانی زیندانەوە.

 

شەھیدی سەرکردە شیھاب شێخ نوری

 

شەھیدی سەرکردە شیھاب شێخ نوری شێخ ساڵح ناسراو بەخاڵە شیھاب، ساڵی ١٩٣٢ لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٤٨ ەوە کە خوێندکاری کۆلیژی مەلیک فەیسەڵ بووە لە بەغدا، تێکەڵ بەکاری سیاسیی بووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندیی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەکات.

دامەزرێنەری کۆمەڵەی مارکسی-لینینی کوردستان بووەو ساڵی١٩٧٢ بووەتە سکرتێری کۆمەڵە.

دوای ئاشکرابوونی رێکخستنەکانی کۆمەڵە شەھید شیھاب لەگەڵ چەند ھاوڕێیەکیدا روودەکەنە ئێران‌و لەوێ دەستگیردەکرێن‌و لە١/٦/١٩٧٦ رژێمی شای ئێران تەسلیم بەڕژێمی عێراقیان دەکاتەوە، لە زیندان مامۆستای ئازایەتی‌و خۆڕاگریی بووە.

لەرۆژی ٢١/١١/١٩٧٦ لەئەبوغرێب لەسێدارەدرا.

 

شەھیدی سەرکردە ئەنوەر زۆراب

 

لەساڵی ١٩٥٠ لەشاری کەرکوک لەدایکبووە.

لەسەرەتای لاوێتییەوە تێکەڵاوی کاری سیاسی بووەو لە ریزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دا کادیرێکی ھەڵسوڕاوبووە، بەھۆی ئەوەی یەکێک بووە لەلایەنگرانی بیری چەپی کوردستانی لەکاتی شۆڕشی ئەیلولدا، بۆیە بەنھێنی پەیوەندیی کردووە بەئەڵقە رۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی مارکسی لینینییەوەو بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەو لێپرسراوی رێکخستنەکانی بەغداو باشووری عێراق.

لە ساڵی ١٩٧٦ لەبەغدا دەستگیردەکرێت‌و لە٢١/١١/١٩٧٦ لەگەڵ شەھیدان خاڵەشیھاب‌و جەعفەر عەبدولواحیددا لە ئەبوغرێب لەسێدارە دران.

 

شەھیدی سەرکردە جەعفەر عەبدولواحید

 

ساڵی ١٩٤٥ لەدایک بووەو کۆلێژی ئاداب بەشی ئینگلیزیی لە زانکۆی موستەنسرییە تەواوکردووە.

یەکێک بووە لەوانەی لە ریزەکانی قوتابیانەوە تێکەڵ بەکاری سیاسیی بووەو لە شۆڕشی ئەیلول دا بەشدارییکردووە.

لە ساڵی ١٩٧٠دا بەنھێنی پەیوەندییکردووە بەڕێکخستن‌و ئەڵقە رۆشنبیرییەکانی کۆمەڵەی مارکسی- لینینی کوردستانەوەو لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیش پەیوەندییکردووە بەیەکێتییەوەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەو ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.

رۆژی ٢١/١١/١٩٧٦ لە ئەبوغرێب لەسێدارەدرا.