هه‌میشه‌ یه‌كڕیزی

كوردستانی نوێ‌

دوێنێ، سه‌رۆك كۆمار به‌شێوه‌یه‌كی ره‌سمی نوری مالكی به‌پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق راسپارد. مۆڵه‌تی ده‌ستووریی پێكهێنانی حكومه‌ته‌كه‌ یه‌ك مانگه‌، له‌كرێسمس ته‌واو ده‌بێ. زه‌حمه‌ته‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ هه‌روا به‌ئاسانی بڕوا، ناكۆكیی نێوان فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی به‌غداو ناكۆكیی ناو خودی فراكسیۆنه‌كان و گه‌مه‌ سیاسییه‌ ئیقلیمییه‌كانیش گرێ و كۆسپ ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ڕێی كاره‌كه‌ی مالكییه‌وه‌، به‌لام ماوه‌كه‌ یه‌ك مانگه‌و ده‌بێ سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بایی متمانه‌ی په‌رله‌مان لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كان رازی بكا.

بۆ ناوخۆی ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیش، مانگێكی ئاسان نابێ، به‌تایبه‌ت كه‌ ئیستیحقاقه‌ وه‌زارییه‌كان به‌شی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ناكا، بۆیه‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانیش ده‌بێ جارێكی دیكه‌ دانوستانێكی ناوخۆیی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، كه‌ئاڵۆزترین قۆناغی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی به‌سه‌ركه‌وتوویی بڕی و توانیی پۆستی سه‌رۆك كۆماری بپارێزێ، هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی دانوستانه‌كاندا، كه‌پتر له‌حه‌وت مانگی خایاند گوشاری زۆر له‌سه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان هه‌بوو، به‌جۆرێك زۆرجار ره‌وتی ئه‌و گوشارانه‌و ئه‌جێندا جۆراوجۆره‌كان ئاماژه‌ی ئه‌وه‌یان له‌خۆ هه‌ڵگرتبوو كه‌وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆمار به‌كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌هاته‌ به‌رچاو، به‌لام به‌یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و پێداگریی روون و باش پاساودراوی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌سازش نه‌كردن له‌سه‌ر پۆستی سه‌ركۆمارو هه‌ڵوێستی ئیجابیی چه‌ندین لایه‌نی كاریگه‌ری تری عیراق له‌و باره‌وه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان ویستی ئه‌وه‌ هاته‌دی.

دیدی هاوبه‌شی كوردستانییه‌كان،

ئه‌م مانگه‌ش فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و به‌گشتیش لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌سه‌ریان پێویسته‌ كه‌ به‌یه‌كگرتوویی له‌م ئه‌زموونه‌شدا سه‌ركه‌ون و هه‌رزوو دیدی هاوبه‌شی خۆیان یه‌كلابكه‌نه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌یه‌ك دڵی و یه‌ك چاوی و به‌پشت ئه‌ستوورییه‌وه‌، ئیستیحقاقاتی ئه‌م قۆناغه‌ش وه‌ده‌ست بێنن.

یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌م قۆناغه‌دا، ته‌نیا بۆ ئه‌م قۆناغه‌ یه‌ك مانگییه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكو بۆ قۆناغی دواتریش گرنگ و پێویسته‌، چونكه‌ زۆر ئاماژه‌ی وا هه‌ن كه‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌لایه‌ن مالكییه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراق كۆتایی مه‌سه‌له‌كان نه‌بێ، زۆر له‌چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ كه‌ ماوه‌ی دووه‌می سه‌رۆك وه‌زیریی مالكی پڕه‌ له‌قه‌یرانی جۆراوجۆر، به‌تایبه‌ت كه‌ زۆر لایه‌نی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی و ناوخۆی عیراقیش كه‌م و زۆر له‌و ئه‌نجامه‌ رازی نیین كه‌ له‌دیاریكردنی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ كه‌وته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ده‌یان ده‌رفه‌تی بچووك و گه‌وره‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ قه‌یرانسازی له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسیی عیراقدا.

بۆیه‌ واپێده‌چێ نه‌ك ته‌نیا له‌پێناوی ئیستیحقاقه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان، به‌ڵكو بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانیش، یه‌كڕیزیی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان زۆر پێویست بێ.