له‌ڕێوڕه‌سمی راسپاردنی مالكی-دا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ

 

کوردستانی نوێ‌

سه‌رۆك مام جه‌لال: پێویسته‌ حكومه‌ت سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لــــی عیراق له‌خۆبگرێت و هیچ لایه‌نێك په‌راوێز نه‌خرێت

ده‌قی وته‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ڕێوڕه‌سمی راسپاردنی نوری مالكی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق:

بسم الله الرحمن الرحیم

السلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته‌

سوپاسی ئاماده‌بوونتان ده‌كه‌م به‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌وه‌، به‌بۆنه‌ی راسپاردنی ده‌وڵه‌تی سه‌رۆك نوری مالكی برا به‌پێكهێنانی حكومه‌ت به‌پێی ماده‌ی 76 له‌ده‌ستووری عیراقی.

له‌كاتێكدا كه‌ مالكی برا راده‌سپێرین به‌پێكهێنانی حكومه‌ت، متمانه‌م هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك له‌به‌رچاوده‌گرێت:

-1پێویسته‌ توانا نیشتمانییه‌ عیراقییه‌كان له‌به‌رچاوبگرێت كه‌ به‌نه‌زاهه‌و پسپۆری و قوربانیدان له‌پێناو عیراقدا ناسراون.

-2پێویسته‌ حكومه‌ت سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق له‌خۆبگرێت به‌بێ په‌راوێزخستنی لایه‌نێك یاخود هێزێكی سیاسی بۆئه‌وه‌ی به‌شداربێت له‌رێكخستنی یه‌كڕیزیی نیشتمانیدا.

-3سووربوون له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به‌ده‌ستوورو جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی و هێنانه‌ ئارای بارودۆخی هاوكاری و ته‌واوكاریی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا به‌وپێیه‌ی نوێنه‌ری ده‌سه‌لاتی یاسادانانه‌.

-4دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ولاتانی براو هاوڕێ له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و خۆبه‌دوورگرتن له‌مه‌ترسییه‌ هاوبه‌شه‌كان و پاراستنی سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌كاروباری ناوخۆیی عیراق.

-5پێویسته‌ ئه‌وله‌ویه‌تی نیشتمانی له‌پێشه‌وه‌ی گرنگیدانی حكومه‌تدا بێت له‌ڕووی خزمه‌تگوزاریی، ئاسایش، باشتركردنی بارودۆخی بژێویی هاوولاتیان، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتمانییه‌كان، زیندانیان و ده‌ستگیركراوان..

-6رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌هه‌موو شێوه‌كانیه‌وه‌ له‌ڕووی سیاسه‌ته‌ گشتییه‌كان و ئه‌وانه‌ی كه‌ گه‌نده‌ڵی ئه‌نجامده‌ده‌ن.

-7نه‌هێشتنی به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م هێزه‌ چه‌كداره‌كان بۆئه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی خۆی ئه‌نجامبدات به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واوو گه‌یشتن به‌ئاستی داواكراو.

خوشك و برایانی خۆشه‌ویست

رێڕه‌وی سیاسی ولاته‌كه‌مان له‌سه‌ر رێگه‌ی بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی نوێ ئاسته‌نگێكی زۆرو ململانێیه‌كی ترسناكی هاته‌ڕێ، به‌لام عیراقی خۆشه‌ویست هه‌نگاوی نا به‌ره‌و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسی فره‌یی یه‌كگرتوو.

هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مدواییه‌ش ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه‌ هه‌ڵگیرسێنه‌رانی ئاگری فیتنه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌گۆڕینی ناكۆكییه‌كانمان له‌بیروبۆچوونه‌كاندا بۆ ململانێیه‌كی خوێناوی، به‌ڵكو هه‌میشه‌ له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆی بنیاتنه‌رانه‌و ململانێی پاكدا مایه‌وه‌.

ئه‌و گفتوگۆو وتوێژه‌ چڕوپڕو دوورو درێژانه‌ش ته‌وافوقی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌رجه‌سته‌كردنێكی راسته‌وخۆی ئیراده‌ی عیراقی ئازاد بوو، ته‌ئكیدكردنه‌وه‌ بوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراقێك له‌سه‌ر ولاتی نێوان دوو رووباره‌كه‌ به‌ژیانه‌وه‌ی كه‌لتوره‌كه‌ی و به‌پشتبه‌ستن به‌بارودۆخی ئێستاو ده‌ستنیشانكردنی به‌رژه‌وه‌ندی رۆڵه‌كانی و پێشخستنی به‌سه‌ر هه‌موو ئیراده‌كانی تردا.

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی

 سه‌رۆك بارزانی

ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی برامان مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی ئه‌و ئیراده‌ عیراقییه‌ بوو كه‌ پێشوازیی و پاڵپشتی لێكراو به‌ڵگه‌ی ویستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بوو، به‌جیاوازیی رێڕه‌وه‌كانیان له‌ڕێكه‌وتن له‌سه‌ر وشه‌یه‌كی یه‌كگرتوو ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ هه‌مووان پێی رازی بن و بچێته‌ خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمانه‌وه‌.

به‌وپێیه‌ كۆڵه‌كه‌یه‌كی گرنگمان دروستكرد له‌و كۆڵه‌كانه‌ی كه‌ پشتی پێده‌به‌ستین له‌بنیاتنانی پێناسه‌ی نیشتمانی یه‌كگرتوو هه‌نگاونان به‌ره‌و سه‌روه‌رییه‌كی سه‌ركه‌وتوو بۆ عیراقێكی ئازادو دیموكراسی.

ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ته‌قلیدێكی دیموكراسی ترمان به‌دیهێنا كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ماده‌ی 76 له‌ده‌ستوور، به‌ڕاسپاردنی كاندیدی كوتله‌یه‌كی په‌رله‌مانی زۆرترین ئه‌ندام، برامان نوری مالكی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ، كه‌ متمانه‌مان هه‌یه‌ حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی راسته‌قینه‌ ده‌بێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێك په‌راوێزناخات، هیواشمان وایه‌ كه‌ كوتله‌ په‌رله‌مانی و پارته‌ سیاسیه‌كانیش له‌هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كانیاندا بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان پشت ده‌به‌ستن به‌بنه‌مای لێهاتوویی و نه‌زاهه‌و به‌رژه‌وه‌ندی بالای ولات، بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌توانایدا بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌ركه‌كانی له‌بواره‌كانی ئاسایش و خزمه‌تگوزاری و بنیاتنان و ئابووری و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان و سه‌رجه‌م بواره‌كانی تر.

خوشك و برایان

ولاته‌كه‌مان به‌ڕێره‌وێكی زۆر هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌لاتانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون جێگای ئه‌و متمانه‌یه‌ بن كه‌پێیان به‌خشراوه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موومان به‌شداربین له‌هه‌ستانه‌وه‌ی عیراقدا له‌ناخۆشیه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌یداو لێپرسراوێتیه‌كانی بگرینه‌ئه‌ستۆو به‌ره‌و كه‌ناری سه‌قامگیریی هه‌نگاوبنێین و پرۆژه‌ی هه‌ستانه‌وه‌و بنیاتنان جێبه‌جێبكه‌ین و پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و رێگه‌یه‌ دێنه‌دی به‌ده‌ستكه‌وتی هه‌موومان له‌قه‌ڵه‌م بدرێن، له‌به‌رامبه‌ریشدا پێویسته‌ هه‌موومان به‌هاوبه‌شی به‌شداربین له‌و سلبیاتانه‌ی كه‌ رووده‌ده‌ن، ئه‌مه‌یه‌ شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌.

ده‌وڵه‌تی سه‌رۆك و برای به‌ڕێز ئه‌بو ئیسرا، هیوای سه‌ركه‌وتنت بۆ ده‌خوازم له‌پێكهێنانی حكومه‌تداو داواكارم له‌خوای گه‌وره‌ یارمه‌تیده‌رت بێت له‌هه‌وڵه‌كانتدا، متمانه‌م به‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ برایان و هاوبه‌شه‌كانت پاڵپشتت ده‌بن.

والسلام علیكم ورحمه‌ الله وبركاته‌

مالكی: ده‌بێت ئامانجمان خزمه‌تكردنی عیراق بێت

ده‌قی وته‌ی نوری مالكی له‌كاتی راسپاردنیدا بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ له‌لایه‌ن سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌وه‌

به‌ناوی خوای گه‌وره‌و میهره‌بان

فه‌خامه‌تی سه‌رۆك كۆماری به‌رێز

برایان و خوشكانی به‌رێز…

سوپاس و پێزانینی خۆم پێشكه‌ش به‌گه‌لی عیراقی به‌خشنده‌و سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ متمانه‌ی خۆیان پێبه‌خشیم له‌وه‌رگرتنی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌یه‌.

هه‌روه‌ها سوپاسی فه‌خامه‌تی به‌رێز جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنه‌ به‌رزه‌و به‌خشینی متمانه‌یه‌ به‌من بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانی، كه‌ به‌پشتیوانی خوای گه‌وره‌و به‌هیمه‌تی گه‌لی عیراقی به‌خشنده‌و سه‌رجه‌م برایانی دڵسۆز له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ین له‌پێناو هه‌ستانه‌وه‌ی عیراق و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی حكومه‌ت به‌باشترین شێوه‌.

كارێكی ئاسان نییه‌

برایان و خوشكانی به‌رێز: ئێمه‌ به‌باشی تێده‌گه‌ین و ئێوه‌ش له‌وه‌ تێده‌گه‌ن ئه‌و كاره‌ی كه‌ به‌ئێمه‌ سپێردراوه‌، كارێكی ئاسان نییه‌ به‌تایبه‌ت له‌و بارودۆخه‌ی كه‌ ئێستا عیراق پیایدا تێپه‌ڕده‌بێت و هیچ یه‌كێك له‌ئێمه‌ ناتوانێت به‌ته‌نها عیراق هه‌ستێنێته‌وه‌، بێگومان ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موو لایه‌كمانه‌ كه‌ به‌بێ هه‌لاوێردن هه‌موو هه‌وڵ و تواناكانمان بخه‌ینه‌گه‌ڕ له‌پێناو سه‌رخستن و تێپه‌ڕاندنی ولاتمان له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌ له‌مێژووی مه‌زنی عیراق. هه‌ربۆیه‌ رووده‌كه‌ینه‌ گه‌لی عیراقی مه‌زن به‌سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و برایانمان له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و داوایان لێده‌كه‌ین تێپه‌ڕاندنی سه‌رجه‌م ناكۆكییه‌كان كه‌ له‌قۆناغه‌كانی پێشوودا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌كارێكی پێویست بزانن، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییانه‌ بخه‌ینه‌ پشت خۆمانه‌وه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی زاڵ بێت به‌سه‌ریدا، ده‌بێت ئامانجمان خزمه‌تكردنی عیراق بێت نه‌ك خزمه‌تكردنی حزب و لایه‌نی دیكه‌و ئه‌و ئامانجه‌ش بخرێته‌ پێش سه‌رجه‌م ئامانجه‌كانی دیكه‌.

ئه‌ی برایان ئه‌ی خوشكان: ئێمه‌ له‌به‌رده‌م كارێكی گه‌وره‌داین و پێویسته‌ مه‌سه‌له‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت و ئه‌نجامدانی كاره‌ ئیدارییه‌كان، كه‌پێشتر پێیان ئاشنابووین، تێپه‌ڕێنین و بچینه‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت و  فراوانكردنی دامه‌زراوه‌كانی و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌هاكه‌ی بۆئه‌وه‌ی بگاته‌ ئه‌و ناونیشانه‌ی كه‌ هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ری و ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی كه‌ هه‌موومانی یه‌كخستووه‌. ئێمه‌ له‌به‌رده‌م میراتییه‌كی قورسداین له‌م بواره‌دا، هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی سه‌رجه‌م كوتله‌ سیاسییه‌كانه‌ كه‌ له‌كاتی پێشكه‌شكردنی كاندیده‌كانیان بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌ جیاجیاكان ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگرن كه‌ تواناو پسپۆڕی و پاكێتی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كرێته‌ پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی بۆ هه‌ڵبژاردنی كاندیده‌كان. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت حكومه‌ت چالاك و چوست و به‌توانا بێت له‌كه‌مترین ماوه‌دا خزمه‌تگوزارییه‌كان بگه‌یه‌نێته‌ گه‌له‌كه‌مان كه‌ ماوه‌یه‌كی دوورو درێژ دوامانخستووه‌.

ئارامیی و سه‌قامگیری

ئه‌ی برایان و خوشكان: هه‌موو ئاواتمان له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن پشت ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی كه‌ ئه‌ویش ئاسایش و جێگیربوونی ئارامی و سه‌قامگیرییه‌، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتییه‌كی هاوبه‌شه‌و نه‌ئێمه‌و نه‌حكومه‌تیش ناتوانێت به‌ته‌نها ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بخاته‌وه‌ سه‌ر پێی خۆی ئه‌گه‌رچی هه‌موو تواناكانیش بخرێنه‌گه‌ڕ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی هه‌موومانه‌و له‌هاولاتییه‌كی ئاساییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات بۆ سیاسییه‌ك له‌به‌رزترین پله‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌. پێویسته‌ هه‌موو لایه‌كمان له‌بنیاتنانی ئاسایش و سه‌قامگیریدا به‌شداریبكه‌ین كه‌ هاوكات سوودی بۆ هه‌موو لایه‌كمان ده‌بێت. پێویسته‌ له‌سه‌رمان پشتگیری هێزه‌كانی سوپاو پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بكه‌ین له‌و ئه‌ركه‌ قورسه‌ی كه‌وتووه‌ته‌سه‌ر شانیان بۆ به‌رقه‌راركردنی ئارامی، هه‌روا ده‌بێت هاوكارییان بكه‌ین له‌كاره‌كانیان و قوربانیدانه‌ گه‌وره‌كانیان كه‌ به‌درێژایی قۆناغی پێشوو له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆریستان و بانده‌كان و پاشماوه‌كانی  به‌عسدا پێشكه‌شیان كردووه‌ بۆ ئارامی هاولاتیان، نه‌ك ببین به‌بار به‌سه‌ریانه‌وه‌ یاخود تیریان تێبگرین.

هاوكاری له‌نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌لاته‌كه‌ 

لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر پێویستی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌نێوان هه‌رسێ ده‌سه‌لاته‌كه‌ به‌تایبه‌ت هه‌ردوو ده‌سه‌لاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردن بكه‌مه‌وه‌، ده‌بێت هه‌موومان یه‌ك ئامانجمان هه‌بێت ئه‌ویش سه‌ركه‌وتنی ئه‌وی دیكه‌یه‌، رێگه‌م پێبده‌ن كه‌ بڵێم ئه‌زموونه‌كانم له‌ماوه‌ی قۆناغی پێشوودا هانده‌ر نه‌بووه‌ له‌و بواره‌دا. هه‌ربۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م كه‌ له‌خاڵی گرنگی قۆناغی داهاتوو هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی و ته‌واوكردنی یه‌كتر بێت نه‌ك پێچه‌وانه‌كه‌ی. حكومه‌ت ناتوانێت هیچ هه‌نگاوێك بنێت به‌بێ هاوكاریكردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵیداو درێژه‌دان به‌پێداویستییه‌كانی حكومه‌ت له‌دانانی یاساو دامه‌زراندن، هه‌روه‌ها له‌ڕووی چاودێریشه‌وه‌ ده‌بێت ئامانجی به‌ره‌و پێشبردن بێت نه‌ك په‌كخستن و سه‌نگه‌رگرتن له‌حكومه‌ت و كۆسپ خستنه‌به‌رده‌م كاره‌كانی.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌لاتی چواره‌م و رۆڵی راگه‌یاندنی چاودێرو ره‌خنه‌گرو لێپرسراو، بێگومان ده‌بێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی بگێڕێت له‌بنیاتنانی سیستمی دیموكراتی و هاوبه‌شێكی بێوێنه‌ بێت له‌پڕۆسه‌ی بنیاتنانه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌دا. داوایان لێده‌كه‌م كه‌ له‌كاره‌كانیاندا پیشه‌یی و راستگۆ بن و دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌به‌سیاسیكردن و  تووڕه‌كردن و گه‌ڕان به‌دوای ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی وروژاندنی سلبی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ یاخود چوونه‌ پاڵ ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ ده‌یانه‌وێت ئاژاوه‌ بخه‌نه‌ناو پڕۆسه‌ی سیاسییه‌وه‌.

ئه‌وله‌ویاته‌كانی

حكومه‌تی داهاتوو

لێره‌دا پابه‌ندبوونی خۆم به‌حكومه‌ته‌وه‌ راده‌گه‌یه‌نم و پێویسته‌ برایانیشم له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و وه‌زاره‌ته‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ له‌گه‌ڵ مندا پابه‌ندبن به‌حكومه‌ته‌وه‌و لێپرسراوانه‌ كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی له‌هێڵه‌ گشتییه‌كانی حكومه‌تی داهاتوو ده‌رنه‌چن هه‌روه‌ك دیاریمانكردووه‌ كه‌ (جێگریكردنی ئارامی و چالاككردنی پڕۆژه‌كانی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاریی)ه‌، له‌ساڵى رابردوودا سه‌رباری باری ناهه‌مواری حكومه‌ت، به‌لام بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كیمان بۆ په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌بواره‌كانی نه‌وت و كاره‌باو ته‌ندروستی و ئاوو ئاوه‌ڕۆو خوێندن داڕشت، سالانی داهاتووش پێویسته‌ سالانی چنینه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان بێت، هه‌روه‌ها حكومه‌ت هه‌وڵی سه‌ره‌كی بدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ناسۆری توێژه‌ هه‌ژاره‌كان له‌كۆمه‌ڵگه‌داو كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی له‌نێوان مووچه‌و ئیمتیازاته‌كاندا.

جارێكی دیكه‌ سوپاس و پێزانینی خۆم پێشكه‌شی رۆڵه‌كانی گه‌ل و سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی متمانه‌یان پێبه‌خشیم ده‌كه‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئارامیان گرت و دانیان به‌خۆیاندا به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌وتوێژو مشتومڕه‌كان.

هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكاران و برایانم له‌وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كه‌م كه‌ به‌درێژایی قۆناغی پێشوو هاوه‌ڵیان كردم كه‌ رۆژگاری خۆش و ناخۆشی تێدا بووه‌.

سوپاسی هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م و سلاوی خوای گه‌وره‌تان لێبێت و ره‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی خوا بڕژێت به‌سه‌رتاندا.