مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك: ناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌كورده‌ فه‌یلییه‌كان به‌جینۆساید….

مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك:

ناساندنی تاوانه‌كانی دژ به‌كورده‌ فه‌یلییه‌كان به‌جینۆساید، سه‌ركه‌وتنی عه‌داله‌تی مرۆڤایه‌تییه‌ به‌سه‌ر قڕكردنی كورددا ‌

کوردستانی نوێ‌

به‌یاننامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ناساندنی دۆسیه‌ی كوردانی فه‌یلی به‌تاوانی جینۆساید.

هاوولاتیانی كوردستان

هاوولاتیانی سته‌مدیده‌ی فه‌یلی

ئه‌مڕۆش جارێكی دیكه‌ راستی و هه‌ق به‌سه‌ر زوڵم و تاوانكاریدا سه‌ركه‌وت و شه‌هیدانمان، ئه‌وانه‌ی ته‌نیا به‌تاوانی كوردبوون له‌سێداره‌دران یان به‌شێوازی دڕندانه‌ شوێن بزركران، به‌سه‌ر جه‌للاده‌كانیاندا سه‌ركه‌وتن.

ئه‌مڕۆ ده‌یان هه‌زار كوردی فه‌یلی كه‌نامرۆڤانه‌ له‌زێدو ولاتی خۆیان ده‌ركران و ئاواره‌ی ولاتان كران، به‌دڵخۆشییه‌وه‌ به‌رهه‌می سه‌بری ده‌یان ساڵه‌ی خۆیان چنییه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌موو عیراقییه‌ ئازادیخوازه‌كان پێكه‌وه‌ بینییان كه‌ئه‌نجامده‌رانی تاوانی كوشت و بڕو تالان و له‌ولات وه‌ده‌رنانی فه‌یلییه‌كان، چۆن به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ رووبه‌ڕووی ئه‌نجامی تاوانه‌كانیان بوونه‌وه‌و به‌سزای خۆیان گه‌یشتن.

دادگای بالای تاوانه‌كان له‌به‌غدا، دوای چه‌ندین دانیشتن و گوێگرتن له‌شایه‌تحاڵ و بینینی سه‌دان به‌ڵگه‌و گوێگرتن له‌تۆمه‌تباره‌كان خۆشیان، بڕیاری عادیلانه‌ی دادگای به‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌دا سه‌پاند كه‌تاوانی نامرۆڤانه‌یان به‌رامبه‌ر فه‌یلییه‌كاندا ئه‌نجامداو تاوانه‌كه‌ش به‌كوشتنی به‌كۆمه‌ڵ و دژی مرۆڤایه‌تی ناسێنرا.

ناساندنی تاوانی كوشتن و گرتن و ئه‌شه‌كه‌نجه‌دان و ده‌ركردنی به‌خورتی و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی موڵك و ماڵی كورده‌ فه‌یلییه‌كان به‌جینۆساید، سه‌ركه‌وتنی عه‌داله‌تی مرۆڤایه‌تییه‌ به‌سه‌ر تاوانكاری و شۆڤێنزم و دیكتاتۆرییه‌ت و سیاسه‌تی قڕكردنی كورد، كه‌ له‌لایه‌ن رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسێن به‌ده‌یان شێوه‌و شێوازو له‌ماوه‌و ناوچه‌ی جیاجیادا له‌دژی كورد گه‌یشته‌ ئاستێكی یه‌كجار مه‌ترسیدار. ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنی ویژانی زیندووی مرۆڤایه‌تییه‌ به‌سه‌ر دوژمنانی مرۆڤایه‌تیدا.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌هه‌موو عیراقییه‌كان و به‌تایبه‌ت له‌كوردانی فه‌یلی له‌ناوخۆی عیراق و له‌ئاواره‌یی ئه‌كه‌ین و سه‌ری رێزیش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیده‌ نه‌مره‌كانیان داده‌نه‌وێنین.

هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سلاوی گه‌رمی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌ندام و دۆست و لایه‌نگرانی ی.ن.ك و هاوولاتیانی كوردستان بۆ یه‌كه‌یه‌كه‌ی كوردانی فه‌یلی ده‌نێرین و پێشییان ده‌ڵێین سه‌ره‌نجام و دوای سالانێكی دوورودرێژی ئاواره‌یی و زوڵملێكراوی و سه‌بری شۆڕشگێرانه‌، ئیراده‌ی ئه‌وان به‌سه‌ر ئیراده‌ی زاڵماندا سه‌ركه‌وت.

هاوولاتیانی تێكۆشه‌ر، سه‌ره‌نجام و دوای چاوه‌ڕوانیێكی زۆری هه‌موومان، ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ له‌دژی كوردانی فه‌یلی ئه‌نجامدرابوو، له‌ڕێی عه‌داله‌ته‌وه‌، به‌قازانجی زوڵملێكراوان كۆتاییهات، ئیتر رۆژگاری ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ئه‌و هه‌زاران خاوخێزانه‌ی فه‌یلییه‌كان، كه‌ڕۆژگارێك به‌شه‌ زیندووه‌كه‌ی به‌غدای پایته‌ختی عیراق بوون، به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌و ژیانی ئاواره‌یی كۆتایی پێبێنن.

ناساندنی كه‌یسی كوردانی فه‌یلی به‌جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆڤایه‌تی به‌شی هه‌ره‌ گرنگی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی مه‌عنه‌وی وه‌دیهێنا، به‌لام بۆئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ماددیی زیانلێكه‌وتووانیشیان بكرێته‌وه‌، واپێویسته‌ حكومه‌تی عیراق میكانیزمێكی خێرا بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددیی زیانلێكه‌وتووانیش دیار بكات، تا به‌پێی بڕیاره‌كانی دادگا به‌ڵگه‌كانی هاوولاتیبوون و هه‌روا موڵك و ماڵی به‌ناحه‌ق زه‌وتكراویشیان بۆ بگێڕدرێته‌وه‌.

سه‌ركه‌وتنی هه‌میشه‌یی بۆ عه‌داله‌تی مرۆڤایه‌تی

ئاسووده‌یی بۆ رۆحی شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان، به‌تایبه‌تی شه‌هیدانی كوردی فه‌یلی

مه‌كته‌بی سیاسیی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

2010/11/29

سلێمانی