ئازاد جندیانی: بۆ داپۆشینی شكسته‌كه‌یان له‌به‌غدا، وه‌فـــــدی گۆڕان یه‌كێتی و پارتی تۆمه‌تبار ده‌كات

كوردستانی نوێ

وه‌فدی دانوستانكاری گۆڕان دوای ئه‌وه‌ی له‌به‌غدا گه‌ڕانه‌وه‌و هیچ وه‌زاره‌ت و پۆستێكیان له‌حكومه‌تی تازه‌ی عیراق پێنه‌درا، له‌لێدوانه‌كانیاندا یه‌كێتی و پارتی به‌هۆكاری بێبه‌ش بوونیان ده‌زانن، بۆ روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ره‌سمی و ئاگاداركردنه‌وه‌ی رای گشتی له‌ڕاستی رووداوه‌كان، كوردستانی نوێ ئه‌م دیداره‌ی له‌گه‌ڵ  ئازاد جندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك ئه‌نجامدا.

له‌گه‌رمه‌ی  دانوستانه‌كاندا، كشانه‌وه‌

*تۆ پێتوایه‌ هۆكاری وه‌رنه‌گرتنی هیچ وه‌زاره‌تێك له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ چییه‌، ئایا وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن یه‌كێتی و پارتی نه‌یانهێشتووه‌ هیچ پۆستێكیان له‌به‌غدا ده‌ست نه‌كه‌وێت؟

-له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ئیئتیلافه‌كه‌دا  به‌دانانی هێڵی سووری جۆراوجۆر مامه‌ڵه‌ی ئه‌كرد، یان به‌واتایه‌كی تر نوێنه‌رانی گۆڕان له‌ناو ئیئتیلافه‌كه‌دا فاكته‌ری تشنج بوون، هه‌میشه‌ ده‌یانه‌ویست هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی ناوخۆ له‌گه‌ڵ خواسته‌كانی كورد له‌به‌غدا به‌یه‌كه‌وه‌ گرێ بده‌نه‌وه‌.

له‌گه‌رمه‌ی دانوستانه‌كانی به‌غداشدا، له‌پڕ له‌ئیئتیلافه‌كه‌ كشانه‌وه‌، هه‌ر زووش دوای ئه‌وه‌ رایانگه‌یاند، كه‌وه‌فدێكی جیای ئه‌وان بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تری عیراق چۆته‌ به‌غداو خۆیان له‌فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان جیاكرده‌وه‌، به‌مه‌ش خۆیان وه‌تاق خست  و سه‌ره‌نجامیش هیچیان ده‌ست نه‌كه‌وت و له‌و یارییه‌ سیاسییه‌ی عیراق به‌ده‌ستی به‌تاڵ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌كاتی شكستێكی له‌و جۆره‌ش ره‌نگه‌ ئاسایی بێت هه‌ندێ له‌وانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی گفتوگۆكانی گۆڕانیان له‌به‌غدا كردووه‌، ئۆباڵه‌كه‌ی بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی یه‌كێتی و پارتی.

*ئایا خۆجیاكردنه‌وه‌ی گۆڕان  زیانی له‌قورسایی كورد داوه‌ له‌به‌غدا؟

-ئێمه‌ پێمان ناخۆش بوو ئه‌وان خۆیان جیابكه‌نه‌وه‌، هه‌وڵی زۆریش درا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كه‌چی بێ ئه‌نجام بوو، به‌لام به‌پاشه‌كشه‌ی فراكسیۆنی گۆڕان پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا سوك نه‌بووه‌ وه‌ك ئه‌وان ئیدیعای ئه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌موولایه‌نه‌كانی به‌غدا وه‌ك نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ئه‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیعیش هه‌ر ئه‌م راستییه‌ به‌رجه‌سته‌ بووه‌وه‌، بۆیه‌ پێویست بوو فراكسیۆنی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی عیراق سیاسیانه‌ تر مامه‌ڵه‌یان كردبوایه‌.

مانۆڕه‌كه‌یان به‌سه‌ر خۆیاندا شكایه‌وه‌

*هه‌ر له‌باره‌ی هاتنه‌ده‌ری گۆڕان له‌ ئیئتیلافی كوردستانییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌و هاتنه‌ده‌ره‌یان، وه‌ك هه‌ندێ چاودێری سیاسی لێكی ئه‌ده‌نه‌وه‌ جۆرێك له‌مانۆڕ بووبێ، ئامانجیان له‌و مانۆڕه‌ چی بوو؟

-گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان مه‌به‌ستی له‌پاشه‌كشێ له‌ئیئتیلافه‌كه‌  مانۆڕ بووبێت هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یان كردووه‌و له‌كۆتاییشدا حسابه‌كه‌شیان هه‌ڵه‌ بووه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ ئه‌وان پێیانوابووبێت كه‌ به‌چوونه‌ ده‌ری ئه‌وان ئیتر یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵیش ئیئتیلافه‌كه‌ جێدێڵن و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئیئتیلافه‌كه‌ش، ئه‌و وه‌خته‌ ئیئتیلافه‌كه‌ هه‌ڵئه‌وه‌شایه‌وه‌. به‌لام به‌هۆی دووربینی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و به‌هۆی ناسینی ئه‌وان بۆ مه‌ترسییه‌كانی خۆدابڕین له‌یه‌كڕیزیی كوردو مه‌ترسییه‌كانی پارچه‌پارچه‌بوونی كورد له‌به‌غدا، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان مانۆڕێكی سیاسی بووبێت، ئه‌وا مانۆڕه‌كه‌ی گۆڕان ته‌نیا به‌سه‌رخۆیاندا شكایه‌وه‌و هه‌ر ئه‌وان تیایدا زه‌ره‌رمه‌ندبوون و ئێستاش ناتوانن به‌ئاسانی ئه‌و زیانه‌ قه‌ره‌بووبكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ به‌بێ بوونی به‌ڵگه‌و دۆكیومێنت یه‌كێتی و پارتی تاوانبار ده‌كه‌ن و ئه‌و راستییه‌ له‌خه‌ڵكی خۆیان هه‌موو كوردستان ده‌شارنه‌وه‌ كه‌ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی به‌غدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، دوای شكستی وه‌فده‌كه‌یان و گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ده‌ستی خاڵی، ئه‌و تۆمه‌ته‌یان دروستكرد، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیش له‌وباره‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بلاوكرده‌وه‌.

باش له‌لۆژیكی سیاسه‌تی به‌غدا نه‌گه‌یشتبوون

*هه‌ندێ له‌ئه‌ندامانی وه‌فدی گۆڕان بۆ به‌غدا، ره‌خنه‌ی توند له‌ئیئتیلافی فراكسیۆنی كوردستانییه‌كان ئه‌گرن كه‌ده‌نگیان به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌به‌عسییه‌كان داوه‌؟

-مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵگرتنی تۆمه‌تی به‌عسی بوون له‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێكی سه‌ر به‌لیستی ئه‌لعیراقییه‌، كارێكی له‌ناكاو نه‌بووه‌، له‌و وه‌خته‌شه‌وه‌ كه‌گۆڕان له‌ناو ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان بوو ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌ك گرێیه‌ك و وه‌ك چاره‌سه‌رێكیش له‌ئارادابوو، به‌لام كاتێ گۆڕان له‌به‌غدا جیابووه‌وه‌و هه‌موومان به‌یاننامه‌ی خۆجیاكردنه‌وه‌ی گۆڕانمان خوێنده‌وه‌، باسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یان نه‌كردبوو، به‌لام ئێستا بۆ گه‌وره‌ی ئه‌كه‌ن؟ دیاره‌ مه‌به‌ست له‌و ته‌رحه‌، داپۆشینی شكستی وه‌فدی دانوستانكاری گۆڕانه‌ له‌به‌غدا كه‌باش له‌لۆژیكی سیاسه‌تی به‌غدا نه‌گه‌یشتبوون، چونكه‌ دركیان به‌قورسایی سیاسی و پره‌ستیژی عیراقی و ناوچه‌یی  چوار لایه‌نه‌كه‌ی ئیئتیلافی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و سه‌نگی  یه‌كڕیزیی كورد نه‌كرد، بۆیه‌ خوا خۆیان بگرێت نه‌ك كه‌سی تر، بۆ داپۆشینی شكسته‌كه‌شیان له‌به‌غدا، وه‌فدی گۆڕان یه‌كێتی و پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.