سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم: وه‌فده‌ سیاسییه‌كه‌، دوا نامه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ هه‌رێمیان بۆ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ گواسته‌وه‌

د. ئومێد سه‌باح، وته‌بێژی‌ ره‌سمیی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، له‌ دیدارێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ (ئه‌نادۆڵ‌)ی‌ توركی‌     رایده‌گه‌یه‌نێت، وه‌فدێكی‌ سیاسی هه‌رێم سه‌ردانی‌ به‌غدای كردووه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی‌ (نامه‌ی‌ كۆتایی) له‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستانه‌وه‌ بۆ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رپشكیان بكه‌ن له‌ نێوان چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا، یان رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌ند ئه‌گه‌رێك، له‌وانه‌ش: كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ و په‌رله‌مانی‌ عیراق.
د. ئومێد، روونشیكرده‌وه‌، نامه‌كه‌ی‌ هه‌رێم له‌ دوو خاڵدا كورتده‌كرێته‌وه‌: یه‌كه‌میان، جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنامه‌ی‌ هه‌ولێره‌، كه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا ئیمزاكراو له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش حكومه‌تی‌ ئێستای‌ عیراق پێكهێنرا، خاڵی‌ دووه‌میش، جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌ (19) خاڵییه‌كه‌ی‌ نێوان كورد و هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا، له‌ چوارچێوه‌ی‌ نامه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ كراوه‌ به‌وه‌ی‌ ئایا دوو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ن له‌كاتێكی‌ دیاریكراودا، له‌گه‌ڵ گره‌نتیدانی‌ یاسایی و ده‌ستووری‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان، یان وه‌ڵامی‌ تر ده‌بێت.
وته‌بێژه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، هیواشی خواست، هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ وه‌ڵامی‌ ئیجابییان هه‌بێت بۆ وه‌فده‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ن به‌ چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانی‌ سیاسی، وتیشی:”به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی‌ نوری‌ مالیكی، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، به‌پێی خواستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌بێت، ئه‌وا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سازده‌كه‌ن‌و و تیایدا بڕیارێكی‌ نیشتمانی‌ ده‌درێت بۆ چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌”.
سه‌باره‌ت به‌ دوو رێككه‌وتنامه‌كه‌، وتی:”جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌كان، ده‌بێته‌ هۆكار بۆ سه‌قامگیری‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ قه‌یرانی‌ سیاسی، به‌ڵام گه‌ر رێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا هه‌رێمی‌ كوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی چیتر چاوه‌ڕێی به‌ڵێنه‌كان نه‌كات، چونكه‌ پێمانوایه‌ كات كوشتن به‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌مه‌ش دواجاره‌ وه‌فدی‌ هه‌رێم بۆ به‌غدا بچێت، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ به‌ڕوونی‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانه‌كه‌ نه‌خاته‌ڕوو، چونكه‌ ئێمه‌ بژارده‌ی‌ دیكه‌مان له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت”.
سه‌باره‌ت به‌و بژاردانه‌ی‌ له‌به‌رده‌م هه‌رێمی‌ كوردستاندا ده‌بن، له‌ ئه‌گه‌ری‌ رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان، له‌وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ ئاژانسه‌كه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌ مالیكی یان كشانه‌وه‌ی‌ وه‌زیره‌كان له‌ حكومه‌ت‌و نوێنه‌ره‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ چوارچێوه‌ی‌ بژارده‌كانی‌ هه‌رێمدان، وته‌بێژه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، وتی‌:”هه‌موو بژارده‌كان له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی هه‌رێمی‌ كوردستاندان، له‌ نێویشاندا ئه‌وانه‌ی‌ ئاماژه‌تان پێدا، به‌ڵام نامانه‌وێت پێش رووداوه‌كان بكه‌وین”.
له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: سۆران كه‌ریم
سه‌رچاوه‌: ئاژانسی‌ ئه‌نادۆل