وه‌فدی لایه‌نه‌سیاسیيه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عیراق كۆده‌بنه‌وه‌

ئه‌مڕۆ 23-10 له‌به‌غدا د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی هه‌رێم به‌ئاماده‌بونی ئه‌ندامانی وه‌فدی حزبه‌كوردستانییه‌كان پێشوازیكرد له‌ مارتن كۆپله‌ر نوێنه‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق .
له‌دیدارێكدا گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سیاسی عیراق و روداوو گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌، پاشان بیروڕایان ئاڵوگۆڕكرد سه‌باره‌ت به‌كێشه‌و گرفته‌ سیاسییه‌كانی عیراق و هه‌نگاو و كۆششه‌كان به‌ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌ هه‌روه‌ك به‌بایه‌خیشه‌وه‌ باس له‌دیدارو كۆبونه‌وه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوی وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌سیاسییه‌كانی عیراق كرا.
له‌ودیداره‌دا باس له‌ گرنگی بونی رۆڵی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرا له‌ هاوكاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسییه‌كانی عیراق، له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌فدی باڵای حزبه‌ كوردستانییه‌كان داوایان كرد كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رۆڵی زیاترو كاریگه‌رتر بگێڕێت له‌ هاوكاریكردنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق له‌ پێناو كۆتایهێنان به‌كێشه‌كان و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری راسته‌قینه‌.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ 23-10 د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی وه‌فدی حزبه‌ كوردستانییه‌كانی هه‌رێم به‌ئاماده‌بونی ئه‌ندامانی وه‌فدی حزبه‌ كوردستانیه‌كان پێشوازیكرد له‌ رۆبه‌رت ستیڤن بیكروفت باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌عیراق.
له‌ودیداره‌دا بارودۆخی سیاسی عیراق و ناوچه‌كه‌و كێشه‌و گرفته‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی هه‌وڵه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌كرا.
هه‌رله‌و دیداره‌دا ئاكامی گفتوگۆكانی وه‌فدی باڵای حزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی د.به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عیراق گفتوگۆیان له‌ باره‌وه‌ كراو به‌هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی و سه‌ركه‌وتو وه‌سفكرا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ناكۆكییه‌كان و گرتنه‌به‌ری میكانیزمی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ كۆتایهێنان به‌قه‌یرانی سیاسی عیراق، هه‌روه‌ها به‌گرنگییه‌وه‌ باس له‌ به‌شداری و رۆڵی ئه‌مریكا كرا وه‌ك هێزێكی كاریگه‌رو به‌رچاو له‌ هاریكاریكردن بۆ نزیكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق.