گرفته‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێم و ناوه‌ند به‌كوێ ده‌گه‌ن؟

مۆفه‌ق میراوده‌لی‌ /کوردستانی نوی

بابه‌تی ئابووری یه‌كێكه‌ له‌گرنگترین بابه‌ته‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان، په‌یوه‌ندی به‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌، ولاتان له‌ڕووی ده‌رامه‌تی ئابوورییه‌وه‌ جیاوازن، هه‌ریه‌كه‌یان به‌بڕو رێژه‌ی جیاواز ده‌رامه‌تی ئابوورییان هه‌یه‌، به‌پێی پلانی ئابووری و سیاسه‌تی ئابوورییان به‌كاریدێنن، بۆ هێنانه‌دی ئامانجه‌ ئابووری و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تییه‌كانیان، عیراق یه‌كێكه‌ له‌و ولاتانه‌ی له‌ده‌رامه‌تی سروشتییدا زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌تایبه‌تی له‌كه‌ره‌سته‌ی خاوی وه‌كو نه‌وت، سه‌رچاوه‌ی نه‌وت به‌ شاده‌ماری ئابووری عیراق داده‌نرێت، له‌م قۆناغه‌دا له‌دوای ساڵی(2003) تا ئێستا، نه‌وت تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی نارده‌نییه‌تی بۆ ده‌ره‌وه‌، زۆرینه‌ی خه‌رجی و تێچوونی ئابووری پشت به‌ داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت، خه‌ملاندنی بودجه‌ی گشتی به‌پله‌ی یه‌كه‌م، هه‌ر پشت به‌ نرخی خه‌مڵێنراوی نه‌وت ده‌به‌ستێت.

هه‌موو ساڵێك كێشه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌

داهات و ده‌رامه‌تی نه‌وت به‌پێی ده‌ستوور موڵكی هاوولاتیانی عیراقه‌، له‌و ناوه‌نده‌شدا هه‌رێمی كوردستان به‌ش و پشكی خۆی هه‌یه‌،  سالانه‌ به‌پێی رێژه‌ی بودجه‌ی گشتی رێژه‌ی (17%)ی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، شتێكی پێویسته‌ به‌جیاوازی پێكهاته‌ی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی ..هتد، ئه‌م داهاته‌ به‌سه‌ر هاوولاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت، له‌میانه‌ی دابینكردنی پێداویستی گشتی و دابینكردنی مووچه‌و خه‌رجی دام و ده‌زگاكان، به‌مه‌به‌ست و ئامانجی هێنانه‌دی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری و په‌ره‌پێدانی ئابووری ولات، وه‌كو هه‌موو ئه‌و ولاتانه‌ی كه‌ نه‌وت بووه‌ته‌ هۆكاری خۆشگوزه‌رانیی هاوولاتیانی.

له‌ خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا، كۆمه‌ڵێك گرفتی هه‌نووكه‌ كه‌وته‌ نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند، به‌ده‌ر له‌ بابه‌تی مادده‌ی (140)و پێشمه‌رگه‌، چه‌ند بابه‌تێكی هه‌نووكه‌ی ئابووری بوونه‌ گرفت، له‌ نێوان حكومه‌تی ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێم، به‌تایبه‌تی بابه‌تی نه‌وت و گاز،  زۆرترین قسه‌و باس و كێشمه‌كێشمی لێكه‌وته‌وه‌، وێڕای چه‌ندین دانیشتن و گفتوگۆو كۆبونه‌وه‌ له‌نێوان ناوه‌ندو حكومه‌تی هه‌رێمدا، به‌لام تا ئه‌م كاته‌ش نه‌توانراوه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌نووكه‌ییانه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵوێستی توندو لێدوانه‌ تونده‌كانی به‌غدا، له‌به‌رامبه‌ر گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا، كه‌ به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی نایاسایی بوونی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانیان ده‌كرد، حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌رده‌وام ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تده‌كرده‌وه‌، بابه‌تێكی دیكه‌ی هه‌نووكه‌ رێژه‌ی(17%)بودجه‌ی هه‌رێمه‌، سالانه‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌كردنی بودجه‌ی سالانه‌، حكومه‌تی ناوه‌ند ئاسته‌نگ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م په‌سه‌ندكردنی رێژه‌كه‌، له‌میانه‌ی پێشنیازكردنی كۆمه‌ڵێك بڕگه‌و مادده‌ی نه‌گونجاو له‌هه‌مبه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ دیارده‌ء هه‌موو ساڵێك له‌گه‌ڵ خه‌ملاندنی بودجه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌.

چالاكییه‌كانی هه‌رێم پشت به‌ بودجه‌ ده‌به‌ستن

ئه‌م سێ بابه‌ته‌ ئابوورییه‌ی نه‌وت و گازو بودجه‌، بوونه‌ته‌ گرێ كوێره‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌ند، له‌خولی یه‌كه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا، به‌هۆی زۆر پێداگری و توندی ناوه‌ند نه‌توانرا ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ یه‌كلابكرێنه‌وه‌، له‌ده‌رئه‌نجامدا مقۆمقۆیه‌كی زۆریان لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م رێژه‌یه‌ مافێكی سروشتی هاوولاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌، سالانه‌ رێژه‌ی دیاریكراو له‌بودجه‌ی عیراق وه‌ربگرن، به‌و پێیه‌ی به‌نیسبه‌ت هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گرنگ و بایه‌خداره‌، چونكه‌ سه‌رجه‌م چالاكی ئابووری و ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، پشت به‌ بودجه‌ی له‌(17%)ده‌به‌ستێت.

پێویسته‌ رێژه‌ی بودجه‌ چه‌سپاو بێت

نوێنه‌رانی كورد له‌م خوله‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا، له‌نێو تێكڕای ئه‌ركه‌كانییان ئه‌ركی یه‌كلاكردنه‌وه‌ ئه‌و بابه‌تانه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ، پێویستیان به‌ پلان وسیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ هه‌یه‌، بۆئه‌وه‌ی ناوه‌ند بێننه‌ سه‌ر ئه‌و بارو باوه‌ڕه‌، كه‌ وه‌به‌رهێنان له‌بواری نه‌وت و گازدا به‌پێی ده‌ستوور یاساییه‌، مافێكی سروشتیی حكومه‌تی هه‌رێمه‌ به‌ پێی ده‌ستوورو یاسا نه‌وت ده‌ربهێنێت، به‌نیسبه‌ت بودجه‌ی ئه‌مساڵ بڕگه‌و ماده‌كانی به‌سه‌ر كورددا نه‌سه‌پێنرێن، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی زیادكرنی نه‌درێت، پێویسته‌ رێژه‌ی بودجه‌ جێگیر و چه‌سپاو بێت، تاوه‌كو سه‌رژمێری گشتی دانیشتووان ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ئابوورییانه‌ هه‌ستیارو چاره‌نووسسازن، ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ی ئابوری هه‌رێم ده‌بێت، بۆیه‌ ئه‌ركی نوێنه‌رانی كورده‌ هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كیان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌یان بخه‌نه‌گه‌ڕ، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێم، بابزانین نوێنه‌رانی كورد چۆن به‌ چ سیاسه‌ت و پلانێك، له‌م خوله‌دا ئه‌م گرفتانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه‌.