مه‌لا به‌ختیار: هه‌ر كادرێكی یه‌كێتیی له‌ په‌یڕه‌و لابدات سزاده‌درێت

چاودێر

مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بنه‌مای سزاو پاداشت له‌ناو یه‌كێتیی په‌یڕه‌و ده‌كرێت و هه‌ر كادرێكی یه‌كێتیی له‌ په‌یڕه‌و لابدات سزا ده‌درێت.

پێشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی 30-12 مه‌لا به‌ختیار له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی به‌دواداچوونی بڕیاره‌كانی سێیه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووه‌وه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ڤاڵان (په‌روین كاكه‌ حه‌مه‌، موحسین عه‌لی ئه‌كبه‌ر، بورهان ره‌حیم).

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی راپۆرته‌ جیاجیاكانی كۆنگره‌و به‌دواداچوونی بڕیارو راسپارده‌كان كراو جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی به‌دواداچوون و جێبه‌جێكردنی ته‌واوی بڕیارو راسپارده‌كان كرایه‌وه‌.

هه‌ڤاڵانی لیژنه‌ی به‌دواداچوونی كۆنگره‌ پوخته‌ی كاره‌كانی ماوه‌ی رابردوویان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها بۆچوون و سه‌رنجی خۆیان له‌باره‌ی كاره‌كانه‌وه‌ رونكرده‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی داوای له‌ لیژنه‌كه‌ كرد كاری جدی بكه‌ن بۆ به‌دواداچوونی بڕیارو راسپارده‌كانی كۆنگره‌و وتی: له‌ دوای كۆنگره‌ زۆر له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ركراون و رێگه‌چاره‌ی پێویست بۆ كێشه‌كانی دیكه‌ دیاریكراوه‌، كاری لیژنه‌ی به‌دواداچوونی بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ش گرنگی خۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر زیاتر گه‌شه‌پێدانی ریزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ په‌یڕه‌وكردنی بنه‌مای سزاو پاداشت له‌ناو یه‌كێتیی ده‌بێته‌ رێسایه‌كی جێگیر و هه‌ر كه‌سێك له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆ لابدات به‌پێی په‌یڕه‌و سزا ده‌درێت و كادرانی چالاك و سه‌ركه‌وتووش پاداشت ده‌كرێن.

له‌ كۆتاییشدا مه‌لا به‌ختیار رێنمایی پێویستی پێشكه‌ش به‌ هه‌ڤاڵانی لیژنه‌كه‌ كرد به‌ مه‌به‌ستی باشتر به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانیان.