په‌یامی سه‌رۆك تاڵه‌بانی بۆ دووهه‌مین كۆنگره‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ی.ن.ك

2

به‌بۆنه‌ی به‌ستنی دووه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆك مام جه‌لالپه‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ئه‌ندامان و لێپرسراوانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ده‌كات.
له‌و په‌یامه‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ده‌بێت ئه‌و راستییه‌ هه‌زاران جار ته‌ئكیدبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ شۆڕشگێڕییه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ی و بۆ نه‌وه‌كانی دواتری تۆماركردووه‌و ئازادی و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می قوربانیدان و تیكۆشانی پێكه‌وه‌یی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستانه‌، له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆشدا پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌ركێكی نوێی كه‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌ویش به‌رگریكردنه‌ له‌ دیموكراسیه‌ت له‌ عیراق و به‌رگریكردنه‌ له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌ ماندووبوون و قوربانی به‌دیهاتوون، هه‌روه‌ك چۆن تێكۆشانیشه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ مێژووییانه‌ی كه‌ هێشتا به‌دینه‌هاتوون و ده‌بێت به‌دیبێن.
ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك تاڵه‌بانی بۆ دووهه‌مین كۆنگره‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویستم ئه‌ندامانی دووهه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتی.
به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمتان لێ ئه‌كه‌م و هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان له‌ وه‌دیهێنانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی بۆتان داناوه‌ سه‌ركه‌وتوو بێت.
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سڵاوی گه‌رمی خۆم ئه‌نێرم بۆ گیانی به‌رزو نه‌مری هه‌ڤاڵه‌ شه‌هیده‌كان و بنه‌ماڵه‌كانیان.
هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ر، شۆڕش و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان سه‌ره‌ڕای ماندووبوون و كاره‌سات و قوربانیدانی شۆڕشگێڕانه‌، داهێنه‌ری ناوو ناوه‌ڕۆكی پڕ له‌ شانازیش بووه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شانازییه‌ هه‌میشه‌ دروه‌شاوه‌و زیندووه‌كانی گه‌له‌كه‌مان، هه‌ر بۆیه‌ له‌ناو دنیای ئه‌ده‌ب و هونه‌ری كوردیدا به‌ ده‌یان شیعرو سروودو گۆرانی و داهێنانی تری ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بۆ گه‌وره‌یی ناو و مه‌زنی قوربانییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌رهه‌مهێنراون، كه‌ تائێستاش ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ نه‌مری ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌یه‌، كه‌ جه‌ماوه‌ری گه‌له‌كه‌مان به‌رامبه‌ر پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌تی، به‌ تایبه‌ت له‌و رۆژگاره‌ سه‌ختانه‌ی كه‌ هه‌رگیز نه‌ئه‌كرا به‌بێ پێشمه‌رگه‌ گه‌له‌كه‌مان روبه‌ڕووی داگیركه‌رو دوژمنان ببێته‌وه‌و پیلانه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی دوژمنان پووچه‌ڵبكاته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردبوو كه‌ پێشمه‌رگه‌و گه‌ل ببنه‌ دوانه‌ی لێك دانه‌بڕاوی تێكۆشانی كوردایه‌تی، وه‌ك هونه‌رمه‌ندی پێشمه‌رگه‌ كاكه‌ حه‌مه‌ جه‌زای جوانه‌مه‌رگیش وتی (ناوی پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ وێردی سه‌رزمان).
هه‌ڤاڵان و هاوسه‌نگه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كانم.. ئه‌گه‌ر له‌ رۆژگاری رابردوودا پێشمه‌رگه‌، هێزی گه‌له‌كه‌مان بووبێ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌و ئه‌نفال و كوشت و كوشتار دژی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌كه‌مان، ئه‌وا ئه‌بێ ئه‌و راستییه‌ هه‌زاران جار ته‌ئكید بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ خۆشبه‌ختانه‌، پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ شۆڕشگێڕییه‌ی بۆ گه‌له‌كه‌ی و بۆ نه‌وه‌كانی دواتر تۆماركردو ئازادی و ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌مڕۆ به‌رهه‌می قوربانیدان و تیكۆشانی پێكه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵكی كوردستانه‌، له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆشدا پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ئه‌ركی نوێی كه‌وتۆته‌ ئه‌ستۆ، ئه‌ویش به‌رگری كردنه‌ له‌ دیموكراسیه‌ت له‌ عیراق و به‌رگریكردنه‌ له‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌ ماندووبوون و قوربانی بێ پسانه‌وه‌ وه‌دیهاتوون، وه‌ك چۆن تێكۆشانیشه‌ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ مێژووییانه‌ی كه‌ هێشتا وه‌دینه‌هاتوون و ئه‌بێ وه‌دی بێن.
ئێوه‌ش ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان، كه‌ نموونه‌ی ئه‌وپه‌ڕی فیداكاری و قوربانیدانی و یادگاری تێكۆشانی خوێناوی گه‌له‌كه‌مانن، ڕاسته‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی لاوێتی خۆتان له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی پێشمه‌رگانه‌دا به‌سه‌ربردووه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌ركه‌كانتان كۆتایی نه‌هاتووه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا هه‌موو ئامانجه‌كان وه‌دینه‌هاتوون، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ هێشتا نه‌وه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان پێویستی پێتانه‌، پێویستی ئه‌وه‌ی له‌ ئێوه‌وه‌ مێژووی گه‌له‌كه‌ی خۆیان گوێ لێبێ و بخوێننه‌وه‌و سه‌ختی تێكۆشانی رۆژگاری رابردوویان له‌ به‌رچاودا به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، چونكه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرجار وا ده‌رئه‌كه‌وێ كه‌ هێشتا پێویست بكا تۆمارو ده‌ره‌سه‌كانی رابردووی شۆڕشی كوردستان بۆ نه‌وه‌ی نوێ باسبكرێ، بنووسرێته‌وه‌و بگێڕدرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌و راستییه‌ ئه‌بێ وه‌ك رۆژی روون بده‌ره‌وشێنرێته‌وه‌ كه‌ ئازادی و سه‌رفرازی و ئاوه‌دانی و ته‌واوی ده‌سكه‌وته‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و كلتوورییه‌كانی ئه‌مڕۆ، به‌رهه‌می راسته‌وخۆی تێكۆشانی دوورودرێژوو سه‌ختی دوێنێی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌، كه‌ پێشمه‌رگه‌ رۆڵه‌ به‌ ئه‌مه‌كه‌كه‌یه‌تی، هه‌ر بۆیه‌ پێشنیار ئه‌كه‌م ئه‌م بابه‌ته‌ بخه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆنگره‌تان، چونكه‌ له‌ راستیدا به‌ زیندووی هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و تۆماره‌ مه‌زنه‌ی تێكۆشانی ئێوه‌و ته‌واوی گه‌له‌كه‌تان ته‌نیا بۆ تۆماركردنی مێژووی سه‌روه‌ری و شانازییه‌كان نیه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌شه‌ كه‌ گیانی كوردایه‌تی و گیانی قوربانیدان له‌ پێناوی گه‌ل و نیشتماندا به‌ زیندوویی بمێنێته‌و