ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسی له‌ دووهه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ی.ن.ك

له‌ دووهه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، وتاریمه‌كته‌بی سیاسی له‌لایه‌ن حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی خوێندرایه‌وه‌.
له‌و وتاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ پێشمه‌رگایه‌تیی یه‌كێتیی-ـه‌كان هیچی كه‌متر نه‌بووه‌ له‌ پارتیزانێتی جیڤاراو كوبییه‌كان و له‌ شۆڕشگێڕێتی چینی و ڤێتنامی و سۆڤێتییه‌كان، له‌و نموونانه‌ی ده‌یان كتێب و فیلمیان له‌باره‌وه‌ ده‌ركراوه‌، پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كێتیی-ـه‌كان بۆ داهێنانی شێوازی نوێی گیانفیدایی بوو، بۆ گیانبازی بوو له‌ناو ئاگردانێكدا كه‌ جیهان هه‌مووی له‌سه‌ر نه‌بینینی كۆك بوون، به‌ڵام دواجار بیروباوه‌ڕی ره‌وایه‌تی و خه‌مخۆرانه‌ بۆ گه‌ل و داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆی لێ هاته‌دی كه‌ تیایدا جگه‌ له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مام جه‌لال له‌سه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی سه‌ركردایه‌تیی كردنی حه‌كیمانه‌ی یه‌كێتی سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌و له‌ رێكخستنه‌وه‌و ئاڕاسته‌كردنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردییه‌وه‌ بۆ ئه‌ركی ئاڕاسته‌كردنی عیراقی فیدراڵ تێده‌كۆشێت و به‌ به‌رده‌وامی خه‌بات ده‌كات.
ده‌قی وتاری مه‌كته‌بی سیاسی له‌ دووهه‌مین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
به‌ڕێزان به‌شداربووانی كۆنگره‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرین و دانه‌بڕاوه‌كانی ی.ن.ك
میوانه‌ به‌ڕێزه‌كانی ئه‌م ژوانه‌ پڕ له‌ گیانفیدایی و دڵسۆزییه‌ بۆ گه‌لی كوردستان
به‌ستنی كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌تان مایه‌ی شانازییه‌ بۆ ی.ن.ك و گه‌له‌كه‌مان، چونكه‌ پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانمان ئه‌و شه‌هیده‌ زیندووانه‌ن كه‌ سه‌رده‌مێكی پڕزه‌حمه‌تیان له‌ شاخ و گونده‌كانی كوردستان به‌سه‌ربردو ته‌نها ئومێدو ئامانجیان رزگاریی كوردستان و به‌دیهاتنی مافی چاره‌ی خۆنوسینی گه‌له‌كه‌مان بوو، ئێوه‌ زمانحاڵ و ئاڵاهه‌ڵگری شه‌هیدانی كوردستان بوون، هه‌ربۆیه‌ جێی خۆیه‌تی له‌م مه‌راسیمه‌دا به‌ ناوی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك ه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی شكۆمه‌ندانه‌ ئاڕاسته‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی ی.ن.ك بكه‌ین كه‌ له‌و كاروانه‌ پڕ سه‌روه‌رییه‌دا دانه‌بڕان و لانه‌دانیان وه‌ك دوانه‌ی یه‌كێتیبوونی ره‌سه‌ن هه‌ڵبژارد، هه‌روه‌ك چه‌نده‌ خۆیان نموونه‌و سه‌رمه‌شقی كوردایه‌تی و پێشمه‌رگایه‌تی بوون، ده‌بێ قه‌درو رێزی دایك و باوك و خوشك و براكانیان هێنده‌ بگرین، چونكه‌ له‌لایه‌ك رۆڵه‌ی وا دلێرو خۆڕاگریان بۆ گه‌له‌كه‌یان په‌روه‌رده‌ كردووه‌، له‌لایه‌كی تریش له‌ژێر سته‌م و زۆری راوه‌دوونان و خۆحه‌شارداندا ده‌یان زیانی جۆراوجۆریان لێكه‌وتووه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌مان و یه‌كێتیش تائێستا به‌ قه‌رزارباریی له‌سه‌ری ماوینه‌ته‌وه‌و نه‌مانتوانیوه‌ به‌ باشی قه‌ره‌بویان بكه‌ینه‌وه‌.. بۆ ئه‌مه‌ پێویسته‌ كه‌سوكاری پێشمه‌رگه‌، رۆڵه‌كانتان شانازیتان پێوه‌ بكه‌ن، كه‌ ته‌مه‌نی زێرینی گه‌نجایه‌تییتان به‌خشیووه‌ به‌ گه‌ل و وڵاته‌كه‌تان.
به‌رێزان
مرۆڤ گه‌لێك به‌نێو تونێلی تاریكی و به‌رده‌ڵانی مێژوودا به‌موجازه‌فه‌یان به‌ گیانی خۆیان و مه‌ترسی بۆ سه‌ر گیان و ماڵی كه‌سوكاریان چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانیان ئاراسته‌ ده‌كرد، سه‌دان شه‌و رۆژیان له‌نێو ئاگرباران و برسێتیدا به‌رێكرد به‌ڵام ئه‌وان خۆڕاگری و ئومێدیان هه‌ڵبژارد، به‌ به‌رچاویانه‌وه‌ هاوڕێ و هه‌ڤاڵه‌ پێشمه‌رگه‌كانیان شه‌هید ده‌بوون، به‌ڵام له‌جێی رووخان و ته‌سلیمبوون، له‌جێی لادان و خه‌ت ره‌جعه‌، وره‌و ئازایه‌تی و تۆڵه‌سه‌نده‌وه‌یان بۆ هه‌ڤاڵه‌كانیان زیاد ده‌كرد، بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ بن كه‌ ئه‌وه‌تا بێ شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان به‌شێكمان له‌م كۆنگره‌یه‌دا به‌شداربین و له‌نێو ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ گه‌ورانه‌دا به‌هه‌مان گیانی جارانه‌وه‌ بۆ خزمه‌تی گه‌له‌كه‌مان كۆببینه‌وه‌.
له‌ راستیدا پێشمه‌رگایه‌تیی یه‌كێتییه‌كان هیچی كه‌متر نه‌بوو له‌ پارتیزانێتی جیڤاراو كوبییه‌كان، له‌ شۆڕشگێڕێتی چینی و ڤێتنامی و سۆڤێتییه‌كان، له‌و نموونانه‌ی ده‌یان كتێب و فیلمیان له‌باره‌وه‌ ده‌ركراوه‌، پێشمه‌رگایه‌تی یه‌كێتییه‌كان بۆ داهێنانی شێوازی نوێی گیانفیدایی بوو، بۆ گیانبازی بوو له‌ناو ئاگردانێكدا كه‌ دنیا هه‌مووی له‌سه‌ر نه‌بینینی كۆك بوون، به‌ڵام دواجار بیروباوه‌ڕی ره‌وایه‌تی و خه‌مخۆرانه‌ بۆ گه‌ل و داهاتووی ئه‌م وڵاته‌ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناو ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئه‌مڕۆی لێ هاته‌دی كه‌ تیایدا جگه‌ له‌ پارله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌تا جه‌نابی مام جه‌لال له‌سه‌ر خه‌بات و تێكۆشانی سه‌ركردایه‌تیی كردنی حه‌كیمانه‌ی یه‌كێتی سه‌رۆك كۆماری عیراقه‌و له‌ رێكخستنه‌وه‌و ئاڕاسته‌كردنه‌وه‌ی ناوماڵی كوردییه‌وه‌ بۆ ئه‌ركی ئاراسته‌كردنی عیراقی فیدراڵ تێده‌كۆشێ و خه‌باتی به‌رده‌وام ده‌كات، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین ئه‌مڕۆ سوپایه‌كی ناده‌ستوری به‌ ناوی فه‌رمانده‌یی دیجله‌ بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌مان بۆ سه‌رده‌می تاریكی و تێكدانی باری سه‌قامگیریی هه‌رێم و په‌كخستنی هه‌نگاوه‌كانی گه‌شه‌كردن، كه‌ دیاره‌ وه‌ك چۆن رامانگه‌یاندوه‌و جارێكی تریش له‌ حزوری ئێوه‌ی ئازیزدا رایده‌گه‌یه‌نینه‌وه‌ كه‌ ته‌واوی گیروگرفت و بیرورا جیاوازه‌كانمان به‌پێی ده‌ستور له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌رده‌كرێن و هه‌رگیز رێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین جارێكی تر ته‌جروبه‌ی چه‌كداری له‌گه‌ڵ گه‌له‌كه‌مان تاقیبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌و ئه‌وه‌ش گه‌له‌كه‌مان ئه‌وه‌ش یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانمان كه‌ هه‌موان پێشمه‌رگه‌ئاسا بۆ به‌رگری له‌ خاكی كوردستان و پاراستنی شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌مان ئاماده‌ی روبه‌روبوونه‌وه‌و به‌رگری له‌خۆكردنن..
به‌رێزان لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌ چه‌ند بابه‌تێكی گرنگی دیكه‌ بكه‌ین له‌وانه‌:
یه‌كه‌م: پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان ئه‌زمونێكی قاڵی سوربوونن له‌سه‌ر خواسته‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و ئه‌زموون و رێبازی بیركردنه‌وه‌و ئاراسته‌كردنه‌ بۆ نه‌وه‌ی نوێ روونبكرێته‌وه‌و ئه‌و گیانی تێكۆشانه‌ كۆڵنه‌ده‌رانه‌یه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگوازرێته‌وه‌.
دووه‌م: پێویسته‌ ژیان و گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانمان زۆر باش بكرێت، ئیمتیازاتی یاسایی بۆ مناڵه‌كانیان زیادبكرێت، قه‌ره‌بووی زیانی خانه‌واده‌كانیان بكرێته‌وه‌، له‌ پرسه‌ گرنگه‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا گوێیان لێبگیرێت و پرس و رایان پێبكرێت.
سێهه‌م: كۆمه‌ڵه‌كه‌ بكرێته‌ خاوه‌نی په‌یمانگایه‌كی پێگه‌یاندن و ئاراسته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رمایه‌ بێ هاوتایه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان هه‌یانه‌، هه‌ندێ پێشمه‌رگه‌ پێویسته‌ میدالیاو بڕوانامه‌ی فه‌خریی جۆراوجۆریان بدرێتی له‌ مه‌یدانی لێزانی و ئازایه‌تی و وره‌ به‌رزی و ئه‌زموونداری تا بتوانن ئه‌زمونه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ی پێویستیان به‌ داهێنان هه‌یه‌ له‌م بوارانه‌دا.
چواره‌م: له‌ ئه‌مڕۆدا یه‌كێك له‌ گرنگترین بابه‌ته‌كان پرسی روبه‌روبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌، لێره‌دا زۆر پێویسته‌ كۆنگره‌كه‌تان ده‌نگ و گوتاری خۆی هه‌بێ و فشاری مه‌ده‌نییانه‌و رێكخراوانه‌ دروستبكات بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌و هه‌ڵته‌كاندنی ئه‌م ده‌رده‌ كوشنده‌یه‌، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی گه‌ڕی و ژه‌نگه‌، داویه‌تی له‌ كۆڵه‌كه‌ی به‌رێوه‌بردنی ئه‌م هه‌رێمه‌، گه‌ر ئاماده‌ نه‌بین بێ منه‌تانه‌و یاساییانه‌ رووبه‌روی ببینه‌وه‌، ئه‌وا ده‌ستكه‌وته‌كانمان هه‌ڵده‌ته‌كێنێ و ده‌مانخاته‌ په‌راوێزه‌وه‌، وه‌ پێویستیشه‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستییه‌ بزانن كه‌ ی.ن.ك ئاڵاهه‌ڵگری دژایه‌تیكردنی به‌ كرده‌وه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه‌.
پێنجه‌م: به‌رده‌وام له‌ خه‌باتدابین تێبكۆشین له‌ پێناو چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسی و ئازادی و رۆشنگه‌ریدا له‌ پێناو ئاشتییه‌كی راسته‌قینه‌دا، كه‌ به‌ردی بناغه‌ی پێكه‌وه‌ ژیانه‌ بۆ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و كه‌مه‌نه‌ته‌وه‌كان.
راسپارده‌ی ئێمه‌ سه‌ركه‌وتنی ئه‌م كۆنگره‌یه‌یه‌ له‌ژێر سێبه‌ری سه‌ربڵندیی بۆ شه‌هیده‌كانمان كه‌ هانیانداین ئه‌م شانازییه‌مان هه‌بێ كه‌ ئێستا به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ین.
هه‌ر شادو سه‌ربه‌رز بن.