لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم: له‌هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كاندا یه‌ك لیست ده‌بین

له‌دوای به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ئه‌مڕۆ 27-11 له‌شاری هه‌ولێربه‌ڕێوه‌چوو، به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌و پارێزگایانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان راگه‌یه‌نرا.
له‌و باره‌یه‌وه‌ شۆڕش ئیسماعیل به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی له‌م چه‌شنه‌ په‌یامێكی گرنگه‌ بۆ كوردو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ له‌م ململانێییه‌دا یه‌ك هه‌ڵوێست و یه‌ك ده‌نگ بین، په‌یامێكیشه‌ به‌وه‌ی هه‌ر كاتێك كورد مه‌ترسی له‌سه‌ر بێ یه‌كده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێسته‌، هاوكات به‌سه‌ركه‌وتنی سیاسی كورد زانی.
لای خۆشیه‌وه‌ خه‌سره‌و گۆران سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ كراوه‌یه‌و لایه‌نه‌كانی تریش بۆیان هه‌یه‌ به‌شداری تێدا بكه‌ن، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ به‌شدار ده‌بن كه‌ له‌پارێزگه‌كانی موسڵ و دیاله‌و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركوك ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی تێیدا ئه‌نجامدرا، هاوكات به‌ستنی ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌شی بۆ كوردو ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گرنگ نیشانداو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات له‌ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌دا ده‌بن.
هاوكات ئارام شێخ محه‌ممه‌د به‌رپرسی ژووری هه‌ڵبژاردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به‌یه‌ك لیست به‌شداریكردنی لایه‌نه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گرنگزانی بۆ پارێزگاری كردن له‌ده‌نگی كورد،ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا بارودۆخی ئه‌و ناوچانه‌ش وا ده‌خوازێ كورد به‌یه‌ك لیست به‌شداری له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا بكات.
هه‌ریه‌كه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كگرتوی ئیسلامی، حزبی شیوعی كوردستان، حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان به‌شداری ئه‌و كۆبنه‌وه‌كه‌یان كردبوو و رێككه‌وتن به‌یه‌ك لیست له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق (جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌كه‌ركوكه‌)ه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ بڕیاره‌ له‌مانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت.