لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ كوردستان بڕیاریاندا به‌مانه‌وه‌ی‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان

ه‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا، بڕیاردرا هێزیپێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ شوێنه‌كانی خۆیان بمێننه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هۆی ره‌تكردنه‌وه‌ی خاڵه‌كانی رێكه‌وتنی نێوان وه‌فدی سه‌ربازی هه‌ولێر و به‌غدا له‌لایه‌ن نوری مالیكیه‌وه‌.
ئه‌مڕۆ مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هاوینه‌ هه‌واری‌ سه‌لاَحه‌دین له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆبوه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشهاته‌كان، دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ش راگه‌یه‌نراوێكی‌ هاوبه‌ش بلاَوكرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:
راگه‌یه‌ندراوی هاوبه‌شی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان:
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ (29/11/2012) به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆبوه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی پێشهاته‌كان.
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نیگه‌رانی خۆیان له‌ دوا هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ده‌ربڕی كه‌ سه‌ره‌رای هه‌ندێ‌ ئاماژه‌ی ئه‌رێنی له‌ كۆبونه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی نێوان خۆی و شانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی هه‌رێم، به‌ڵام له‌ دوا ساتدا له‌ویش په‌شیمان بۆته‌وه‌ و پێداگیریشی له‌سه‌ر به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ و له‌شكه‌ركێشییه‌كه‌ی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و دوز و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كانی تر كردۆته‌وه‌ .
به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستی گه‌لی كوردستان له‌ پاراستنی هه‌رێم و مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی و به‌رگریكردن له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی سه‌رتاسه‌ری عیراق به‌رز نرخاند و پێداگیریشی كرد له‌ سه‌ر رێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی دیكتاتۆریه‌ت و عه‌سكه‌رتاریه‌ت له‌ به‌غدا و به‌ پێویستیشی زانی كه‌ هه‌مو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ به‌ربه‌ستكردنی ئه‌م نه‌هجه‌ خه‌ته‌رناكه‌ی حكومه‌تی به‌غدا كه‌ به‌ڵایه‌كه‌ نه‌ك ته‌نها بۆ كوردستان، به‌ڵكو بۆ هه‌مو عیراق و پێكهاته‌كانی و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق به‌نده‌ به‌ رێزگرتن له‌ ده‌ستور و پێشێلكردنی ئه‌م ده‌ستوره‌ش یه‌كپارچه‌یی خاكی عیراق ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.
نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان جه‌ختیان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رگیز بوار نادرێته‌ هیچ شاڵاوێكی شۆفینی رو له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی دیكه‌ بكاته‌وه‌ و دوپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستوبرد له‌ دیالۆگی ناوخۆی هه‌رێم بكرێ‌ بۆ بره‌ودان به‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و به‌هێزكردنی پێگه‌ی حوكمرانی خۆبه‌خۆی كوردستان و سڵاوی خۆیشی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان راگه‌یاند و ئاماده‌یی خۆی و هه‌مو خه‌ڵكی كوردستانیشی ده‌ربڕی له‌ پشتیوانیكردنی به‌رامبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو.
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شداربوی كۆبونه‌وه‌كه‌ :
پارتی دیموكراتی كوردستان
یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان
كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان
حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان
حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان
حزبی شیوعی كوردستان
بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی توركمان
بزوتنه‌وه‌ی چاكسازی توركمان
لیستی ئه‌ربیلی توركمانی
ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدان سریان ئاشور
بزوتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری
لیستی ئه‌رمه‌ن