جندیانی: په‌شیمان بوونه‌وه‌ی مالیكی له‌به‌ڵێنه‌كانی زۆر لایه‌نی توشی سه‌رسوڕمانكرد

ته‌بێژی ره‌سمی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند به‌ره‌ی دژه‌ سیاسه‌ته‌كانی نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق له‌قۆناغی داهاتوودا فراوانتر ده‌بێت.

دوای چه‌ند رۆژێك له‌كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌فدی وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 29-11 وه‌فدی هه‌رێمی كوردستان دوای نه‌گه‌یشتنیان به‌ چاره‌سه‌رێك و په‌شیمان بوونه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌غدا له‌چه‌ند بڕیارێك كه‌ پێشتر له‌سه‌ری رێككه‌وتبوون سه‌رباره‌ت به‌ كێشه‌ی ئه‌منی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌رێم.

ئازاد جندیانی وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی ی.ن.ك به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: له‌ راستیدا په‌شیمان بوونه‌وه‌ی به‌ڕێز نوری مالیكی له‌به‌ڵێنه‌كانی، زۆر لایه‌نی توشی سه‌رسوڕمان كرد، به‌ڵام له‌قۆناغی داهاتوودا به‌ره‌ی دژی نوری مالیكی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عیراق فراوانتر ده‌بێت.

پێشتریش PUKmedia ئه‌وه‌ی زانیبوو كه‌ ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كۆتایی پێهاتووه‌ كه‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ به‌رده‌وامه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆش وه‌فده‌كه‌ی هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و بڕیاره‌ له‌سه‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان راگه‌یه‌نراوێك بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ی كاری باڵای نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی به‌رگری حكومه‌تی فیدراڵ عیراق له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پێكهاتبوون له‌هه‌ردوو فه‌ریق شێروان عه‌بدولڕه‌حمان و جه‌بار یاوه‌رو له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقی فیدراڵه‌وه‌ فه‌ریقی یه‌كه‌می روكن عه‌لی غێدان فه‌رمانده‌ی هێزه‌ پیاده‌كانی عیراق و فه‌ریق روكن حسین عه‌وادی فه‌رمانده‌ی پۆلیسی پاسه‌وانی سنور كه‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كاری باڵان و فه‌ریق یه‌كه‌م فاروق لێپرسراوی نوسینگه‌ی فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق و فه‌ریق روكن عه‌بود قه‌مبه‌ر یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای عیراق بۆ ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی، كۆبونه‌وه‌كانیش له‌باره‌گای فه‌رمانده‌یی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق ئه‌نجامدران.

هه‌روه‌ها هه‌ریه‌ك له‌ لیوا روكن ئیسماعیل و عه‌مید هه‌ڵگوردو موقه‌ده‌م ئه‌حمه‌دیش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌یان كرد له‌گه‌ڵ وه‌فدی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم.

PUKmedia تایبه‌ت   2012-11-29     19:06:19