به‌ره‌ی توركمانی بۆ مالیكی: به‌ناوی ئێمه‌وه‌ مافی قسه‌كردنت نیه‌

به‌ره‌ی توركمانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت مالیكی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌ناوی توركمانه‌كانه‌وه‌وه‌ قسه‌بكات و سه‌رسوڕمانی خۆشییان ده‌رده‌بڕن به‌و قسانه‌ی مالیكی.
له‌كاردانه‌وه‌یه‌كدا به‌رامبه‌ر به‌لێدوانێكی رۆژنامه‌نوسی نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق كه‌ دوای سه‌ردانی وه‌فدێكی رۆژنامه‌نوسانی كوه‌یتی بۆ به‌غدا رایگه‌یاندوه‌ “به‌كوردمان گوتوه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ڕ روبدات شه‌ڕی كوردو عه‌ره‌بی له‌ناوچه‌ هاوبه‌شه‌كان لێده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ناوچانه‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی و توركمانین و ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ روبدات توركمان و عه‌ره‌ب ده‌سته‌وه‌ستان راناوه‌ستن”.
خالید شوانی ئه‌ندامی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKmediaی راگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی كوردستان دژ به‌و لێدوانه‌ی مالكی راده‌وه‌ستین.
شوانی وتیشی: هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كه‌مان له‌كاتێكی نزیكدا له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق راده‌گه‌یه‌نن.
له‌چوارچێوه‌ی كاردانه‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق عه‌لی مه‌هدی وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی عیراق به‌ PUKmediaی وت: مالیكی مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ به‌ناوی توركمانه‌وه‌ قسه‌بكات.
وته‌بێژی به‌ره‌ی توركمانی وتیشی: مالكی رێگای پێنه‌دراوه‌ به‌ناوی توركمانه‌وه‌ لێدوان بدات، سه‌رسورمانی خۆشی ده‌ربڕی كه‌ چۆن مالكی مافی ئه‌وه‌ی به‌خۆیداوه‌ به‌ناوی توركمانه‌وه‌ قسه‌ بكات.
مه‌هدی ئاشكرایكرد رۆڵه‌كانی كه‌ركوك خۆیان سه‌رپشكن كه‌ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسی كه‌ركوك بده‌ن، ئاماژه‌شی كرد بۆ كرینی كاره‌با له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌ن و ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ بۆ شاری كه‌ركوك له‌ڕێگای وه‌به‌رهێنه‌رێكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ هاووڵاتییانی كه‌ركوك كه‌ بوه‌ته‌ مایه‌ی باشكردنی كاره‌بای شاره‌كه‌، بۆیه‌ ده‌توانین بۆ باشكردنی لایه‌نی ئه‌منی و پارستنی سه‌رو ماڵی هاووڵاتیانیش هه‌ڵوێستی هاوشێوه‌ بگرینه‌به‌ر.
وته‌بێژه‌كه‌ی به‌ره‌ی توركمانی عیراق راشیگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ هێشتا عه‌قڵییه‌تی دیكتاتۆری له‌عیراق ماوه‌و پێویسته‌ عیراق له‌و جۆره‌ عه‌قڵییه‌تانه‌ رزگار بكرێت.، هیچ كه‌سێك له‌عیراق ناتوانێت به‌بڕیاری تاك لایه‌نه‌ شه‌ڕ له‌دژی پێكهاته‌یه‌ك له‌پێكهاته‌كان هه‌ڵبگرسێنێت، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه‌ كه‌ له‌هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقن و ده‌بێت هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ كۆببنه‌وه‌ ئینجا بتوانن بڕیارێكی له‌و جۆره‌ ده‌ربكه‌ن.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كێشه‌ی كه‌ركوك به‌ناردنی هێز چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكو باشترین رێگاچاره‌ پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی كه‌ركوكه‌ كه‌ وه‌ك لیستی توركمان له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك داوامانكردوه‌ دروستبكرێ