نوسینگه‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار: بارزانی‌ و مالیكی‌ رێككه‌وتن

12/13/2012

نووسینگه‌ی‌ سه‌رۆك كۆمار، ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 13ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م) به‌یاننامه‌یه‌كی ده‌ركرد‌و تیایدا ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، هه‌وڵه‌كانی‌ سه‌رۆك كۆمار و جێگره‌كه‌ی‌، به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌قامگیری ئاسایش‌و رێگه‌گرتن له‌ تێكدانی‌ یه‌كریزی نیشتمانی‌، رێكه‌وتنێكی‌ لێوه‌به‌رهات و تیایدا سه‌رۆك وه‌زیران‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێم رێككه‌وتن له‌سه‌ر راگرتنی‌ هه‌موو هه‌ڵمه‌تێكی‌ راگه‌یاندن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی گرژی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ئاڵۆزی‌ بارودۆخه‌كه‌.
له‌سه‌ره‌تای‌ به‌یاننامه‌كه‌دا، هاتووه‌: “له‌ په‌رۆشی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار بۆ پاراستن سه‌قامگیری ئاسایش رێگه‌گرتن له‌هه‌ر تێكچوونێك له‌ یه‌كڕیزی نیشتمانی‌، هه‌روه‌ها له‌ پێناو به‌دیهێنانی‌ دۆخێكی‌ برایانه‌ هاریكاری‌ له‌ نێوان رۆڵه‌كانی‌ نیشتمان، فه‌خامه‌تی‌ سه‌رۆك كۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی‌، به‌هاوكاری‌ له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ی‌ د. خوزه‌یر خزاعی‌ به‌م دواییانه‌، هه‌وڵێكی‌ زۆریاندا‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كاندا به‌ست، به‌ری‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ش رێكه‌وتنێكی‌ لێكه‌وته‌وه‌ به‌ پشتگیری ده‌وڵه‌تی‌ سه‌رۆك وه‌زیران، نوری‌ مالیكی فه‌خامه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، مه‌سعود بارزانی‌، كه‌به‌پێی رێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌موو هه‌ڵه‌مه‌تێكی‌ راگه‌یاندن كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی گرژی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ئاڵۆزی بارودۆخه‌كه‌، رابگیرێت.
له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست خه‌ندان كه‌وتووه‌، جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ رێكه‌وتن كرا له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و هونه‌رییه‌كه‌، به‌ ئامانجی‌ پێكهێنانی‌ چه‌ند گروپێك له‌ هاوڵاتیانی دانیشتووی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌رێژه‌ی‌ یه‌كسان له‌ نێوان هه‌رسێ نه‌ته‌وه‌كه‌، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ ئاسایشی ناوچه‌كانی‌ خۆیان:”دوای‌ ئه‌وه‌ش ده‌ستده‌كرێت به‌كشانه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ جووڵه‌یان پێكراوه‌”.