ھەڵوێستی ی.ن.ک لەبارەی کشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان ‌

سەبارەت بەبڕیاری خۆکێشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، رای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان پرسی و وتەبێژی مەکتەبی سیاسی بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە:
چونکە چەند رۆژێک بوو بزووتنەوەی ناوبراو ھەڕەشەی کشانەوەی دەکرد، بۆیە ئەمە رووداوێکی چاوەڕوانکراو بوو، ھەڵوێستی یەکێتی-ش ئەو ھەڵوێستە دەبێت کەئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەداھاتوودا وەریدەگرێت.
وتەبێژی مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک وتیشی کەیەکێتی ھاودەنگ لەگەڵ لایەنەکانی تری ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانییەکان و ھاوپەیمانیی کوردستان، بەھەمان ئاست و ئەندازەی جارانەوە پەرۆشی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکانیەتی لەبەغداو بەحەساسییەتێکی زۆرەوە دەڕوانێتە ھەر کارو ھەڵوێست و سیاسەتێک، کەئەو یەکڕیزییە کەلێنی تێبکەوێت، با ئەو کەلێنە زۆر بچووکیش بێت.