داعش و كوردو ئیماره‌تی ئیسلامی

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ك رێزگرتنێك له‌ هاتنی جه‌ژنی قوربان هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌رۆژانی جه‌ژنی قورباندا یه‌كلایه‌نه‌ ئاگربه‌ستی راگه‌یاند، كه‌چی هێزه‌ توندڕه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان3261219102013_3 كه‌ دژبه‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ هێرش پابه‌ندنه‌بوون به‌ ئاگربه‌سه‌كه‌وه‌، بۆیه‌ شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل و گروپه‌ چه‌كداره‌ جیهادییه‌كانی سه‌ربه‌ به‌ره‌ی نوسره‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام، كه‌ به‌ناوه‌ كورتكراوه‌كه‌یه‌وه‌ (داعش) ناسراوه‌، به‌رده‌وامه‌و له‌كاتێكدا له‌ ٢٢/٩دا ئه‌و گروپه‌ ئیسلامییه‌ جیهادییه‌ چه‌كدارانه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئیعزازدا گرتبوو، ئێستا به‌هۆی به‌رگریی ئازایانه‌ی شه‌ڕڤانه‌كانی سه‌ربه‌ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ئه‌و ناوچانه‌ له‌چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كان پاككراونه‌ته‌وه‌و به‌پێی راگه‌یاندنێكی یه‌كینه‌كانی گه‌ل نزیكه‌ی (٢٠٠) چه‌كداری توندڕه‌و له‌و ناوچانه‌دا كوژراون.

  هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام ئێستا هێرشكردنه‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردییه‌كانیان كردووه‌ به‌یه‌كێك له‌ئه‌ركه‌ (جیهاد)ییه‌كانی خۆیان و به‌رده‌وامی به‌و هێرشانه‌یان ده‌ده‌ن به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی بتوانن ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بگرن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م رێگه‌ بگرن له‌وه‌ی كه‌ كورد له‌ناوچه‌كانی خۆیاندا بتوانن درێژه‌ به‌خۆبه‌ڕێوه‌به‌راتیی خۆیان بده‌ن و ئه‌م خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گه‌شه‌ نه‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به‌قه‌واره‌یه‌كی سیاسی، هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ش بكه‌ن به‌به‌شێك له‌و ئیماره‌ته‌ ئیسلامییه‌ی كه‌ له‌هه‌وڵدان له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له‌و ناوچانه‌دا به‌هه‌مان شێوازی ئیماره‌تی ئیسلامیی تالیبان دروستی بكه‌ن.

 هه‌ڵبه‌ت چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان كه‌ سه‌ربه‌ به‌ره‌ی نوسره‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام (داعش)ن به‌م هێرشانه‌یان بۆ سه‌ر ناوچه‌ كوردییه‌كان خزمه‌تێكی گه‌وره‌ به‌ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت چاودێرانی سیاسی پێیانوایه‌ ئه‌وان ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌جیاتی سوپای ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كه‌ن. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ ئه‌م هێرشانه‌ به‌بێ هاریكاری (ته‌نسیق) له‌نێوان توركیاو ئه‌میری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام (داعش) كه‌ به‌ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ناسراوه‌و ناوی خۆی ئیبراهیم عه‌وواد ئیبراهیمه‌ ئه‌نجام نادرێن. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هه‌ریه‌ك له‌به‌ره‌ی نوسره‌و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام هه‌موو هاوكارییه‌كی لۆجستی و پڕچه‌ككردنیان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ ده‌كرێت ئه‌مه‌ش وه‌ك ركابه‌رییه‌ك له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سعودییه‌ كه‌ هاوكاریی لۆجستی و پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی سه‌ربه‌ سوپای ئازادی سوریاو ئه‌و هێزه‌ ئیسلامییه‌ چه‌كدارانه‌ش ده‌كات كه‌ له‌ژێر هه‌ژموونی به‌ره‌ی نوسره‌و داعشدا نین.

  ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق هه‌مان ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌بو موسعه‌بی زه‌رقاوی له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حوسه‌ین له‌ ساڵی (٢٠٠٣)دا له‌عیراق دایمه‌زراند و ساڵی (٢٠٠٦) ئه‌بو به‌كر به‌غدادی له‌كۆی ئه‌ندامان و چه‌كدارانی (٢٦) گروپی جیهادیی ئیسلامیی توندڕه‌و سه‌رله‌نوێ په‌یكه‌ربه‌ندییه‌كی نوێی بۆ كرده‌وه‌ له‌ژێر ناوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌عیراق و شام (داعش) كه‌ له‌باری ئێستادا ده‌یه‌وێ هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر هێڵێكی ستراتیجیدا بسه‌پێنێ كه‌ له‌رۆژئاوه‌ له‌ ریفی لازقییه‌وه‌ له‌ناو سوریاوه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌ر سنوری عیراق له‌رۆژهه‌ڵاتی سوریاوه‌ تا ده‌گاته‌ ناوچه‌كانی ئه‌نبار له‌ رۆژئاوای عیراق.

 داعش بۆ دروستكردنی ئیماره‌ته‌ ئیسلامییه‌كه‌ی پێویستی نه‌ك هه‌ر به‌له‌ناوبردنی هێزه‌ كوردییه‌كانی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌شدایه‌ كه‌ ئه‌و هێزه‌ ئیسلامییه‌ چه‌كدارانه‌ش كه‌ سه‌ربه‌ به‌ره‌ی نوسره‌و داعش نین له‌ناویان ببات. له‌و پێناوه‌دا ئه‌میری هێزه‌كانی داعش له‌ناوچه‌ی ئیعزاز ئه‌بو عه‌بدولڕه‌حمان كوێتی مۆڵه‌تی (٤٨) كاتژمێری دابوو به‌ چه‌كداره‌كانی لیوای عاسیفه‌ی شیمال، كه‌ هێزێكی ئیسلامین و چه‌كداره‌كانیان به‌نزیكه‌ی (١٠٠٠) چه‌كدار ده‌خه‌مڵێنرێت، تا چه‌كه‌كانیان دابنێن و تۆبه‌ی خۆیان رابگه‌یه‌نن ئه‌گینا رووداوێكی گه‌وره‌یان به‌سه‌ردێنن. به‌رله‌ ته‌واوبوونی مۆڵه‌ته‌كه‌ (٤٠) چه‌كداری سه‌ربه‌ لیوای عاسیفه‌ی شیمال ملیان بۆ داواكه‌ی ئه‌میری داعش له‌ئیعزاز شۆڕكرد و تۆبه‌یان راگه‌یاند، كه‌ سه‌ره‌ڕای راگه‌یاندنی تۆبه‌ش كه‌چی ژنه‌كانی هه‌ندێك له‌و چه‌كدارانه‌ وه‌ك ده‌سكه‌وتی جه‌نگ له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانی داعشه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا.

 ئێستا ململانێیه‌كی به‌هێز له‌نێوان تورركیاو سعودیه‌ هه‌یه‌ كه‌ گه‌لانی سوریا ده‌بێ باجه‌كه‌ی بده‌ن. سعودییه‌ له‌هه‌وڵی یه‌كخستنی (٥٠) گروپی چه‌كداریی ئیسلامیدایه‌ له‌ژێر ناوی (سوپای ئیسلام)دا بۆ ركابه‌ریكردنی هێزه‌كانی داعش كه‌ له‌هه‌ڵكشان و به‌هێزتربووندایه‌و به‌نیازه‌ له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئیماره‌تی ئیسلامی رابگه‌یه‌نێ.‌

حه‌سه‌ن یاسین