شۆكی یه‌كێتی دوای هه‌ڵبژاردن

له‌هه‌ڕه‌شه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌فه‌ت

ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، نیگه‌رانی زۆری تا ئه‌ندازه‌ی شۆك لای یه‌كێتییه‌كان دروستكرد. له‌گه‌ڵ خۆشیدا دنیایه‌ك قسه‌و باس و ره‌خنه‌ی نه‌رم و توند، هه‌ڵسه‌نگێندراوو ناهه‌ڵسه‌نگێنراوی له‌ هه‌موو ئاسته‌كانی یه‌كێتیدا هێنایه‌ ئاراوه‌، كه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌و ره‌نگه‌ به‌مزووانه‌ش هێور نه‌بێته‌وه‌.30361214102013_104021682013_20317275201  13_12
ئه‌وه‌ی روویدا، به‌ده‌ر له‌ مشت ومڕی ناولێنان، له‌ دایك بووی 21 ی ئه‌یلول نیه‌، به‌ڵكو كه‌ڵه‌كه‌بووی ساڵانێكی دوورو درێژه‌، به‌ واتایه‌كی دیكه‌ ئه‌وه‌ی روویدا كه‌ ئێستا بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر یه‌كێتی، هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌ڵه‌كه‌بووی چه‌ندین ساڵه‌، كه‌ دوا هه‌ڵبژاردن هه‌موو فاكته‌ره‌كانی ته‌قینه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی ره‌خساند.
ئه‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین كه‌ ئێستا یه‌كێتی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ دایه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ئاسانیش نیه‌ تا گوێی پێ نه‌ده‌ین و پێمان وابێ رۆژگار خۆی چاره‌سه‌ری ئه‌كا. دان نه‌نان به‌وه‌ی كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئارادایه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ خۆی له‌خۆیدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره‌ بۆ سه‌ر یه‌كێتی، بۆیه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ راستن كه‌ دان به‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌دا ئه‌نێن و لێی ئه‌ترسن و داوای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕشه‌كه‌ ئه‌كه‌ن.
به‌هه‌بوونی هه‌ڕه‌شه‌كه‌، رێگای دروست ئه‌وه‌یه‌ بیر له‌هه‌موو ئه‌و كارانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ ئه‌گۆڕن به‌ ده‌ره‌فه‌ت. ئه‌و كارانه‌ چین؟ ره‌نگه‌ لای هه‌ر یه‌كێتیێك كارێك بكه‌وێته‌ ریزبه‌ندی یه‌كه‌م، هه‌ر یه‌كێك رێ وشوێنێك به‌ كرداری ده‌ره‌فه‌تساز بزانێ، من بۆخۆم دڵنیام هه‌موو ئه‌و بیرۆكه‌و رێوشوێن و كارانه‌ خه‌رمانێك له‌ بیرۆكه‌ی جدی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێك ئه‌هێنن، به‌ڵام چ نه‌خشه‌ رێگایه‌ك ئه‌بێته‌ نه‌خشه‌ رێی كارساز، ئه‌وه‌یان گرنگه‌.
ئێمه‌ كۆنگره‌مان له‌به‌رده‌مه‌، ئه‌بێ له‌و كۆنگره‌یه‌دا یه‌كێتی نوێ بكه‌ینه‌وه‌، نوێكردنه‌وه‌ به‌ مانای نوێكردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وو پرۆگرام و سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌، به‌ مانای گۆڕینی بنه‌ڕه‌تی شێواز و میكانیزمه‌كانی كاركردنی یه‌كێتی وه‌ك حزب، به‌ مانای ئه‌وه‌ی یه‌كێتی پێناسه‌ بكه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی كه‌ حزبی كادیره‌كان و ئه‌ندامانی نه‌بێ به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو حزبی ده‌نگده‌ران بێت، حزبێك بێت فاكته‌ری كه‌مه‌ندكێش كردنی چین و توێژه‌كانی هه‌بێ، به‌ تایبه‌ت نه‌وه‌ی نوێ، كه‌ دیدو دنیابینی و گوتاریان بۆ حزبایه‌تی به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا یه‌كێتی هه‌یه‌تی ناجۆره‌و یه‌ك ناگرێته‌وه‌، ئه‌بێ نوێبوونه‌وه‌ یه‌كێتی بكاته‌ حزبێك فاكته‌ره‌كانی هه‌ڵسانه‌وه‌ی خۆی دابین بكا. به‌ڵام به‌ر له‌هه‌موو شتێك ئه‌بێ فاكته‌ره‌كانی كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو و بێ گه‌رد دابین بكه‌ین به‌ جۆرێك كه‌هیچ یه‌كێك له‌و گومان و گله‌یی و ره‌خنانه‌ نه‌یگرێته‌وه‌ كه‌ رووبه‌ڕووی كۆنگره‌ی سێیه‌م بوونه‌وه‌.
له‌وه‌ش گرنگتر بۆ گۆڕینی هه‌ڕه‌شه‌ به‌ ده‌ره‌فه‌ت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ نه‌یه‌ڵین، نه‌ پێش كۆنگره‌و نه‌ له‌ كۆنگره‌شدا، رتوشكردنه‌وه‌ ببێته‌ ئاراسته‌ی زاڵ و جێی نوێبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی بگرێته‌وه‌، كه‌ من دڵنیام و پێشم وایه‌ زۆرینه‌ی یه‌كێتییه‌كان ئاراسته‌ی رتوشكردنه‌وه‌ ره‌ت ئه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌وه‌ی رتوش كردنه‌وه‌ خۆی ئه‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناك و ئه‌بێته‌ فاكته‌ری پاشه‌كشه‌ پێكردنی زۆرتری یه‌كێتی.

ئازاد جندیانی