ماده‌یه‌كی(بودجه‌ی 2014)ی عیراق، دژی هه‌رێمه‌ ‌

 

سبه‌ی (نوێنه‌ران) یاسای هه‌ڵبژاردن یه‌كلاییده‌كاته‌وه‌؟
په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئه‌وه‌ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌(ماده‌یه‌كی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2014ی عیراق دژی هه‌رێمی كوردستانه‌)، بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران كۆببێته‌وه‌و به‌پێی لێدوانی په‌رله‌مانتاران (له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌كرێت).bagdad2110
په‌رله‌مانتار دلێر عه‌بدولقادر به‌كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی‌ 2014 ی عیراق وێنه‌یه‌كی‌ له‌وه‌زاره‌تی‌ داراییه‌وه‌ ده‌رچووه‌و ماده‌یه‌كی‌ تێدایه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كورددا نییه‌و پێویسته‌ كار بۆ لابردنی‌ بكرێت، وتیشی: وه‌ك فراكسیۆنی‌ هاوپه‌یمانیی‌ كوردستان  دژی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ ده‌وه‌ستینه‌وه‌و كار بۆ لابردنی‌ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار قاسم محه‌مه‌د پێی راگه‌یاندین: (له‌ناو پڕۆژه‌ یاساكه‌دا ماده‌یه‌ك دانراوه‌ كه‌ بۆ هه‌رێم مه‌رجی سزاداره‌، ئه‌وكاته‌ی له‌ناو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌  وه‌زیره‌ كورده‌كان تێبینیان له‌سه‌ری هه‌بووه‌).
سه‌رۆكایه‌تیی (نوێنه‌ران) و فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بنه‌وه‌
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌، په‌رله‌مانتار فاتح داراغایی رایگه‌یاند: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ ده‌كرێت و بڕیاره‌ به‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌مه‌به‌ستی گه‌یشتن به‌ڕێككه‌وتنێك له‌سه‌ر یاساكه‌، سه‌رۆكایه‌تیی‌ نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كاندا كۆببێته‌وه‌، وتیشی: ئه‌گه‌ر تا 30/10 فراكسیۆنه‌كان رێكنه‌كه‌ون، ئه‌وا بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو كار به‌یاسای‌ ساڵی 2010 ده‌كرێت كه‌ فره‌ بازنه‌ییه‌، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌(په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای هه‌ڵبژاردن به‌بێ كورد كارێكی‌ باش نابێت و پێویسته‌ یاساكه‌ به‌ڕه‌زامه‌ندیی‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌موار بكرێته‌وه‌)، هه‌روه‌ها گرنگترین خاڵه‌ ناكۆكه‌كانی‌ له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ روونكرده‌وه‌ كه‌بریتین له‌:(چۆنیه‌تی‌ دابه‌شكردنی‌ كورسییه‌كان و  هه‌ڵبژاردن به‌یه‌ك بازنه‌ یان فره‌ بازنه‌یی، ته‌مه‌نی‌  په‌رله‌مانتار چه‌ند بێت و بڕوانامه‌كه‌ی‌ چی‌ بێت، میكانیزم  و واده‌ی بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن چۆن بێت؟)، په‌رله‌مانتار ئاڵا تاڵه‌بانی‌-ش ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌(ئه‌گه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ سبه‌ینێدا داواكاری‌ كورد پشتگوێ بخرێت، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كورد بایكۆتی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران بكات).
نوجێفی: هه‌ڵبژاردن له‌واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت
پەیوه‌ست به‌هه‌ڵبژاردنی داهاتووی نوێنه‌رانه‌وه‌، ئوسامه‌ نوجێفی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌(هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دواناخرێت و له‌واده‌ی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و یاسای هه‌ڵبژاردنیش له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی داهاتوودا په‌سه‌ندده‌كرێت).