حكومەتی توركیا: زۆرتر لەگرێبەستێكمان لەگەڵ هەرێم ئیمزاكردووە

هەرێمی كوردستان زۆرتر لە گرێبەستێك-ی لەگەڵ كۆمپانیای دەوڵەتیی وزەی توركیا ئیمزا كردووە، لەوبارەیەوە، سەرچاوەیەك لە حكومەتی توركیا بە (رووداو)ی راگەیاندووە: لەئەنجامی كۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان‌و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیاو وەفدی یاوەریان، 5 گرێبەست ئیمزا كراون‌و رێككەوتنێكی دیكەش بەجیا كراوە.

بەپێی لێدوانی سەرچاوەكە، هەریەكە لە وەفدی كوردستان‌و وەفدی توركیا پێكهاتوون لەسەرئەوەی كە ئەو پارەیەی بەهۆی هەناردەكردنی نەوت‌و غازی سرووشتی هەرێمی كوردستانەوە وەكو داهات دەست دەكەوێت، بخرێتە سەر حیسابێك كە بەبێ رەزامەندی بەغداو هەولێرو ئەنقەرە، هیچ پارەیەكی لێ نەیەتە دەرەوە.

سەرچاوەیەكە، وتیشی: هیچ لایەك ناتوانێت بەتەنیا پارە لەو حیسابە بانكییە دەربهێنێت‌و ئیمزای هەرسێ لایەنی دەوێت.

گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیای وزەی توركی Turkish Energy Company  ئیمزا كراون، كە كۆمپانیایەكی سەر بە دەوڵەتی توركیایەو یەكێكە لە شەریكەكانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل-ی ئەمریكی، كە ئەویش لە كەرتی وزەی كوردستاندا وەبەرهێنانی كردووە. بەپێی ئەو گرێبەستانەش جگە لە هەناردەكردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا، لە 12 كێڵگەی تازەشدا لە كوردستان دەست دەكرێت بە گەڕان بۆ دۆزینەوەی نەوت‌و گاز.

بڕیاروایە لە رۆژانی داهاتوودا نەوتی كوردستان بۆ یەكەمجار لەڕێگەی بۆرییەكەوە كە راستەوخۆ لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی كوردستاندایە، لەڕێگەی توركیاوە بگاتە بازاڕەكانی جیهان. ئەو بۆرییە دەبێتە تەواوكەری هێڵێكی دیكەی گواستنەوە، كە لە شاری كەركووك-ی باشووری كوردستانەوە نەوت دەگوازێتەوە بۆ بەندەری جەیهان-ی توركیا.

بەپێی زانیارییەكان، لە قۆناغی یەكەمی هەناردەكردنی نەوت بە بۆرییە كوردییەكەدا، رۆژانە 700 هەزار بەرمیل هەناردە دەكرێت‌و دواتر ئەو بڕە زیاد دەكرێت بۆ یەك ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.

دوایین داتاكانی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە لە وزە دەریدەخەن كە دەوڵەتی توركیا سێیەم وڵاتی جیهانە كە زۆرترین پێویستی بە غازی سرووشتی هەیە، بەشێك لەو پێویستییەش ئێستا لە رووسیا دەكڕدرێت‌و بە نرخێكی گران لەسەر توركیا دەوەستێت.

سەرچاوەكەی حكومەتی توركیا، ئاشكراكرد: دوای ئیمزاكردنی گرێبەستەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیا لە بواری وزەدا، كەرتی پیشەسازیی توركیا هەناسەیەكی دڵنیایی هەڵدەكێشێت‌و دڵنیایە لەوەی كە لەمەودوا لە هەرێمی كوردستانەوە غازی سرووشتیی بە نرخی هەرزانتر دەستدەكەوێت.

دەربارەی ئاگاداریی بەغدا لەو رێككەوتنە، تانەر یڵدز، وەزیری وزەی توركیا، رایگەیاندووە: حكومەتی عیراق لەو نەوتەی لەڕێگەی بۆری نێوان هەرێمی كوردستان‌و توركیاوە دەگوازرێتەوە ئاگادار دەكرێتەوەو میكانیزمێكی هاوبەشی بۆ دادەنێن.

بەڵام حسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری وزە، لە راگەیەندراوێكدا هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی بەبێ رەزامەندی بەغدا رەتكردەوەو، وتی: “ئەمە پێشێلكردنی سەروەریی عیراقەو نابێ بێدەنگی لێبكرێت”.

هەروەها رۆژی 2013/11/28، جێن ساكی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبارەی رێككەوتنەكەی نێوان هەولێرو ئەنقەرە روونكردەوەو، رایگەیاند: “ئەمریكا پشتیوانی لە هەناردەكردنی نەوتی هیچ بەشێكی عێراق ناكات، ئەگەر بێت‌و رەزامەندی حكومەتی ناوەندی عیراقی لەسەر نەبێت”.

PUKmedia