شوانی: داوامان كردووە كورد یەك لیست بێت لەكەركوك

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایدەگەیەنێت: وەك یەكێتی داوامان كردووە كە كورد بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بكات‌و، لەوبارەیەشەوە هەڵوێستێكی ئیجابی لایەنەكان هەیە.

خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە PUKmedia ی راگەیاند: هەوڵەكان بۆیەك لیستی لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی كوردی شاری كەركوك بەشێوەی نارەسمی دەستی پێكردووەو بەهیوای ئەوەی ئەنجامی باشی هەبێت.

وتیشی: لەپێناوی یەكڕیزی‌و نەفەوتانی دەنگەكانی كورد لە كەركوك، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری لەوچەشنەی داوە.

سەبارەت بە دواین وادە بۆ تۆماركردنی هاوپەیمانی نێوان قەوارەكان، شوانی، وتی: رۆژی 2013/12/5، دواین وادەی هاوپەیمانێتی قەوارە سیاسیەكانی عیراقە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان حزب‌و پێكهاتەكان.

راشیگەیاند: دوای ئەو رێككەوتە حزبەكان ناتوانن هاوپەیمانێتی دروست بكەن، چونكە بەپێی رێنمایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئەوە وەك دواین وادە دیاریكراوەو دوای ئەو وادەیەش قەوارەكان تەنها بۆی هەیە بەتەنها بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.

PUKmedia عوسمان ئەبوبەكرو سەفین ئەحمەد – سلێمانی