مه‌لا به‌ختیار: رۆژنامه‌نووسان لێپرسراوێتی نیشتمانیان له‌ئه‌ستۆدایه‌

مه‌لا به‌ختیار، رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ماس میدیا، له‌یه‌ككاتدا و  چه‌واشه‌ كارانه‌، هه‌واڵی راست و نارِاست، خۆشه‌ویستی و رق بڵاوده‌كاته‌وه‌و هه‌ستی تاك ده‌وروژێنن.

ئه‌مرِۆ 30-11-2013 مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێرِی، له‌ئۆفیسی تایبه‌تی خۆی، له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌سلێمانی، له‌گه‌ڵ لیستی سه‌وزی یه‌كێتیی، له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان كۆبۆوه‌.

له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، ئه‌ندامانی لیستی سه‌وز، له‌ئه‌نجومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسان و سكرتێر و ئه‌ندامانی لقه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ خستنه‌رِووی سه‌رنج و تێبینییه‌كانیان و ئه‌و له‌مپه‌رانه‌ی رووبه‌رِوویان ده‌بێته‌وه‌، ئاماژه‌یان به‌و پرۆژه‌و به‌رنامانه‌ كرد، كه‌ به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی زیاتری رۆژنامه‌نووسان و كاری میدیایی له‌كوردستان پێشكه‌شیان كردووه‌.

له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، مه‌لا به‌ختیار، دوابه‌دوای گوێگرتن له‌سه‌رنج و پێشنیازه‌كان، دۆخی كاری میدیایی و رۆڵی رۆژنامه‌نوسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی و له‌ئێستای گۆرِانكارییه‌كانی ناوخۆو ناوچه‌كه‌ هه‌ڵسه‌نگاند و له‌چوارچێوه‌شیدا، به‌تێرِامان له‌قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسیی كه‌ ئێستا كوردستانی پێدا تێپه‌رِده‌بێت، ته‌ئكیدی له‌ئیتكیی كاری رۆژنامه‌وانی و میدیای ده‌ربه‌ست كرده‌وه‌و جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌یه‌ك گۆشه‌نیگاوه‌، له‌رِووداوه‌كان برِوانین و له‌گۆمی لێڵدا مه‌له‌ بكرێت.

له‌ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا، دوابه‌دوای شرۆڤه‌كردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ی له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ خرانه‌رِوو، مه‌لا به‌ختیار، به‌وردی خوێندنه‌وه‌ی بۆ كۆی پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد و له‌و روانگه‌یه‌شه‌وه‌، كاریگه‌رییه‌كانی ماس میدیا و پێگه‌و رۆڵی تاك-ی تاوتوێكردو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد كه‌ له‌ئێستادا هێنده‌ی ماس میدیا رۆڵده‌بینێت و كاریگه‌ری هه‌یه‌، ئاژانسه‌كان و میدیای ره‌سمی و داموده‌زگاكان، به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متر ده‌توانن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵ هه‌بێت، چونكه‌ ماس میدیا، له‌یه‌ككاتدا و  چه‌واشه‌ كارانه‌، هه‌واڵی راست و نارِاست، خۆشه‌ویستی و رق بڵاوده‌كاته‌وه‌و هه‌ستی تاك ده‌وروژێنن.
له‌و دیده‌شه‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ هێزه‌ پۆپۆلیستیی و چه‌واشه‌كاره‌كان، به‌هۆی ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له‌رِۆژهه‌ڵات، له‌عیراق و له‌كوردستانیشدا هه‌یه‌، به‌ به‌رده‌وامی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان، نه‌رێنییانه‌ سود له‌كۆی بارودۆخه‌كه‌ وه‌ربگرن، چونكه‌ ئه‌و هێزانه‌ كار له‌سه‌ر سایكۆلۆجییه‌ت ده‌كه‌ن، نه‌ك له‌سه‌ر ئایدۆلۆجییه‌ت، هه‌روه‌ك نمونه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی هێنایه‌وه‌ له‌میسرو تونس و كوردستانیش.
هه‌روه‌ك رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ئێستادا به‌هۆی قۆناغه‌كه‌وه‌، كه‌ قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسییه‌، چینه‌كان، كۆمه‌ڵ، سیستم، ئیداره‌، تاك، خێزان، ده‌ستورو یاسا، هه‌موویان پێكه‌وه‌ ئارام نابن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌كێشمه‌كێشێكی زۆردا تێپه‌رِده‌بن، بۆیه‌ ئێستا مه‌یدانه‌كه‌، بۆته‌ مه‌یدانی رۆژنامه‌نووسان و كۆی بارودۆخه‌و هه‌لومه‌رجه‌كه‌ش پێویستی به‌لێكۆڵینه‌وه‌و لێوردبوونه‌وه‌ و به‌دواداچوون هه‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات، لێپرسراوێتیی گه‌وره‌و گرنگ، لێپرسراوێتی نیشتمانی، نه‌ته‌وه‌یی، دیموكراسی و كۆمه‌ڵایه‌تیتان بكه‌وێته‌ ئه‌ستۆو وتیشی: پێویسته‌ ئێوه‌ی رۆژنامه‌نووسان،  پرسیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان له‌خۆتان بكه‌ن و له‌و دیده‌شه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ ته‌ته‌ڵه‌ بكه‌ن و خۆتان به‌شته‌ لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ مه‌كه‌ن.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌، سه‌ره‌رِای ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستا له‌ئارادایه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌چه‌ند ساڵی داهاتوودا، بارودۆخه‌كه‌ گۆرِانی بنه‌رِه‌تی به‌سه‌ردادێت و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆجی كۆمه‌ڵ به‌ره‌و ئارامبوونه‌وه‌ ده‌چێت و حه‌قیقه‌ته‌كان وه‌ك خۆیان روونده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌تا ژیانی ئابوری و یاسایی خه‌ڵك جێگیر ببێن، دیاره‌، له‌هه‌مانكاتدا، دوو دڵی و رارایی سیاسیش كه‌مده‌بێته‌وه‌.
هه‌روه‌ك له‌پێناو خزمه‌تكردنی زیاتری كاری میدیایی و رۆژنامه‌نووسان له‌كوردستان، مه‌لا به‌ختیار، له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، له‌گه‌ڵ لیستی سه‌وزی یه‌كێتیی، له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نوسانی كوردستان، چه‌ندین راسپارده‌و پێشنیازی ئاراسته‌كردن و ته‌ئكیدیشی كرده‌وه‌، كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌و پێناوه‌شدا، وه‌ك هه‌میشه‌ پشتیوان و هاوكاریان ده‌بێت.

PUKmedia   راگه‌یاندنی هه‌ڤاڵ لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێرِی