د. به‌رهه‌م له‌گه‌ڵ كادرانی راگه‌یاندن: كۆنگره‌ بۆ یه‌كێتی چاره‌نوسسازه‌

د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ لێپرسراو و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و ژماره‌یه‌ك له‌ كادرانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی كۆبۆوه‌.

ئه‌مڕۆ 30-11 له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ شاری سلێمانی د.به‌رهه‌م ساڵح به‌ ئاماده‌بونی ئازاد جندیانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، لێپرسراوی مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی ی.ن.ك له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و ژماره‌یه‌ك له‌ كادرانی راگه‌یاندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوه‌.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا د. به‌رهه‌م ساڵح به‌وردی باسی پرسه‌ سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆی كوردستان و روداو و پێشهاته‌كان و رۆڵی میدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ئاڕاسته‌كردنی رووداوه‌كان و دۆخی ناوخۆی یه‌كێتیی و خۆئاماده‌كردن بۆ كۆنگره‌ی داهاتوو، كرد.

سه‌ره‌تاش د. به‌رهه‌م  بایه‌خی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و رۆڵیان له‌ ئاڕاسته‌كردنی سیاسه‌تی یه‌كێتی روونكرده‌وه‌،  به‌تایبه‌ت  له‌و ئه‌ركه‌ گرنگه‌ی له‌سه‌رشانیانه‌ له‌پشتیوانیكردن له‌ یه‌كێتی و ئاینده‌ی حزبه‌كه‌یان، وتیشی، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌ن كادری به‌تواناو دڵسۆزی راگه‌یاندنه‌و رۆڵیان له‌ خزمه‌تكردنی یه‌كێتیی و به‌رز راگرتنی سه‌روه‌رییه‌كانی یه‌كێتیی دا هه‌یه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی یه‌كێتیی له‌م قۆناغه‌دا د. به‌رهه‌م ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌ن پێگه‌و مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیه‌تی و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر گۆرانكارییه‌كانی كوردستان.

وتیشی ئه‌ركی ئێستای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دانانی به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی چاكسازی  ئیداری و سیاسی و ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و پشتیوانیكردنه‌ له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی یه‌ك ریزی نیشتیمانی و ئارامبونه‌وه‌ی دۆخی سیاسی كوردستان و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌ .

سه‌باره‌ت به‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی داهاتوی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان د. به‌رهه‌م وتی: كۆنگره‌ بۆ یه‌كێتیی چاره‌نوسسازه‌ پرسه‌ گرنگه‌كان له‌وێ تاوتوێده‌كرێت و بڕیاری له‌باره‌وه‌ ده‌ده‌رێت.

وتیشی، بۆ ئه‌وه‌ی كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتوبێت، ده‌بێت شه‌رعی بێت و ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی ئه‌ندامانی ره‌سه‌نی یه‌كێتیی بێت و ده‌بێت  كادران و ئه‌ندامانی یه‌كێتیی پڕۆژه‌و پێشنیاریان هه‌بێت بۆ سه‌رخستنی كۆنگره‌.

د. به‌رهه‌م رایگه‌یاند: به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و یه‌كێتیی له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی یه‌كڕیزی نیشتمانیدایه‌، به‌جۆرێك كه‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی ریشه‌یی و یه‌كخستنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومرانی له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی بێت و پێگه‌و سه‌نگی یه‌كێتیی له‌ حكومڕانیدا جێگیربێت و هاریكاری و پێكه‌وه‌كاركردنی هێزه‌ سیاسیه‌كان و ئارامی كوردستان زامنی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونه‌كه‌و دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانه‌.

پاشان كادرانی مه‌كته‌بی راگه‌یاندن راو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر دۆخی سیاسی كوردستان و ناوخۆی یه‌كێتی و چۆنێتی په‌ره‌پێدانی كه‌ناڵه‌كانی میدیای یه‌كێتی خسته‌ڕوو.

PUKmedia