كۆسره‌ت ره‌سوڵ: له‌گه‌شه‌سه‌ندنی سلێمانیدا یه‌كێتی پشكی شێری هه‌بووه‌

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ30-11-2013، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی و به‌سه‌ركردنه‌وه‌، سه‌ردانی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی كرد، له‌لایه‌ن له‌تیف شێخ عومه‌ر لێپرسراوی مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ پێشوازی لی كرا.

له‌ دانیشتنێكدا سه‌ره‌تا جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی ده‌ست به‌كاربونی له‌ لێپرسراوی نوێی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی كرد و وتی: پێویسته‌ به‌گیانی له‌ خۆبوردوانه‌وه‌ هه‌نگاوی باش و جددی بنێن بۆ به‌ره‌وپێش بردنی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌تان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا له‌م سنوره‌دا.

هه‌روه‌ها كۆسره‌ت ره‌سوڵ تیشكی خسته‌ سه‌ر ته‌واوی رووداو و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی له‌ سلێمانی به‌رجه‌سته‌ بون و ده‌بن، له‌نێویاندا پرسی كاری رێكخستن و رێكخراوه‌یی له‌نێو جه‌ماوه‌ری (ی.ن.ك) دا.

له‌درێژه‌ی وته‌كانیدا جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد پێویسته‌ ده‌ست له‌ناوده‌ست هه‌موو لایه‌كمان بگه‌ڕێینه‌وه‌ ناو خه‌ڵك و دڵی كادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆمان ئاشت بكه‌ینه‌وه‌ و كاری پێویست بۆ به‌ره‌و پێش چونی ئه‌دای یه‌كێتی بكه‌ینه‌وه‌ به‌شێوازێكی سه‌رده‌میانه‌، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ راستیه‌ك هه‌یه‌ كه‌س ناتوانی خۆی لی لابدات له‌بونیادنان و گه‌شه‌سه‌ندنی شاری سلێمانیدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خزمه‌تكارانه‌ پشكی شێری هه‌بووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و وتی: ته‌واوی تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌گه‌ڕ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ ئاست متمانه‌ی ئێوه‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی و خه‌ڵكی شاری سلێمانیدابین، هه‌روه‌ها وتی:وه‌ك به‌ڵێنمان داوه‌ به‌بی جیاوازی ئایدۆلۆژیا و ده‌نگ و ره‌نگی جیاواز وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی شاری سلێمانیدا ده‌بین.

له‌ كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی خواست له‌ كاره‌كانیدا و پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی پیشاندا.