فازڵ میرانی: غیابی مام جه‌لال بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌

فازڵ میرانی هه‌موو ده‌نگۆیه‌كی تایبه‌ت به‌ كۆتایی هاتنی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتی و پارتیی ره‌تده‌كاته‌وه‌ و له‌ هه‌مانكاتدا رۆڵی مام جه‌لالی وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌رزنرخاند.

له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقلئه‌وسه‌ت، فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند: هه‌موو ده‌نگۆیه‌ك به‌ كۆتایی هاتنی رێككه‌وتنی ستراتیژیی نێوان یه‌كێتی و پارتی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی رێككه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

وتیشی: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ ئێستا پێویسته‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی هه‌رێمی كوردستان خۆی له‌ ره‌وشێكی باشتر له‌ئێستا ده‌بینێته‌وه‌، ده‌بێت به‌رده‌وام بێت.

فازڵ میرانی سه‌باره‌ت به‌ غیابی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌رله‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا رایگه‌یاند: غیابی سه‌رۆك كۆماری عیراق، بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی بۆ عیراق و هه‌رێم و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌تایبه‌ت دروستكردووه‌.

هه‌روه‌ها سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ر بۆ كورد و هه‌ر بۆ پشكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌.

فازڵ میرانی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا، داوای له‌ نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا كرد كه‌ هه‌رگیز سازش له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ مافێكی نه‌ته‌وه‌یی میللـه‌ته‌كه‌مانه‌.

سه‌رچاوه‌ / شه‌رقلئه‌وست
PUKmedia