باخچەلی: نەوت سەری توركیا دەخوات

سەرۆكی پارتی‌ بزوتنەوەی نەتەوە پەرستی‌ توركیا بەتوندی ڕەخنەی لە ئیدارەدانی پارتی‌ دادو گەشەپێدان گرت و بەوە تۆمەتباری كرد هەموو بەهاكانی توركیای كردۆتە قوربانی نەوت و غاز.

دەوڵەت باخچەلی لە كۆبونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند: پەكەكە و پەیەدە بە هاوبەشی لە ناوەندی كۆبانی، لە رۆژئاوا لە عەفرین و لە رۆژهەڵاتیش لە قامیشلۆ، ئامادەكارییان كردووە بۆ پێكهێنانی‌ ئیدارەیەكی‌ سەربەخۆ، حكومەتی داد و گەشەپێدانیش بێدەنگ تەماشای ئەو رووداوانە دەكات.

باخچەلی رەخنەی‌ توندی‌ ئاڕاستەی‌ پارتی‌ داد و گەشەپێدان كرد و رایگەیاند، لە ئێستادا توركیا لەناوچەكەدا بەسوك سەیردەكرێ ‌‌و كەس لێی ناترسێ‌ و سڵی لێناكاتەوە و بۆتە وڵاتێك پرسی پێناكرێ.

وتیشی‌: توركیا لەهەر چوار لاوە بە خیانەت دەورەی‌ دراوە، لە كۆتایی سنورەكەمان پەكەكە خەریكی دامەزراندنی دەوڵەتە لەژێر ناوی كوردستان، سەرۆك وەزیران و حكوومەتەكەشی لە خەمی رێككەوتنی نەوت و غازی سروشتی دایە لەگەڵ بارزانی.

سەرۆكی مەهەپە، باسی‌ لەوەشكرد، هاوسەنگی وزە كە لەسەر خوێن دروستكراوە، لە ئێستاوە ئاشكرایە كە سەری توركیا دەخوات، راستیەكەش ئەوەیە لەژێر ناوی نەوت خەریكە هەویری كوردستان هەڵدێت ‌و رەوایەتی بەدەستدێنێت