هەموو شتێك دەربارەی كردەوە تیرۆرستیەكەی كەركوك

دوای زیاتر لە 8 سەعات رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنیەكانی كەركەك‌و تیرۆرستان، دواجار بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخەكە هێزێكی تایبەتی دژە تیرۆرو هێزەكانی ئۆپەراسیۆن‌و عەمەلیاتی سلێمانی، چوونە كەركوك‌و دوای رووبەڕووبوونەوەیەكی زۆر سەرەنجام لە سەعات 12 ی شەوی 4 لەسەر 2013/12/5، توانرا بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت‌و تیرۆرستانیش بگەیەنرێت بە سزای رەوای خۆیان.

كەركوك.. دوای چەند رۆژێك ئارامی، بەڵام دوێنێ 2013/12/4، دەستی رەشی تیرۆرستان گەیشتەوە بەو شارەو سەرەتا لە رێگەی تەقاندنەوەی دوو ئۆتۆمبێلی رێژكراو و دواتر هێرشێكی خۆكوژیان كردە سەر بینای دەزگای هەواڵگری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی.

لەبارەی ئەو رووداوەشەوە، سەرچاوەیەك  لەپۆلیسی كەركوك بە PUKmedia ی راگەیاند: پەلامارەكە لەرێگەی كردەوەی خۆكوژی‌و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراوەوە ئەنجامدراوەو مەرامی تیرۆریستان كۆنترۆڵكردنی دەزگای هەواڵگری كەركوك بووە.

دوای بێ هیوا بوونی تیرۆرستان لە كۆنتڕۆڵكردنی بینای دەزگای هەواڵگری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عیراق، شەمشەمەكوێرەكانی دژ بە رووناكی‌و ئاوەدانی، چوونە ناو مۆڵێكی ئەو شارە بە ناوی (جەواهر) لەوێش چەند كەسێكیان بە بارمتە گرت.

بەڵام لەگەڵ گەیشتنی هێزەكانی دژە تیرۆر، هەر زوو توانیان 11 كەس لەو بارمتانە رزگار بكەن.

لەبارەی كۆی رووداوەكە، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: هێزێكی تایبەتی دژە تیرۆر بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ئەمنی كەركوك لەسەر داوای پارێزگاری ئەو شارە چوونەتە كەركوك‌و رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەتەوە.

دوو لەو تیرۆرستانەی كە بەشدارییان كرد لەو هێرشە بۆ سەر كەركوك، بە رەچەڵەك كورد دەرچوون كە یەكێكیان خەڵكی هەڵەبجەیە، بەڵام دواتر لە رووبەڕووبوونەوەكاندا كوژران.

لای خۆشیەوە، حاكم فەرهاد سەرۆكی داواكاری گشتی سلێمانی، رایگەیاند: یەكێك لەو تیرۆریستانەی  لەپێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی كەركوك كوژرا پێش 3 مانگ لە دادگای سلێمانی لەگەڵ چەند تیرۆرستێكی تر دۆسێیان هەبووەو هەروەها ئەو تیرۆریستە فەرمانی دەستگیركردنیشی هەبووە بەپێی یاسای تیرۆر.

وتیشی: “ئەو گەنجە خەڵكی هەڵەبجەیە”.

حاكم فەرهاد، رایگەیاند: پێشتر ئەو كەسانەی روویان لە سوریا كردووە لە دادگا دۆسێیان بۆكراوەتەوە بەوپێیەی هەر كەسێك پەیوەندی بە گرووپێكی تیرۆریستییەوە بكات بەتاوانی تیرۆر لە قەڵەم دەدرێت‌و بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن ئاسایشەوە زانیاریمان لەسەر ئەو كەسانە پێدراوە.

دواجار، بارودۆخی ئەمنی كەركوك لەلایەن كوڕانی دژە تیرۆرو هێزەكانی ئۆپەراسیۆن‌و عەمەلیاتی سلێمانی، كۆنتڕۆڵكرا.

لەوبارەیەشەوە، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: پوچەڵكردنەوەی بۆمبە چێندراوەكانی نهۆمی دووەمی جەواهر مۆڵ لەلایەن پسپۆرانی دژە تیرۆرەوە دوو سەعاتی خایەندووەو، هەڵمەتی كۆنتڕۆڵكردنی جەواهر مۆڵ-یش بەبێ هیچ زیانێكی هێزەكانی دژە تیرۆر كۆتایی هاتووە.

وتیشی: هەموو بارمتە گیراوەكان بە سەلامەتی لەلایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە رزگاركران تەنها یەكێكیان لە لایەن تیرۆرستانەوە بریندار كرا.

لاهور شێخ جەنگی، راشیگەیاند: دژە تیرۆر یەكێك لە تیرۆرستەكانی كوشت‌و یەكێكی تریشیان لە یەكێك لە نهۆمەكانی جەواهر مۆڵ-دا خۆی تەقاندووەتەوەو ئەوەش بووەی هۆی  ئاگر كەوتنەوە.

PUKmedia تایبەت