كۆبوونەوەی یەكێتی‌و پارتی بەدەركردنی پێنج خاڵ كۆتایی هات

كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان
لە درێژەی كۆبوونەوە هاوبەشەكان، ئەمڕۆ 2013/12/5، هەردوو لیژنەی تایبەت بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەو ئەم بابەت‌و تەوەرانەی خوارەوە گفتوگۆكران‌و بڕیاری تایبەتیان لەبارەوەدرا:

یەكەم: پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان دەستكەوتی گەورەیان بۆ گەلی كوردستان بەدیهێناوە، راگرتن‌و پابەندبوونی هەردوولا بەم هاوپەیمانێتیە بۆ پتەوكردنی حكومەتی هەرێم‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان‌و برەودان بەبەرنامەی چاكسازی‌و گەشەپێدان بە رەچاوكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 21/9/2013، لە ئەولەویەتی كارەكاندابێت.

دووەم: یەكێتی‌و پارتی، پشتیوانی پێكهێنانی حكومەتی یەكڕیزی نیشتمانی دەكەن لەپێناو زامنكردنی ئارامی‌و ئاسایشی هەرێم‌و گەشەپێدانی حكومڕانی كوردستان بەشێوازێكی سەردەمیانە.

سێیەم: كۆبوونەوە، هەوڵ‌و كۆبوونەوەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسی كوردستان بۆ زەمینە خۆشكردنی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم‌و، بۆ رەچاوكردنی پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردستانی‌و تەبایی‌و یەكتر قبوڵكردن، بەرزدەنرخێنێت.

چوارەم: سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراقی، لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كۆبوونەوە، هەماهەنگی‌و یەكهەڵوێستی‌و یەك لیستی بەپێویست دەزانێت لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، بۆیە كۆبوونەوە جەخت لە پێكهێنانی لیستێك لە هەموو لایەنە كوردستانییەكان دەكاتەوە.

پێنجەم: سەبارەت بە رووداوەكەی دوێنێی شاری كەركوك، كۆبوونەوە ئیدانەی ئەو كارە تیرۆرستیانە دەكات‌و دەستخۆشی و پاڵپشتی لە هێزە ئەمنییەكانی شاری كەركوك كرد بۆ رووبەڕووبوونەوەو پۆچەڵكردنەوەی بەرنامەو پیلانە گوڵاوەكانی دوژمنان، لە هەمانكاتدا پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری شەهیدانی ئەو رووداوە دەكات‌و هیوای زووچاكبوونەوەو تەمەندرێژی بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

ئەمانەو، كۆبوونەوە بڕیاریدا كۆبوونەوە هاوبەشەكان بەردەوامدەبن.

لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی                                     لیژنەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان                                           یەكێتی نیشتمانی كوردستان