قه‌ڵای هه‌ولێر به‌ ره‌سمی له‌ فه‌رهه‌نگی كلتورییه‌ جیهانییه‌كان وه‌رگیرا

لیژنه‌ی كلتووره‌ جیهانییه‌كانی سه‌ر به‌ رێكخراوی یۆنسكۆ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی به‌ وه‌رگرتنی قه‌ڵای هه‌ولێر له‌ فه‌رهه‌نگی كلتووره‌ جیهانییه‌كانی سه‌ربه‌و رێكخراوه‌.

شه‌ممه‌ 21-6-2014  نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند كه‌ به‌ره‌سمی له‌ دۆحه‌ی پایته‌ختی وڵاتی قه‌ته‌ر لیژنه‌ی كلتووره‌ جیهانییه‌كانی سه‌ر به‌ رێكخراوی یۆنسكۆ ره‌زامه‌ندی ده‌بڕی و داواكه‌ی قبوڵكردین بۆ ناساندنی قه‌ڵای هه‌ولێر وه‌ك یه‌كێك له‌شاكاره‌ مرۆییه‌كانی دونیا، له‌ ئێستادا به‌ره‌سمی و به‌شێوه‌ی هه‌میشه‌یی قه‌ڵای هه‌ولێر خرایه‌ فه‌رهه‌نگی كلتووره‌ جیهانییه‌كانه‌وه‌.

وتیشی: چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای بوژاندنه‌وه‌ی قه‌ڵاش ده‌كه‌ین له‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌ی داهاتوودا تاكو ورده‌كارییه‌كانی ته‌كنیكی و فه‌رهه‌نگیی ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان روون بكه‌ینه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان و به‌تایبه‌تیش جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی هه‌ولێر ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مێژووییه‌ كه‌ بۆیه‌كه‌مجاره‌ له‌سایه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی خۆمان شوێنه‌وارو كلتوورێكمان له‌سه‌ر ئاستی دونیا وه‌كو شاكارێكی مرۆیی بناسرێت و قه‌ڵای هه‌ولێری دێرین وه‌كو شاكارێكی مرۆیی ببێته‌ جێگه‌ی بایه‌خی توێژه‌رو زاناو شوێنه‌وارناسان و گه‌شتیارانی دونیا، هه‌ولێریش به‌م نازناوه‌ مێژووییه‌ ده‌سكه‌وتێكی هه‌ره‌ گرنگی گه‌شتیاری و شوێنه‌وارناسی و فه‌رهه‌نگیی له‌سه‌ر ئاستی دونیا به‌ده‌ستدێنێت و تاجی شایسته‌یی له‌سه‌ر ئاستی دونیا له‌ ته‌ك میدالیاو نازناوی پایته‌ختی گه‌شتیاری له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌ب بۆ ساڵی 2014  له‌سه‌ر ده‌نێت